هێرشی ئاسمانیی چڕوپڕ و تۆپباران لە پارێزگای ئیدلیب لە ناوچەكانی شاری ئیدلیب و ئەریحا و کەنارەکانی پارێزگای حەلەب بوونهته هۆی رووخانی دەیان خوێندنگە و ناچاربوونیان بە داخستن، چالاکوانێکی ناوچەکە وتی.
بڕیاری هەڵپەساردنی خزمەتگوزاریی خوێندن لە نیگەرانیەوە له سەلامەتی خوێندکاران هات، چالاکوانێكی ئیدلیب هەیسەم ئیدلیبی بە دیارونای وت.
بەگوێرەی بەرگری شارستانی سوریا (کڵاو سپیەکان)، زیاد لە 75 خوێندنگە لە پارێزگاکانی ئیدلیب و حەلەب رووبەڕووی تۆپباران بوونەتەوە لە چوار مانگی رابردوودا.
وتی ئەم خوێندنگانە ناچاربوون بە داخستنی دەرگاکانیان بەڕووی خوێندکاراندا چونکە زیانیان بەرکەوتبوو یان لەهەندێك دۆخدا رووخابوون و هەربۆیەش ئهمین نەبوون.
ئیدلیبی وتی بەڕێوبەرێتیەکانی خوێندن لە ناوچە گوندنشینەکانی خۆرهەڵات، خۆرئاوا و باشوری ئیدلیب، لە شارەکانی مەعەرەت نوعمان و ئەریحا و ناوچەکانی کەناری پارێزگای حەلەب هەڵپەساردنی تەواوی پرۆسەی خوێندنیان راگەیاند.
وتی بڕیارەکە بۆ سەلامەتی گیانی منداڵان درا، بهشێكی بەهۆی پەرەسەندنی تۆپباران و هێرشە ئاسمانیەکانی رژێمی سوریا و روسیاوه.
وتیشی سەرەتا هەندێك خوێندنگە بەشێوەیەکی ئاسایی دەوامیان دەستپێکردەوە، بەڵام خێرا دەرگاکانیان داخست کاتێك رووبەڕووی بۆمباران بوونەوە.
بۆمبارانی خوێندنگەکان
کڵاوسپییەکان دووشەممە (9 کانونی یەکەم) دەستێوەردانی کرد و خێرا خوێندنگەیەکی لە شارۆچکەی غەسانیە گواستەوە کە رووبەڕووی تۆپباران بووبووەوە.
ئیدلیبی وتی سێشەممەش، سێ منداڵ برینداربوون کاتێك خوێندنگەی حەنبوشیە لە کەناری جسر شوغور رووبەڕووی تۆپباران بووەوە.
ئیدلیبی وتی چالاکوانانی سوریا پێشتر هۆشدارییان دابوو لەوەی دەکرێت خوێندن هەڵبپهسێردرێت لەبەر دۆخی ئەمنی هەنوکەیی و داوایانکرد خوێندنگەکان وەك ناوچەی بێلایەن لەقەڵەمبدرێن.
ئاماژەیکرد بەوەی فاکتەرێکی دیکە کە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر هەڵپەساردنی خوێندن هەیە شەپۆلی ئاوارەبوونی مەدەنیەکانه لە شار و شارۆچکە و گوندەکانی ناوچەکەوە.
وتی: "پشتیوانیی خوێندن و پشتیوانیی دارایی نەماوە و فێرکاری بەشێوەی خۆبەخشی دەکرێت لە ئیدلیب و کەمپەکانی ئاوارەکان لەلایەن مامۆستا و چالاکوان و خوێندکارانی قۆناغە پێشکەوتووەکانی خوێندنەوە."
وتی ئەمە بۆ دڵنیابوونە لەوەی منداڵان بەتەواوی لە خوێندن بێبەش نهبن.
منداڵ لهنێو کوژراواندا ههن
یونیسێف رایگەیاند كه لە 2 کانونی یەکەم هەشت منداڵ لە هێرشێکدا بۆسەر شارۆچکەی تەل رەفعەتی باکوری حەلەب کوژران، هەموویان خوار تەمەنی 15 ساڵ بوون.
ئەو ئاژانسەی نهتهوه یهكگرتووهكان رایگەیاند: "ئەمە ژمارەی منداڵانی کوژراو لە باکوری سوریا بۆ لانیکەم 34 منداڵ بەرزدەکاتەوە تەنیا لە چوار هەفتەی رابردوودا." راشیگەیاند کە "تووشی نیگەرانی و شۆك" بووە بەو راپۆرتانە.
یونیسێف راشیگەیاند: "ژمارەی منداڵانی کوژراو له زیادبووندایه لهكاتێكدا تووندوتیژی بەردەوامە لە چەندین بەشی سوریا."
ههروهها رایگهیاند: "لە نزیکەی نۆ ساڵ شەڕدا، پرهنسیپی بنەڕەتی پاراستنی منداڵان بەتەواوی پشتگوێخراوە."
"یونیسێف بە بیری هەموو لایەنەکانی شەڕەکەی سوریا دەهێنێتەوە کە منداڵان دەبێت هەمیشە پارێزراو بن، ئەوان ئامانج نین و ئەوانەی بەمەبەست منداڵان دەکوژن دەبێت بەرپرس رابگیرێن."