ئەمریکا داوای لە بەغدا کرد "رێوشوێنی پێشگیرانه بگرێتهبهر" بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە وڵاتەكهدا دوای زنجیرەیەك هێرش کە گروپەکانی سەر به ئێرانیان پێ تۆمەتبار دەکرێت.
لە 28 تشرینی یەکەمەوە، 10 موشەك ئاراستەی ئەو ناوچانە کراون کە سەربازانی ئەمریکا و دبلۆماتکارانیانی لێ نیشتەجێن. هیچ کەس بەرپرسیارێتی رانەگەیاندووە، بەڵام ئەمریکا گروپە نایاساییەکانی سەر بە ئێرانی لە عێراق تۆمەتبارکردووە.
وەزیری بەرگری ئەمریکا مارك ئێسپەر دووشەممە (16 کانونی یەکەم) بە رۆژنامەوانانی وت نیگەرانیی دەربڕیوە "دەربارەی هێرشەکان بۆسەر ئەو بنکانەی دهكرێت سەربازان وکارمەندانی ئەمریکای تێدابن لە عێراق" لە پەیوەندییەکی تهلهفۆنیدا لهگهڵ سەرەکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی عێراق، عادل عەبدولمەهدی.
ئێسپهر بە عەبدولمەهدی وت ئەمریکا "مافی بەرگریکردنی لەخۆی هەیە و داوا لە هاوبەشەکانمان لە عێراق دەکەین رێوشوێنی پێشگیرانه بگرنهبهر ... تا کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەن، لەبەرئەوەی بۆ هیچ کەس باش نیە".
نوسینگەی عەبدولمەهدی دووشەممە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە پشتڕاستی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی کردەوە و داوای لە هەمووان کرد "گشت هەوڵێك بدەن بۆ بەرگرتن لە پەرەسەندنێك کە دەکرێت هەڕەشە بێت بۆ هەمووان".
وتی: "بڕیاری تاکلایەنە کاردانەوەی نەرێنی دەبیت کە کۆنترۆڵكردنی دۆخەکە سەختتر دهكات و هەڕەشە لە ئاسایش و سەروەری و سەربەخۆیی عێراق دەکات."
نفوزی ئێران
ئێسپەر لە گەڕانەوەیدا بە فڕۆکەیەك لە بەلجیکاوە، کە لەوێ بوو بۆ بەشداریکردن لە 75مین ساڵیادی شەڕی بەڵج، قسەیدەکرد و ددانی نا بەوەدا كه سەلماندنی تێوهگلانی تاران ئاسان نییە.
وتی: "گومانی من ئەوەیە ئێران لە پشت ئەم هێرشانەوەیە و دەکرێت لەپشت هەموو ئەو شتە خراپانەوە بێت کە لە ناوچەکە روودەدەن. بەڵام سەلماندنی سەختە."
عەبدولمەهدی لە سەرەتای کانونی یەکەمدا دەستیلەکارکێشایەوە دوای دوو مانگ لە خۆپیشاندانی بێپێشینه لە پایتەخت و باشوری عێراق کە 460 کەسیان تێدا کوژران. دانوستانەکان بەردەوامن بۆ جێگرەوەیەك.
بەگوێرەی بەیاننامەکە، عەبدولمەهدی بە ئێسپەری وت: "گەر حکومەت یان دەوڵەتی عێراق لاواز بێت، ئەمە پەرەسەندن و پشێوی زیاتردەکات."
سەرچاوەیەکی ئەمریکی بەمدواییانە بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت لایەنەکانی سەر بە ئێران لە عێراق لەئێستادا بەهەڕەشەیەکی گەورەتر دادەنرێن بۆ سەربازانی ئەمریکا وهك لە رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).
هێرشەکان بوونە هۆی کوژرانی سەربازێکی عێراقی و برینداربوونی چەند کەسێکی دیکە، لەگەڵ ئەوەی بوونە هۆی زیانی ماددی لە ناوچەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و ناوچەی هەرە سەلامەتی زۆنی سەوز.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئەمنی لە عێراق بەمدواییانە ئەمریکا ئاسایشی باڵیۆزخانەکەی زیاترکردووە، كه وتی "کاروانێکی 15 ئۆتۆمبیلی ئەمریکی کە هەموویان ئۆتۆمبیلی زرێپۆش و چەکیان هەڵگرتبوو چوونە زۆنی سەوزەوە".