بەرپرسێكی ناوخۆیی پێنجشەممە (5 کانونی یەکەم) وتی حکومەتی ناوخۆیی نەینەوا رێکارە ئەمنییەکانی زیادکردووە بۆ بەرقەراربوونی ئەو سهقامگیرییه پارێزگاکە بەخۆیەوە بینیووە لە چەند مانگی رابردوودا.
وتی پلانێکی نوێی ئەمنی هەیە بۆ ئەو بەربەستانەی هێشتا لەبەردەم پارێزگاکەدایە، وەك بوونی پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە چیاکان و بیابانەکانی سەر سنووری سوریا.
جێگری سهرۆكی لیژنەی ئەمنی له ئەنجومەنی پاریزگای نەینەوا، هاشم بریفکانی بە دیارونای وت فهرماندهییه ئەمنییهكان داوایانکردووە پلانەکە "گشتگیر و گونجاو بێت بۆئەوەی هەر ئۆپەراسیۆن و هەڵمەتێك پلان و ئامانج و میتۆدی جێبەجێکردنی تایبەت بەخۆی هەبێت".
وتی پلانەکە هاوئاهەنگیی هەموو یەکە بەشداربووەکان لەخۆدەگرێت، سوپا و پۆلیس و دەزگاکانی هەواڵگری و دانیشتووانی ناوخۆیی.
وتی یەکەی زیاتری سەربازی نێردراون بۆ بەعاج لە رۆژئاوای موسڵ و ناوچەکانی باشوری موسڵ و باشوری رۆژهەڵاتی مەخمور و دیبەکە لەگەڵ بیابانە چۆڵەکانی بەرەو باشور دریژدەبنەوە تا چیاکانی حەمرین.
فەوجی 3 ی فیرقەی 16ی پیادە، کە بەشێکە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، بازگەی هێزەکانی زیادکردووە لە شارۆچکەکانی وانە، بەرتەله، حەمدانییە و ناوچەکانی دەرەوی رۆژهەڵاتی شاری موسڵ.
کەمین و خاڵی پشکنینی ئۆتۆمبیل و خەڵكیشیان داناوە بۆ دۆزینەوەی پاشماوەکانی داعش.
بریفکانی وتی پۆلیسی نەینەوا "دوو هێزی تایبهتی سەر بە دوو بەتالیۆنی (سوات)ی ئەرکدارکردووە بە ئەنجامدانی لێدانی گورزی تایبەت لە ئامانجە تیرۆریستییەکان لەو ناوچانهی راپۆرتە هەواڵگرییەکان جموجۆڵی شانە نوستووەکانی داعشیان لێ دەستنیشاندەکەن".
هێرشی لەناکاو دژی داعش
وتی: "لە 10 رۆژی رابردوودا، زۆر هێرشی سەرکەوتووانه حەشارگەکانی تیرۆریستانیان کردە ئامانج لە چیاکانی عەتشانە و بادوش بە هاوکاریی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی".
ئەو هێرشانە "بەشێكن لە هەوڵە ئەمنییە نوێکان کە پشتیانبهستووه بە ئەنجامدانی چالاکی لەناکاو و دەستبەجێ دژی دوژمن لە کاتی بەدەستگەیشتنی هەر زانیارییەكدا لەسەر شوێنەکانیان".
بریفکانی وتی هێرشەکان چەند پەناگە و تونێلیان لەناوبرد لە چیاکان و ئهو چەکدارانهی داعشیش کە لەناویاندا بوون کوژران.
وتیشی ئەرکێکی دیکەی ئەمنی هەیە و ئەوەش دەکەوێتە سەر شانی دانیشتووانە ناوخۆییەکە، چونکە ئەو سەرەداوانەی هاوڵاتیان دەیدەن زۆر هاوکاریی هێزە ئەمنییەکان دهكهن بۆ دۆزینەوەی پاشماوەکانی داعش.
سوپاس!
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت