بەرپرسانی پارێزگای نەینەوا دەستنوسێکی دانسقەیان دەستکەوتەوە کە لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە دزرابوو لەکاتی فەرمانڕەواییاندا لە موسڵ، بەرپرسێکی ناوچەکە پێنجشەممە (12 کانونی یەکەم) بە دیارونای وت.
جێگری بەڕێوبەری بەڕێوبەرێتی کەلەپووری نەینەوا خەیرەدین ئەحمەد وتی دەستنوسەکە، کە لە پێگەیەکی جێهێڵراوی داعش دۆزرایەوە لە موسڵ، "لەلایەن هاوڵاتییەکەوە دۆزرایەوە و دەستبەجێ رادەستی بەڕێوبەرێتییهكهی کرد".
وتی ئەوە یەکێکە لە هەزاران دەستنوس و کتێب و کەلەپووری مێژوویی کە سوتێنران یان دزران لە کتێبخانەی شوێنەوار و کەلەپووری نەینەوا لە موسڵ لەلایەن چەکدارەکانەوە.
وتی دۆزینەوەی دەستنوسەکە "هیوای گەڕاندۆتەوە بەوەی هەندێك لە دەستنوس و کتێبە مێژووییەکان دەکرێت بدۆزرێنەوە لەنێو وڵاتدا"، بەڵام زۆرێکیان لەناوبراون یان بۆ دەرەوە بە قاچاخ براون.
ئەحمەد داوای لە هەموو هاوڵاتیان کرد کە هاریکاریی بهڕێوبهرێتی کەلەپووری نەینەوا و هێزە ئەمنیەکان بکەن کە لێکۆڵینەوە و گەڕان دەکەن بەدوای هەر کەلەپوور و دەستنوسێکی ونبوودا و بیاندەنەوە دەستی بهڕێوبهرێتییهكه.
ئەو دەستنوسەی بەمدواییانە دۆزراوەتەوە، "رێنماییەکانی شەریعەت"، 240 ساڵ کۆنە و بەدەست نوسراوە و سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی زانیارییە دەربارەی شەریعەت و مێژووی ئیسلام.
دەستخستنەوەی کەلەپوورە بەقاچاخبراوەکان
ئەحمەد وتی کەلەپووری کلتوری پارێزگاکە رووبەڕووی "گەورەترین هێرش بووەوه لە مێژووی خۆیدا" بەدەستی داعش، چونکە ئەندامانی گروپەکە زۆر شوێنی کۆن و کتێبخانەی مێژووییان کردە ئامانج.
وتی: "ژمارەیەکی بەرچاو لە کەلەپوور و شوێنەواری بەهادار لەناوبران یان دزران. هەوڵی بەرچاو دەدەین بۆ گەڕانەوەی کەلەپوورە دزراوەکانی [نەینەوا] و سەرکەوتووبووین لە دەستخستنەوەی زۆرێکیاندا."
وتیشی بهڕێوبهرێتی کەلەپووری نەینەوا داتابەیسێکی چڕوپڕی نییە دەربارەی هەموو ئەو کەلەپوورانەی تا ئەمڕۆکە دەستخراونەتەوە لەبەرئەوەی "هەندێکیان راستەوخۆ دراونەتە مۆزەخانەی نیشتمانی لە بەغدا".
وتی زۆرێك لەو کەلەپوورە دێرینانهی نەینەوا کە لەلایەن تووندڕەوانەوە بە قاچاخ برابوونە دەرەوەی وڵات گەڕێندراونەتەوە بۆ بهڕێوبهرێتی گشتی شوێنەوار و کەلەپوو لە بەغدا لەڕێگەی هەوڵێکی هاوبەشی ههردوو وەزارەتی رۆشنبیری و كاروباری دەرەوە.
ئەحمەد وتی دوایین دەستخستنەوەی کەلەپوورە بەقاچاخبراوەکان لە کۆتایی تشرینی دووەمدا روویدا کاتێك "ژمارەیەك لە کەلەپووری قووڕین و بەردین گەڕێندرانەوە بۆ عێراق".
كهلهپوورهكان هی سەردەمی ئاشوورین -- لەنێوان 1,200 بۆ 612 پێش زایین.
ئەحمەد وتی لەبارەی هەوڵەکانی هەڵکەندنی شوێنەواریشەوە لە نەینەوا، بەڕێوبەرێتیەکە کاردەکات بە هاریکاری بەردەوامی دوو تیمی بیانی.
ئاماژەیکرد بەوەی کاری هەڵکەندن تەرکیزی لەسەر شوێنێکی ئاشورییە کە بەمدواییانە دۆزراوەتەوە لەژێر مزگەوتی نەبی یونسدا لە موسڵ.