جومعه موستایف له‌ناو دار زه‌یتونه‌كاندا به چیچكانه‌وه دانیشتووه له باكوری خۆرئاوای سوریا و سه‌رقاڵی بڕینی بۆری درێژیی كانزاییه له‌ڕێی مشارێكی كاره‌باییه‌وه به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی چوارچێوه‌ی خێمه بۆ خێزانه ئاواره‌كان.
له‌گه‌ڵ هاتنی وه‌رزی زستاندا له پارێزگای ئیدلیب، ئه‌و له‌حیمچیه‌ی نازناوی 'ئاسنگه‌ری كامپه‌كان'ی لێنراوه ده‌ڵێت شاره‌زاییه‌كانی ئه‌و داواكارییه‌كی زۆریان له‌سه‌ره.
"هێشتا داواكارییه‌كان هه‌ر دێن،" به‌وته‌ی ئه‌م پیاوه 34 ساڵه كه به‌هۆی كاركردنی زۆریه‌وه له ده‌ره‌وه پێستی به خۆر سوتاوه.
ئه‌مساڵ ئیدلیب كه‌وتۆته به‌ر هێرشی سه‌ربازی چڕی سوریا و روسیا كه بوونه‌ته هۆی هه‌ڵهاتنی سه‌دان هه‌زار هاوڵاتی مه‌ده‌نی به‌ره‌و ناوچه سنووریه‌كان له باكور.
زیاتر له سێ ملیۆن هاوڵاتی له‌و ناوچه‌یه ده‌ژین كه زۆربه‌ی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی هاوپه‌یمانێتی تووندڕه‌وی ته‌حریر شامدایه و نزیكه‌ی نیوه‌ی ئه‌و ژماره‌یه ئاواره‌ی ناوچه‌كانی دیكه‌ی وڵاته‌كه‌ن كه له شه‌ڕ هه‌ڵهاتوون.
موستایف ده‌ڵێت كاتی خۆی خاوه‌نی بازرگانییه‌كی كاری كانزایی سه‌ركه‌وتوو بووه له باشوری خۆرهه‌ڵاتی ئیدلیب، به‌ڵام دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر شه‌ڕ خۆی و خێزانه‌كه‌ی ئاواره‌كرد.
وتی: "پێویستم به‌وه بوو خێمه‌یه‌ك بۆ خۆم دروستبكه‌م بۆئه‌وه‌ی تیایدا بژیم. كاتێكیش خه‌ڵك بینییان، داوایان لێكردم بۆ ئه‌وانیش دروستبكه‌م و ئیتر ده‌ستمكرد به كاركردن."
له‌سه‌ر پارچه‌یه‌ك له خاكی سوور نزیك له گوندی حه‌سانۆ، موستایف وه‌رشه‌یه‌كی كاتیی دروستكردووه بۆ دابینكردنی چوارچێوه‌ی تۆكمه بو دانیشتوانی كامپه‌كانی نزیك خۆی تاكو خۆیان له زستانێكی ته‌ڕ بپارێزن.
دوو پیاو ده‌رزه‌نێك بۆری درێژی كانزایی له بارهه‌ڵگرێكی بچوك داده‌گرن و له‌سه‌ر زه‌ویه‌كه ڕیزیانده‌كه‌ن.
ناونیشانی وه‌رشه‌كه له‌سه‌ر پارچه‌یه‌ك كارتۆن نوسراوه: "ئاسنگه‌ری كامپه‌كان".
بازرگانیه‌كی خێزانی
به ده‌ستی ڕووت و به جوتێك نه‌عله‌وه، موستایف سه‌رقاڵی بڕینه‌وه‌ی كانزاكانه كه پریشك ده‌هاوێژێت كاتێك پارچه‌كانی دواهه‌مین داواكاری ئاماده‌ده‌كات.
ده‌نگی تیژی جیڕه‌ی مشاره‌كه‌ی موستایف به‌شێوه‌یه‌كی كاتی ده‌نگی ئه‌و چه‌كوشانه كپده‌كات كه له‌ولاوه ده‌درێن به ئاسندا و ده‌نگی مۆلیده‌كه‌ش ده‌خنكێنێت.
ژنێك كه با‌ڵای به سوور پۆشیوه و سه‌رپۆشێكی له‌سه‌ردایه و له‌سه‌ر حه‌سیرێك قاچ له‌سه‌ر قاچ له‌ژێر دره‌ختێكی زه‌یتوندا دانیشتووه له‌دووره‌وه ته‌ماشاده‌كات.
ئاسنگه‌ره‌كه به یه‌ك ده‌ست په‌یكه‌ره‌كه پێكه‌وه له‌حیمده‌كات و به ده‌سته‌كه‌ی دیكه‌شی ده‌مامكه‌كه‌ی سه‌ر ده‌موچاوی گرتووه بۆئه‌وه‌ی خۆی له پریشكی له‌حیمكردنه‌كه بپارێزێت.
