هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

شاره‌زایان: هەوڵەکانی داعش بۆ خۆڕێکخستنەوە لە باکوری عێراق ناکامن

خالید تائی

یەکەکانی سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و پشکنین ئەنجامدەدەن و پاشماوەکانی داعش لە خۆرهەڵاتی پارێزگای دیالە دەکەنە ئامانج له‌ 18 کانونی یەکەم. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

یەکەکانی سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و پشکنین ئەنجامدەدەن و پاشماوەکانی داعش لە خۆرهەڵاتی پارێزگای دیالە دەکەنە ئامانج له‌ 18 کانونی یەکەم. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

چالاکیەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە پارێزگاکانی سه‌روو بەغدا روویان لە زیادبوون کردووە لەکاتێکدا گروپەکە دەیەوێت سەرنجی راگەیاندنەکان لە میانه‌ی خۆپیشاندانە بەردەوامەکانی وڵاتەکەدا بۆ خۆی رابکێشێت، شرۆڤەکاران و بەرپرسان بە دیارونایان وت.

وتیان سەرباری هێرشەكانی ئه‌مدواییه‌ی سەر هێزە ئەمنییەکان، گروپەکە ناتوانێت دەسەڵات بەدەستبهێنێتەوە یان خۆی رێکبخاتەوە.

دوو پۆلیس لە 15 کانونی یەکەم کوژران کاتێک چەکدارانی داعش تەقەیان لە ئۆتۆمبیلێکی پۆلیسی فیدراڵی کرد لە وادی زەیتوون لە باشوری گەڕەکی ریاز لە کەرکوک.

رۆژێک دواتر، پێنج سەرباز کوژران و پێنجی دیکەش برینداربوون لە ئاکامی هێرشێکی چەکداریدا لە خۆرهەڵاتی پارێزگای دیالە.

فەرماندە سەربازییه‌كانی عێراق سه‌رپه‌رشتیی ئۆپەراسیۆنه‌كانی گەڕان و پشکنین دەکەن کە پاشماوەکانی داعش لە پارێزگای دیالە دەکەنە ئامانج، له‌ 9 کانونی یەکەم. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

فەرماندە سەربازییه‌كانی عێراق سه‌رپه‌رشتیی ئۆپەراسیۆنه‌كانی گەڕان و پشکنین دەکەن کە پاشماوەکانی داعش لە پارێزگای دیالە دەکەنە ئامانج، له‌ 9 کانونی یەکەم. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

لە 12 کانونی یەکەمیشدا، هێرشێک هێزەکانی عێراقی کردە ئامانج لە بنکەیەکی سەربازی لە نزیک شاری سامەڕا و بووە هۆی کوشتنی حەوت ئەندامی هێزەکانی عێراق و بریندارکردنی سێ ئەندامی دیکە.

کاتژمێرێک دواتر، چوار ئەندامی هێزەکانی عێراق کوژران و چواری دیکە برینداربوون لە هێرشێکی دیکەدا، کە لەلایەن خۆکوژێکه‌وه‌ ئەنجامدرا کە ئۆتۆمبیلێکی لێخوڕی بۆناو بنکەیەکی سەربازی له‌ نزیک سامەڕا.

لە ئەنجامی ئەو هێرشانه‌دا، هێزە ئەمنییەکان هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر پاشماوەکانی داعش و حەشارگەکانیان وێرانكرد.

ئۆپەراسیۆنە ئەمنییە چڕەکان

شرۆڤەکاری سیاسی، سەرمەد بەیاتی بە دیارونای وت هێزە ئەمنییەکان "بەوریاییەوە وەڵامی دوایین هێرشەکانیان داوەتەوە کە لە چەندین هێرشی تیرۆریستیی جۆراوجۆر پێکدەهاتن".

وتی دوای کۆتاییهاتنی قۆناغی حەوتەمی هەڵمەتی سەربازیی 'ئیرادەی سەرکەوتن'، کە ئەنجامی گرنگی هەبوو، پاشماوەکانی داعش هێرشەکانیان بۆسەر خاڵەکانی پشکنین زیادکردووە له‌ هەوڵێکدا بۆ سوودوەرگرتن لە خراپیی کەشوهەوا.

ناوبراو وتی: "هێزەکانی عێراق بە ئەنجامدانی چەند ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی گەڕان و پشکنین وەڵامیان دایەوە" و هێزی دیکەیش نێردران بۆ پاڵپشتیكردن بۆ ئەو ناوچانەی رووداوە ئەمنییەکانیان لێ روودا.

له‌ 16 کانونی یەکەم پۆلیسی دیالە و هێزەکانی سوپا ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی سێ ڕۆژه‌یان ئەنجامدا لەژێر ناوی "لە تۆڵەی شەهیداندا"، بۆ دەستگیرکردنی پاشماوەکانی داعش و لەناوبردنی حەشارگەکانیان.

