توڕەیی لە نفوزی ئێران و داواکارییە جەماوەرییەکان بۆ چاکسازی لە عێراق هانی بزووتنەوەیەکی خۆپیشاندانی داوە دەستبکەن بە هەڵمەتێکی ئامانجدار و بایکۆتکردنی شمەکە ئێرانیەکان و برەودان بە بەرهەمی نیشتمانی.
داواکاریی عێراقیەکان بۆ ئهو شمەکانهی لە ناوخۆدا بەرهەمدێن زیادیکردووە وەك وەڵامێك بۆ ئەو هەڵمەتانەی چەند هەفتەیەك لەمەوبەر لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەگەڕخران.
هەڵمەتەکان هانی خەڵك دەدەن ئهو شمەکانه بکڕن كه لە ناوخۆدا بەرهەمدێن بە ئامانجی بووژانهوه و گەشەپێدانی پیشەسازییە نیشتمانییەکان.
دیارترینی ئەو هەڵمەتانە دروشمی "با بۆگەن بکەن" بەکاردەهێنێت و تێیدا خۆپیشاندەران بایکۆتی هەمووشتێكی ئێرانی دەکەن -- لە میوەوە تا خواردنەوە شیرینهكان.
ئەبو ئەحمەد کە دانیشتوویەکی بەغدایە و داوایکرد ناوی راستەقینەی خۆی بەکارنەهێنرێت، وتی "پشتیوانە بۆ بایکۆتکردنی ئەو شمەکانەی لە ئێرانەوە هاوردەکراون".
بە دیارونای وت کڕینی ئەم بەرهەمانە مانای "پشتیوانی ئابورییە بۆ رژێمی ئێران، کە رێگەدەدات بە بەردەوامی دەستێوەردان بكات لە کاروبارماندا".
وتیشی: "وڵاتەکەمان نابێت وەك سییەکانی ئەو رژێمە کاربکات، کە بەکاریدەهێنێت بۆ هەناسەدان و زیندوومانەوەی تا بەردەوامبێت لە نفوزە نەرێنییەکانی به بەکارهێنانی داهاتەکانی کە دەیچنێتەوە لەسەر حسابی ئابوورییەکەمان."
'لە عێراق دروستکراوە'
دانیشتوانی دیکەش دژی کرانەوەی بازاڕی عێراق بوون بۆ شمەکە هاوردەکراوەکان بەبێ یاسای تووند کە بەرهەمی پیشەسازیی نیشتمانی بپارێزێت.
دانیشتوویهكی بەغدا، زەهرا موحسین بە دیارونای وت: "هەمووشتێك هاوردەدەکەین، جا لە ئێرانەوە بێت یان وڵاتانی دیکە و زۆربەی ئەوەی هاوردەی دەکەین لە عێراق بەردەەستە بە هەمان نرخ و بە کوالیتی بەرز."
ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی کە برەو بە بەرهەم و پیشەسازییە نیشتمانیەکان دەدەن بەشێوەیەکی بەرفراوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاودەکرێنەوە.
هاوکات، بازاڕی گەڕۆك لە مەیدانەکانی خۆپیشاندان شمەکی "لە عێراق دروستکراو" پێشکەشدەکەن بە كڕیاران.
هاوڵاتی فیراس عەدنان وتی بەهیوایە "لە عێراق دروستکراوە" لەسەر هەموو ئەو شمەکانە ببینێت کە دەیکڕێت.
بە دیارونای وت ئابوری ناتوانێت بەهێزبێت بەبێ پیشەسازییەکی هەمەجۆر و گەشەکردوو.
فالح زوبەیدی کە وانەی ئابوری دەڵێتەوە لە کۆلێژی کارگێڕیی زانکۆی موستەنسریە، وتی 20 ساڵ لەمەوبەر ئەو بەرهەمانەی نانەوتی بوون لهسهدا 16 داهاتی ساڵانەی دەوڵەتیان پێکدەهێنا.
وتی ئەم رێژەیە "پهسهندکراوە بەراورد بەوەی ئەمڕۆ روودەدات، کە بەتەواوی پشت بە داهاتی نەوت دەبەسترێت و هەناردەکردنی شمەکی دیکە فەرامۆشکراوە".
وتی عێراق یەدەگێکی هێجگار گەورە لە سامانی سروشتی و مرۆیی هەیە کە دەستیان لێنەدراوە و گرنگن بۆ بنیاتنانی بنکەیەکی پیشەسازیی پێشکەوتوو. "بەڵام دەبێت بە ویستێکی پۆڵایینەوە دەستبکەین بە چارەسەرکردنی کێشەی گەندەڵی و بیرۆکراسی."
وتیشی کەرتی پیشەسازی رۆڵیکی گرنگی هەیە لە "لەناوبردنی بێکاری لەنێو لاواندا"، کە رێژەکە گەیشتۆتە لهسهدا 21 بەگوێرەی راپۆرتە فەرمییەکان.
ئەمە جگە لە "باڵانسکردنی یەدەگی دراوە بیانیەکان و نۆژەنکردنەوەی کەرتەکانی دیکەش".
نۆژەنکردنەوەی کەرتی پیشەسازی
ئابوریناس ساڵح هەماش وتی هاوردە بۆ عێراق لە بەرزبوونەوەدایە، بەجۆرێك تەنیا لە ئێرانەوە 8 ملیار دۆلار لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا هاتووە و دەکرێت بگاتە 12 ملیار دۆلار لە کۆتایی ساڵدا.
وتی هەڵمەتەکان بۆ پشتیوانی پیشەسازیی نیشتمانی وایکردووە بەکارهێنەرە عێراقییەکان بایکۆتی شمەکە هاوردەکراوەکان بکەن، بەتایبەتی ئەوانەی لە ئێران و تورکیاوە دێن.
هەماش وتی شمەکە ئێرانی و تورکییەکان لە كۆگاكاندا کەڵەکەبوون، بەگوێرەی ئهو هاوردەکارانهی پشتڕاستیدەکەنەوە كه بە کاتێکی سەختدا تێپەڕدەبن و بۆیان نافرۆشرێن.
وتی بەڵام لەکاتێکدا ئەم هەڵمەتانە کاریگەریی ئاشکرایان هەیە، هێشتا "سنووردارن"، چونکە بەرهەمی نیشتمانی بەشی داواکارییەکان ناکات، بەتایبەتی لە شمەکی ناخۆراکییدا.
هەماش باسی لە گرنگی نۆژەنکردنەوەی نزیکەی 60,000 کارگە و شوێنی دروستکردنی شمەکی کرد لە عێراق.
وتی: "73 کۆمپانیا هەن هی وەزارەتی پیشەسازین و 6,000 کارگە لهخۆدهگرن."
وتیشی دوانزە لەم کۆمپانیانە قازانج ناكهن، بەگوێرەی راپۆرتێکی فەرمی کە ساڵی رابردوو بڵاوکرایەوە.
ههروهها وتی: "بەمدواییانە هیچ کارگەیەکی نوێ نەکراوەتەوە، بەڵام بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ کردنەوەی کارگە داخراوەکان."
هەماش وتی: "گەر پرۆژە پیشەسازییەکان بخرێنەوەگەڕ، دواتر هیچ پێویستییەك بە هاوردەکردنی هیچ شتێك نابێت."