یەکێتی ئەوروپا یەکشەممە (29 کانونی یەکەم) داوای لە رژێمی سوریا و هاوپەیمانانی کرد هێرشە سەربازییە "هەڕەمەکییەکان" بوەستێنن بۆسەر مەدەنیەکان لە باکوری خۆرئاوای وڵات، کە لەوێ چڕبوونەوەی بۆمبارانهكانی سوریا و روسیادەیان هەزار کەسیان ئاوارەکردووە.
مەدەنیەکان لەم چەند هەفتەیەی رابردوودا بە شەپۆل لەو ناوچانەی ئیدلیب دەڕۆنە دەرەوە تا هەڵبێن لەدەست هێرشەکان بۆسەر کەنارهكانی باشوری ئەو ناوچەیەی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن.
یەکێتی ئەوروپا لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن وتەبێژێكی وەزیری دەرەوەی ئەوروپا جۆزێف بۆرێڵەوە بڵاوکرایەوە رایگهیاند: "دەبێت کۆتایی بە برەوسەندنی توندوتیژیی بهێنرێت لە باکوری خۆرئاوای سوریا لەلایەن رژێمی سوریا و هاوپەیمانانیەوە."
بهگوێرهی بەیاننامەکە هێرشە ئاسمانی و تۆپبارانەکان بوونەتە هۆی "مەرگی چەندین مەدەنی".
بەیاننامەکە رایگهیاند: "هەموو لایەنەکان بەرپرسیارن لە پاراستنی مەدەنیەکان. رژێم و هاوپەیمانانی دەبێت هێرشە سەربازییە هەڕەمەکییەکان بوەستێنن و رێز لە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی بگرن."
لە ناوەندی کانونی یەکەمەوە تووندوتیژی برەوی سەندووە سەرەڕای ئاگربەستێك له مانگی ئابدا و داواکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ هێورکردنەوە.
زیاد لە 235,000 کەس لەو ناوچەیە هەڵاتوون لەنێوان 12 و 25 کانونی یەکەمدا، زۆربهیان لە شاری مەعەرەت نوعمانەوە، بەگوێرەی نوسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتوەکان.
داواکاری بۆ 'رێگەدان بە کۆمەکی مرۆیی بێ بەربەست'
یەکێتی ئەوروپا داوای رێگەدانی دەستبەجێی کۆمەکی مرۆیی کرد بۆ سێ ملیۆن مەدەنی کە لە پارێزگای ئیدلیب دەژین.
ددانی نا بەوەدا كه "گروپە تیرۆریستیەکان" لە ناوچەكه چالاكن، بەڵام جەختیکردەوە لەوەی شەڕکردن دژی ئەم تۆڕانە "نابێت رێگه بهوه بدات یاسا مرۆییه نێودەوڵەتییهكان پشتگوێبخرێن یان مەدەنیەکان بكرێنه ئامانج".
ههرێمی ئیدلیب لەلایەن تەحریر شامەوە کۆنترۆڵکراوە، کە هاوپەیمانێتییەکی تووندڕەوە.
دانیشتوانی پارێزگاکە زیاتر پشت بەو کۆمەکه دەبەستن كه له سنوورهكانهوه دێت و تووشی بەربەست بووه لە کانونی یەکەمهوه دوای ئەوەی روسیا و چین ڤیتۆی بڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکانیان کرد کە گواستنەوەی ئەو کۆمەکانەی بۆ ساڵێك درێژدەکردەوە.
هەنگاوەکە ترسی ئەوەی زیادکرد کە لە کانونی دووەمەوە دەکرێت کۆمەکی دابینکراوی نەتەوە یەکگرتوەکان نهتوانێت بچێته ناو ئیدلیب، گەر رێکەوتنێکی جێگرەوە نەکرێت.
رژێمی سوریا، کە لەئێستادا کۆنترۆڵی لهسهدا 70 سوریای کردووە، چەندجار بەڵینی گرتنەوەی ئەو ههرێمهی داوە.
بەپشتیوانیی روسیا، رژێم لە نیساندا دەستیکرد بە هێرشێکی كوتوپڕ و خێرا دژی ئیدلیب و نزیکەی 1,000 مەدەنی کوشت و زیاد لە 400,000 کەسی ئاوارەکرد.