پۆلیسی فیدراڵی ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و پشکینینی ئەنجامدا لە باشوری خۆرئاوای کەرکوک و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەواش هەڵمەتێکی گەڕانی لە باشوری موسڵ دەستپێکرد.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرەش لە 19 کانونی یەکەم ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و پشکنینی دەستپێکرد لە وادی حوران و حوسەینییات لە باشوری قائیم لە خۆرئاوای ئەنبار بە هاوکاری خێڵە ناوخۆییەکان و پشتیوانی ئاسمانی هێزە ئاسمانییەکانی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

بەیاتی وتی چەکدارانی داعش سەرنجیان لەسەر ئەو ناوچانەیە کە لە حه‌زه‌ر و زنجیرە چیاکانی مه‌كحول و حەویجە و دورگەی سامەڕاوه‌ درێژدەبنەوە تا بەرزاییەکانی حەمرین و ناوچەکانی وه‌قف لە خۆرهەڵاتی دیالە و خۆرئاوای ئەنبار.

وتیشی: "سەرباری هەوڵە ئەمنییە چڕەکان لەو شوێنانە، بەشێك لە تیرۆریستەکان توانیویانە خۆیان لە هێزە ئەمنییەکان دەربازبکەن بە سوودوەرگرتن لە تۆپۆگرافیای ناوچەکە کە رێیانپێدەدات بەنهێنی بجوڵێنەوە و هێرشی کتوپڕ ئەنجامبدەن."

جەختیشی کردەوە کە به‌ڵام بە لاوازی دەمێننەوە و چالاکییەکانیان تەنها لە چوارچێوەی شەڕی پارتیزانیدا خۆی دەبینێتەوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ "راکێشانی چاوی راگەیاندن بۆ خۆیان بۆ ماوەیەکی کاتی له‌ڕێی کردەوەی تیرۆریستیی ترسنۆكانه‌وه‌".

داعش هه‌وڵده‌دات سوود لە خۆپیشاندانەکان وەربگرێت

شارەزایه‌كی بواری ئەمنی، جەلیل خەڵەف بە دیارونای وت داعش هیچ تاوانایەکی سەربازی و بەرگریکردنی نەماوە و دوایین ئۆپەراسیۆنەکانیشی "لاوازی و ترسنۆكییه‌كه‌ی دەسەلمێنن لەکاتێکدا تەنها توانای هێرشکردنی لە ناوچە دوورەدەستەکاندا و لەکاتی کەشوهەوای نالەباردا هەیە".

وتی: "تیرۆریستەکان پێیان وایە دەتوانن هێز و دەسەڵاتیان بەدەستبهێننەوە و ئەو ناوچانە کۆنترۆڵبکەنەوە کە چەند ساڵێک بەر لە ئێستا کردبوویان، بەڵام ئەوە تەنها خەیاڵه‌."

وتیشی: "ئەستەمە بتوانن هیچ پێشڕه‌وییه‌ك بەدەستبهێنن و هێرشەکانیانیشیان هیچ نین جگە لە کردەوەی ترسنۆكانه‌."

وتی دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی عێراقدایە و توانا و تایبەتمەندییان زیاترکردووە بەهۆی ئەو شەڕانەی پێشتر لەگەڵ داعشدا ئەنجامیانداوە.

هه‌روه‌ها وتی: "رێناده‌ن هیچ کەڵێنێك یان رووداوێکی ئەمنی رووبدات، کە داعش پشتی پێدەبەستێت لەژێر رۆشنایی ئەو خۆپیشاندانە بەردەوامانەی لە وڵاتەکە لەئارادان."

خەڵەف جەختی کردەوە له‌وه‌ی ئەو خۆپیشاندانانە "کاریگەرییان نەبووە لەسەر ئەدای دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان" و ئاماژەی کرد بۆ ئەوەی هێزە ئەمنییەکان بە بەردەوامی ئەرکەکانی خۆیان رادەپەڕێنن بۆ دەستگیرکردنی تیرۆریستان.

هاوکات، ئەندامی لیژنەی ئەمنی له‌ ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، عەبد سوڵتان عیسا جبوری داوای لە هێزە ئەمنییەکان کرد "لە ئامادەباشیدا بن و خۆیان ئامادەبکەن بۆ پووچەڵکردنەوەی پلانە تیرۆریستییەکان".

ناوبراو بە دیارونای وت چەکدارانی داعش زەبری کوشندەیان بەرکەوتووە بەڵام بەتەواوی بنبڕنەکراون، لەکاتێکدا هێشتا لەشێوەی گروپی بچووکدا بوونیان هەیە و جاروبار هێرش لە دژی هێزە ئەمنییەکان و مەدەنییەکان ئەنجامدەدەن.

وتی: "بۆ ئەوەی رێگری لەو هێرشانە بکرێت، پێویستە هێزەکانمان بەردەوامبن لە هێرشەکردنە سەر داعش و کردنە ئامانجی حەشارگەکانیان و لە ئامادەباشیدا بن بۆ هەر جموجۆڵ و چالاکییەکی تیرۆریستی."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500