چالاکوانان و دانیشتوان بە دیارونایان وت هەستی شادمانی ناوچەی ئیدلیبی گرتۆتهوه دوای ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە سەرکەوتووەی تێیدا سەرکردەی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) کوژرا، ئەبوبەکر بەغدادی.
وتیان وادەبینرێت مەرگی بەغدادی ئاماژەیەكه بە کۆتایی نەك تەنیا داعش، بەڵکو هەموو گروپە تیرۆریستیەکانی دیکە کە هێشتا لە سوریا ماون، لەنێویاندا تەحریر شام.
چالاکوانان وتیان ئەم گروپانە زیانیان لە شۆڕشی سوریا داوە هەربۆیەش زیانیان بە خەڵکی سوریا گەیاندووە و بوونەتە هۆی لەکەداربوونیان بە پەڵەی تیرۆریزم.
سەرکردەکەی داعش کە دەمێك بوو خۆی شاردبووهوە، لە هەڵمەتێكی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکادا کوژرا له 27 تشرینی یەکەم لە باکوری خۆرئاوای سوریا.
گروپەكه جێگرەوەیەکی داناوە کە کەسێکی کەم ناوبانگە بەناوی "ئەبو ئیبراهیم هاشمی قورەیشی".
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا لە 7 تشرینی دووەم وتی سەرکردە نوێكەی داعش "هیچ كهسایهتییهك نییە" و ناوبانگێکی وای نییە.
'سەرکەوتنی ئازادی'
دانیشتوویهكی مەعەرەت نوعمان، هانی نوعمان وتی: "کوشتنی سەرکردەی داعش ئەبوبەکر بەغدادی سەرکەوتنی ئازادییە بەسەر تیرۆریزمدا."
وتی: "ئەوە پەیامێکی روونە بۆ هەرکەسێك کە بیر لە هەڵگرتنی رێچکەی [تیرۆریزم] بکاتەوە، کە لادانە لە عەقڵ و هەموو بەها مرۆیی و ئایینییەکان."
بە دیارونای وت: "کوشتنی بەغدادی بەر بە تیرۆریستانی ناوچەکە دەگرێت و دەبێتە هۆی هەڵاتنیان، چونکە دەبنە ئامانجێکی ئاسان بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی."
نوعمان وتی دانیشتوانی ناوچەی ئیدلیب دەیانەوێت بنەبڕکردنی زیاتری سەرکردە تیرۆریستەکان و کۆتایی هەموو گروپە توندڕەوەکان ببینن "کە ژیانیان لێ کردوونەتە دۆزەخ".
وتیشی: "پەرۆشن بۆ گەڕانەوە بۆ ژیانێکی ئاسایی کە پێشتر هەیانبوو."
ههروهها وتی یەکێك لە خراپترین ئاکامەکانی بەشداریی گروپە تووندڕەوەکان لە شەڕی سوریادا "بەلاڕێدابردنی شۆڕش و ناوزەدکردنی بوو بە تیرۆریزم".
نوعمان وتی ئەم گروپانە هەموو ئەوانەیان تێکشکاندووە کە دژی بۆچوونیانن، لەنێویاندا مەدەنیەکان، سیاسییەکان، چالاکوانان یان چەکداران، هەندێکیان کوشتوون و دەیانیان دەستگیرکردوون و ژمارەیەکی زۆریان ناچارکردوون ناوچەکانی ژێردەستی ئەوان جێبهێڵن.
داعش متمانەی لەدەستداوە
چالاکوان هەیسەم ئیدلیبی بە دیارونای وت: "مەدەنییەکانی ئیدلیب دڵخۆشن بە مەرگی سەرکردەی داعش."
وتی بەڵام ئەوان "دڵخۆشییان شاردۆتەوە لەترسی تۆڵەکردنەوەی گروپە تیرۆریستیەکان کە لە تەواوی ناوچەکەدا هەن، لەنێویاندا تەحریر شام و حوراس دین".
وتی: "داعش خۆی لەژێر روكهشێكی گهورهی پڕ لە ئاڵۆزی و نهێنی و هێزدا شاردبووهوە و بەشێکی لهو روكهشه بریتیبوو له سەرکردەکەیان، بەغدادی، کە خۆی بە تێکنەشکاو وێنادەکرد."
ئیدلیبی وتی دوای کوشتنی بهغدادی، ههموو ئهمه داڕما و گروپەکە متمانەی لای مەدەنیەکان لهدهست دا، "بەتایبەتی كه بەغدادی لهناوبرا به سوودوهرگرتن له زانیاری پشتڕاستکراوەی سەرچاوەی ناوخۆیی".
وتیشی: "گەندەڵی بەربڵاوە لەنێو داعشدا و پارە ئەولەویەتی ههیه لەنێو ئەمیرەکانی گروپەکە و ئەندامانیدا، نەك باوەڕی ئایینی وەك پێشتر بانگەشەی بۆ دەکرا."
چالاکوانێكی ئیدلیب، موسعەب عەساف وتی مەدەنیەکان پێیانوایە "مەرگی بەغدادی پەیامێك بوو بۆ هەموو تیرۆریستان لە ناوچەکە تا واز لە توندڕەوییان بهێنن".
بە دیارونای وت پێیانوایە مەرگی ئەو "لاوانی سوریا سارد دەکاتەوە لە پەیوەندیکردن و کارکردن یان شەڕکردن بۆ داعش و گروپە تیرۆریستیەکانی دیکە".
"پەیامەکە روونە: هیچ تیرۆریستێك لە سزا رزگاری نابێت بەرامبەر ئەوەی کردوێتی دژی خەڵك و مرۆڤایەتی."