حکومەتی خۆجێی نەینەوا بەمدواییانە پلانێکی بەگەڕخست بۆ خێراترکردنی بنیاتنانەوەی قەزای شەنگال له پارێزگاکە.
پارێزگاری نەینەوا نەجم جەبوری پلانەکەی راگەیاند لەکاتی کۆبوونەوەیەکی 14 کانونی یەکەمدا لەگەڵ شاندێکی قەزاکە و نوێنەرانی شەنگال.
وتی بەگوێرهی ئەم پلانە، "بەشێکی گەورەی پارەی تەرخانکراو بۆ نەینەوا بۆ بنیاتنانەوە و نۆژەنکردنەوەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ژێرخانی قەزاکە تەرخاندەکرێت".
وتیشی لە ساڵی داهاتوودا، حکومەتی خۆجێی پلانی ههیه بۆ بنیاتنانی چەند باڵەخانەیەکی نوێی نیشتەجێبوون و "دروستکردنی دۆخێكی گونجاو بۆ راکێشانی وەبەرهێنەران و زیندووکردنەوەی ئابوری، بە هاریکاریی خەڵکی ناوچەکە".
![ئێزیدییەك کە لە داعش هەڵاتووە پارەی باربوو وەردەگرێت لە حکومەتی عێراق لە 29 حوزەیران. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچی عێراق]](/cnmi_di/images/2020/01/02/21673-Iraq-Yazidi-survivor-600_384.jpg)
ئێزیدییەك کە لە داعش هەڵاتووە پارەی باربوو وەردەگرێت لە حکومەتی عێراق لە 29 حوزەیران. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچی عێراق]
دۆخی خراپی ژیان
چالاکی بنیاتنانەوە لە شەنگال نابینرێت، سەرەڕای باشتربوونی ئاسایش دوای چوار ساڵ لە دەرکردنی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).
قائیمقامی شەنگال فەهد حامید بە دیارونای وت هێشتا دیمەنی وێرانکاری لە ناوەندی قەزاکە و دەرەوەی ئاشکرایە، بەجۆرێك زۆربەی بینا حکومییەکان و خانووەکان هێشتا داروپەردوون.
وتی: "دەناڵێنین بەدەست کورتهێنانی تووندی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەك کارەبا و ئاو و تەندروستییهوه."
وتی نزیکەی 10 دەزگای حکومی، لەنێویاندا دادگا و وێستگەی ئاگرکوژێنەرەوە، له شوێنی دیکەی قەزاکە كاردهكهن لەکاتێکدا چاوەڕێی ئەوەن بیناکانیان بنیاتبنرێنەوە.
وتی دەربارەی پەروەردەش، تەنیا یەك خوێندنگەی بنەڕەتی هەیە لە ناوەندی قەزاکە كه زیاد لە 2,000 خوێندکاری لهخۆگرتووه.
وتیشی لەبەر نەبوونیی کارمەند، بیست مامۆستا بەبێ موچە کاردەکەن.
حامید هیوای خواست پلانە نوێکە یارمەتی خێراترکردنی گەشەپێدان بدات لە قەزاکە و دۆخی خراپی دانیشتوانهكهی باشتربکات، کە رووبەڕووی دۆخێکی سەختی ئابوری دەبنەوە "چونکە دەرفەتی کار تاڕادەیەك بوونی نییە".
وتی: "هەموو کێشەکانمان بۆ پارێزگار باسکردووە و پشتڕاستیکردەوە کە حکومەتی خۆجێی سوورە لەسەر بەخێرایی گەڕاندنەوەی ژیان بۆ قەزاکە."
"گەشبینین بەوەی داهاتوو بۆمان دەهێنێت."
شەنگال پێویستی بە پشتیوانییە
بەڕێوبەری یەکەی کارگێڕی له باکوری شەنگال خەدیدا جۆکی وتی لەبەر وێرانکاریی بەرفراوان، تەنیا ژمارەیەکی کەم لە ئاوارەکان گەڕاونەتەوە.
وتی لەم چەند ساڵەی دواییدا، 4,500 خێزان گەڕاونەتەوە بۆ ناوەندی قەزای شەنگال و نزیکەی 15,000 خێزان بۆ بەشەکانی دیکەی قەزاکە.
نزیکەی 300,000 کەس هێشتا لە کەمپەکانی ئاوارەدان لە هەرێمی کوردستان و نزیکەی 2,300 خێزان لە کەمپی سەردەشتی لە دامێنی چیای شەنگالن.
جۆکی وتی لهدوای داگیرکاریی داعشهوه، پێنج نشینگە -- قەحتانیە، جەزیرە، عەدنانیە، تەل قەسەب و تەل بەنات -- بە چۆلی ماونەتەوە.
ئۆپەراسیۆنەکانی بنیاتنانەوە لە قەزاکە تائێستا سیستمەکانی ئاوی خواردنەوە و قیرتاوکردنی هەندێك جادەیان تێدابووە، لەکاتێکدا پرۆژەکانی دیکەی خزمەتگوزاری و بنیاتنانەوەی خانووەکان هێشتا لە هەوڵەکانی بنیاتنانەوەدا جێیان نەکراوەتەوە.
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، خەدیدا حەمۆ، کە ئێزیدییە، وتی حکومەتی عێراق لە نیسانی 2016 شەنگالی وەك ناوچەی کارەساتبار ناساند.
بە دیارونای وت شەنگال ئەزمونی "کارەساتێکی مرۆیی بێوێنەی کرد لەسەر دەستی باندەکانی داعش" و داوای لە کاربەدەستان کرد تەرکیز بخەنە سەر قەزاکە.
وتیشی قەزاکە پێویستیی زۆری بە پشتیوانی نیشتمانی و نێودەوڵەتی هەیە تا بنیاتنانەوە خێرابکات و وابکات خەڵکە ئاوارەکەی بگەڕێنەوە.
حەمۆ وتی: "پشتیوانی له هەر پلانێك دەکەین کە دواجار ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بە چەرمەسەریی خەڵك و پێشکەوتن بۆ قەزاکە بەدەستبهێنێت."