سەرباری هەندێك نیگەرانی له جموجۆڵی رێکخراوی "دەوڵتی ئیسلامی" (داعش) لە چیاکانی مەکحول لە پارێزگای سەڵاحەدین، هەڵمەتە ئەمنییە بەردەوامەکان بەپشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، پاشماوەکانی گروپەکەیان خستۆتە ژێر قهڵهمڕهوی خۆیانهوه.
ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان دژی داعش رانهوهستان له زنجیرە چیاکانی مەکحول، تەنانەت دوای راگەیاندنی دوا سەرکەوتن بەسەر داعشدا لە عێراق.
دوا ئۆپەراسیۆنی لەو شێوەیە بەشێك بوو له قۆناغی حەوتەمی هەڵمەتی "ئیرادەی سەرکەوتن"، کە ناوچەیەکی جوگرافی ئاڵۆزی گرتەوە لەنێوان پارێزگاکانی دیالە و سەڵاحەدین و کەرکوكدا.
سەرۆكی شارەوانیی زاویە، محەمەد زەیدان وتی پاشماوەکانی داعش "هەندیك جار چالاکن و لێرە و لەوێ هێرشی تیرۆریستی ئەنجامدەدەن لە دەرەوەی مۆڵگەکانیان لە چیاکانی مەکحول".
وتی هەرچەندە رەوشی ئەمنی لە ناوچەی زاویە لە قهزای بێجی لە باکوری رۆژئاوای سەڵاحەدین جێگیرە، دانیشتوانەکە لە دڵەڕاوکێدا دەژین بەهۆی ئەگەری مەترسییەکانی جموجۆڵی داعشهوه لە چیاکانی مەکحول.
زاویە، کە بە سروشتە جوانەکەی و بەرهەمە کشتوکاڵییە زۆرەکەی ناسراوە، دوو کیلۆمەتر لە زنجیرە چیاکەوە دوورە.
زەیدان بە دیارونای وت ئهو هێزە ئەمنیانهی لە ناوچەکەن "بێ کەموکورتی کارەکانیان ئهنجامدهدهن و گورز لە گروپەکە دەدەن لە ئۆپەراسیۆنه سەربازییه یەك لە دوای یەكهكاندا".
وتیشی هەرچەندە زاویە خۆی نەکەوتۆتە بەر هیچ هێرشێك بەڵام بوونی داعش لە نزیکییەوە ترسی خستۆتە دڵی دانیشتوانەکەوە.
داعش ناگەڕێتەوە
فەرماندەی پۆلیسی سەڵاحەدین، لیوا قەندیل خەلیل وتی رەوشی ئەمنی جێگیرە لە هەموو شارەکانی پارێزگاکە و پاشماوەکانی داعش لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە راوەدوودەنرێن.
وتی پۆلیسی سەڵاحەدین، بەهاوئاهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سەڵاحەدین و فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان، ئۆپەراسیۆنی بەرفراوان و بەردەوام ئەنجامدەدەن بۆ دۆزینەوەی شانەکانی داعش لە رۆخی پارێزگاکە و لە ناوچە سنوورییەکانی نەینەوا لە باکور و ئەنبار لە رۆژئاوا.
بهڕێوبهری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سەڵاحەدین، عەمیید قاسم تەها وتی هێزە ئەمنییەکان تەواوی رەوشەکەیان لەژێر کۆنتڕۆڵدایە.
بە دیارونای وت: "دەستپێکردنی قۆناغی حەوتەمی هەڵمەتی 'ئیرادەی سەرکەوتن' تەنیا بۆ پتەوکردنی ئەو کۆنتڕۆڵە و دڵنیاکردنەوەی دانیشتوانەکە بوو لە هەموو سێکتەرهكانی ئۆپەراسیۆنەکهدا کە رەوشەکە ئارامبۆتەوە."
وتیشی"ئیرداەی سەرکەوتن" لەوەدا سەرکەوتوو بوو کە توانی ناوچە بەرفراوانەکانی بنار و دۆڵەکانی زنجیرە چیاکانی حەمرین و دەشتەکانی عەجیل وعەلاس پاکبکاتەوە لە تەقەمەنییە دەستکردەکان.
بەگوێرهی بەیاننامەیەكی 9 کانونی یەکەم لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانەوە، کە دەرئەنجامی دەسکەوتەکانی قۆناغی حەوتەمی هەڵمەتەکەی شیکردۆتهوه، هێزە ئەمنییەکان 18 تونێل و 20 پەناگەیان لەناوبرد کە شمەکی لۆجیستی و تەقەمەنی دەستکردیان تیادابوو.
تەها وتی: "بوونی پەناگەکان مانای ئەوە نییە داعش لەو ناوچانە بوونی هەیە. ئەوانە پەناگەی کۆنن و گروپەکە لە رابردوودا بەکاریهێناون و ئێمەش لەناومان بردوون تا بەکارنەهێنرێنەوە."