دەیان هەزار مەدەنی کە ئاوارەبوون لە ماڵەکانیان لەو ناوچانهی شەڕیان تێدایه لە ئیدلیب، رووبهڕووی کێشەی جددی دەبنەوە لەبەر بارانی بەخوڕ کە بۆتە هۆی لافاوی کتوپڕ لەو کەمپانەی کە پەنایان بۆ بردووە.
ئەوانەی جێی نیگەرانیی زۆرن ئەو کەمپە کاتیانەن كه لەم چەند هەفتەیەی رابردوودا دامەزرێندران لەلایەن مەدەنیەکانەوە کە ناچاربوون هەڵبێن کاتێك ناوچەکانیان رووبەڕووی هێرشی ئاسمانی و تۆپبارانی سەختی رژێمی سوریا و روسیا بوونەوە.
بارانی بەخوڕ بووە هۆی لافاوی کتوپڕ کە کەمپەکانی راماڵی و وایکرد خێمەکان بۆ ژیان نەشێن لهناو گۆماوێكدا لە قوڕاو، لهكاتێكدا رێگەکانیش وایان لێهات رۆیشتن پێیاندا مهحاڵ بێت و وایکرد خەڵکەکە لەنێو کەمپەکاندا گیربخۆن.
چالاكوانێكی ئیدلیب، موسهعهب عهساف وتی چالاکوانان لە باکوری سوریا وتوویانە نزیکەی 20 کەمپ، کە نزیکەی 300 خێزانیان تێدایە، بەشێوەیەکی تووند زیانی باراناو و لافاویان بەرکەوتووه.
وتیشی کەمپەکانی زیا-2 و کەفر نەبودە لەنێو ئەوانەدا بوون كه زۆرترین زیانیان بەرکەوت.
عهساف وتی ئەو خێزانانەی لەم کەمپانەدا ئاوارەبوون لە چەندین ناوچەی گوندنشینی باشوری ئیدلیب و باکوری حەمماوە هاتوون لە چەند هەفتەی رابردوودا بەهۆی هێرشە ئاسمانیە چڕەکانی رژێمی سوریا و روسیاوە.
وتیشی پەنایان بۆ کەمپە نافەرمییەکان برد کە خێرا بەپەلە دروستیانکردن بەبێ هیچ ئامادەکارییهكی وەك کۆنکرێت بۆ بناغەی خێمەکان یان سیستمی ئاوەڕۆ یان هەرجۆرێك لە گەرمکەرەوە هەبێت لەو شوێنانە.
ئەمەش بووە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، بەتایبەتی لەنێو منداڵاندا.
وتی دوایین رووماڵ کە لەلایەن چالاکوانانەوە ئەنجامدراوە دەریدەخات 1,153 کەمپی دامهزراو هەیە، كه شوێنی یەك ملیۆن خەڵکن، لەگەڵ 240 کەمپی نافەرمیی دیکە کە نزیکەی 120,000 ئاوارەی ناوچەکەیان تێدا نیشتەجێن.
زۆر کەمپ لە سەرەتای تشرینی دووەمەوە دامەزرێندراون، ژمارەکەش بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات لەبەرئەوەی دۆخی ئەمنی رۆژ لەدوای رۆژ خراپتر دەبێت، عەساف وتی.
ژمارهی قوربانیانی مەدەنی بهرزدهبێتهوه
رێكخراوی روانگەی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ رایگهیاند کە هێرشە ئاسمانی و تۆپبارانەکانی رژێمی سوریا سێشەممە (17 کانونی یەکەم) 23 مەدەنییان کوشت لە ئیدلیب و 30 كهسی دیکەیان بریندارکرد و ژمارەی پێشووی قوربانیانی بهرزتركردهوه.
رێكخراوهكه رایگەیاند كه تۆپبارانهكانی رژێم حەوت مەدەنییان کوشت لە یەك خێزان لە گوندی تەلمەناس و راشیگەیاند کە ژن و سێ منداڵی ئەندامێکی رێکخراوی فریاگوزاریی کڵاوسپییەکان لە گوندی باداما کوژران.
رێكخراوی کڵاوسپییەکان لەسەر ئهكاونتی تویتەری خۆی ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە دەربارەی خۆبەخشێك کە جەستەی بێگیانی خێزانەکەی رادەکێشێت لەژێر داروپەردووی بینایەکدا.
لە گوندی مەعسەران، هێرشە ئاسمانیەکانی رژێم شەش مەدەنیی دیکەیان کوشت.
رێكخراوی روانگەکە رایگەیاند كه بۆمبارانی لایەنە ههوادارهكانی رژێم بوونە هۆی گیانلەدەستدانی چوار مەدەنیی دیکە لە بەشەکانی دیکەی ههرێمی ئیدلیب.
ههرێمی ئیدلیب، کە شوێنی نزیکەی سێ ملیۆن خەڵکە، لەنێویاندا ئەو کەسانەی بههۆی شەڕی سوریاوه ئاواره بوون، زیاتر لەلایەن تەحریر شامەوە کۆنترۆڵکراوە.