وەزیری بەرگری ئەمریکا، مارك ئێسپهر، دووشەممە (6 کانونی دووەم) رەتیکردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بکێشنەوە، دوای ئەوەی نامەی جەنهراڵێکی ئەمریکی بۆ حکومەتی عێراق باسی لەوە دەکرد سەربازەکان ئامادەکاریدەکەن بۆ بهجێهێشتنی عێراق "وهك رێزگرتنێك لە سهروهری"ی وڵاتەکە.
وەزیری بەرگری، رۆژێک دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق لە بەرژەوەندی فەرمانی دەرکردنی سوپای ئەمریکا دەنگیدا، وتی: "هیچ بڕیارێک لەئارادا نییە بۆ بەجێهێشتنی عێراق... هیچ بڕیارێك نەدراوە بۆ بەجێهێشتنی عێراق. نوکتە سەری دێڕ."
ئێسپەر وتیشی: "نامەکە لەگەڵ ئەو دۆخەی ئێستا ئێمەی تێداین، یەکناگرێتەوە."
نامە فەرمییەکەی ئهفسهری ئەمریکی، عەمید ویلیام سیلی، لە فەرماندەیی گشتی هێزی ئهركی عێراق، دەریخست کە هێزەکانی ئەمریکا خۆیان بۆ رۆیشتن ئامادەدەکەن.
بەڵام فەرماندەی هێزە سەربازییەکانی سوپای ئەمریکا، جەنەراڵ مارک مایلی وتی نامەکە تەنها "رەشنووس" بووە و نەدەبوو بنێردرێت.
وتی نامەکە "وشهسازییەکی لاواز"ی هەبووە و لەڕاستیدا مەبەستی بووە دەریبخات ئەمریکا سەربازەکانی لەنێوان بنکەکانیدا دهگوێزێتەوە، نهك کشانەوە.
مایلی بە پەیامنێرانی وت: "هەڵە بوو، هەڵەیەکی راستگۆیانە، نامەیەکی واژۆنەکراوی رەشنووس، چونکە ئێمە جێگۆڕکێ بە هێزەکانمان دەکەین."