بۆئه‌وه‌ی فریای كاره‌كانی بكه‌وێت، خزمێكی نزیكی خۆی و ته‌نانه‌ت خوشكه‌زایه‌كی 13 ساڵانیشی كردۆته شاگرد لای خۆی. خوشكه‌زاكه‌ی وازی له قوتابخانه هێناوه تاكو بژێویی خێزانه‌كه‌ی دابینبكات.
موستایف وتی له یه‌ك مانگدا 150 خێمه‌ی فرۆشتووه، چونكه ئه‌و خێمانه‌ی له‌لایه‌ن رێكخراوه ناحكومیه‌كانه‌وه ده‌درێن به ئاواره‌كان زۆر بچوكن بۆ خێزانی گه‌وره.
وتی چوارچێوه‌ی خێمه‌كانی ئه‌و "به‌رگه‌ی باران و ڕه‌شه‌بای به‌هێز ده‌گرن".
بچوكترین چوارچێوه كه ئه‌م ده‌یفرۆشێت چوار به چوار مه‌تره و نرخه‌كه‌ی 150 دۆلاره، له‌كاتێكدا گه‌وره‌ترینی ده‌گاته 36 مه‌تر دووجا و نرخه‌كه‌ی ده‌گاته 320 دۆلار.
پاشان كڕیاره‌كان ده‌بێت چادرێكی ئاوهه‌ڵنه‌مژ له فرۆشیاره‌كی دیكه بكڕن و پاره‌ش بده‌نه كه‌سێكی تر بۆئه‌وه‌ی بنكه‌ی چیمه‌نتۆیان بۆ دابنێت.
به‌ڵام سه‌ره‌ڕای داواكاریه‌كان، موستایف ده‌ڵێت قازانجێكی كه‌م ده‌كات.
وتیشی: "شتێكی كه‌م خێرده‌كه‌ین -- به‌س ئه‌وه‌نده‌ی پێی بژین و پێداویستیه‌كانی خێزانه‌كه‌مانی پێ دابینبكه‌ین".
قه‌رزاری خێمه‌یه‌كی نوێ
هه‌شت ساڵ دوای ده‌ستپێكی ململانێكانی سوریا، ئیدلیب یه‌كێكه له دوا ناوچه‌كانی وڵاته‌كه كه له ده‌ست رژێم هه‌ڵهاتووه.
هێزه‌كانی رژێم كه له‌لایه‌ن روسیاوه پشتگیریده‌كرێن به‌درێژایی مانگه‌كانی به‌هار و هاوین ناوچه‌كه‌یان بۆردومانكردووه و نزیكه‌ی 1,000 هاوڵاتی مه‌ده‌نیان كوشتووه و 400,000 كه‌سیشیان ئاواره‌كردووه.
روسیا له‌كۆتایی ئابدا ئاگربه‌ستی راگه‌یاند، به‌ڵام به‌گوێره‌ی رێكخراوی روانگه‌ی سوری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ بۆمبارانكردن و رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی ناوبه‌ناو هێشتا ماوه.
ره‌سلان محه‌مه‌د و ژن و هه‌شت منداڵه‌كه‌ی سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له زێدی خۆیان هه‌ڵهاتوون و له‌وكاته‌وه له ده‌ره‌وه ده‌ژین.
به‌ڵام ئه‌م پاییزه، ره‌سلان بڕیاریدا كاتی ئه‌وه هاتووه ماڵێكی نوێ بۆ خۆیان بدۆزنه‌وه.
ره‌سلانی 48 ساڵ ده‌ڵێت: "ئه‌و خێمه‌یه‌ی هه‌مانه به كه‌ڵكی زستان نایه‌ت".
پاش كۆكردنه‌وه‌ی پاره‌ی پێویست، ره‌سلان داوای بچوكترین چوارچێوه‌ی موستایف ده‌كات تا ئه‌وكاته‌ی به‌رهه‌مه ته‌واوكراوه‌كه‌ی بۆ ده‌گوازنه‌وه بۆ ئه‌و پارچه زه‌ویه‌ی كه خێزانه‌كه‌یانی له‌سه‌ر ده‌ژی له‌ناو كامپه‌كه‌دا.
پێشئه‌وه‌ی خێمه‌كه‌ی بۆ ببه‌ستن، منداڵی بچوك به دڵێكی خۆشه‌وه له‌سه‌ر بۆریه كانزاكانی جۆلانه‌ده‌كه‌ن.
ره‌سلان ده‌ڵێت: "پاره‌م له خزم و كه‌سوكار قه‌رزكردووه" بۆ كڕینی چوارچێوه‌یه‌كی نوێی خێمه.
پاش دانانی خێمه نوێكه، په‌یكه‌ره‌كه‌ی به به‌تانی كۆن داده‌پۆشێت. پاشان كومبارێكی گه‌وره‌ی پلاستیكی له‌سه‌ر زه‌ویه‌كه ڕاده‌خه‌ن و دۆشه‌كێكی ته‌نكیشی ده‌ده‌ن به‌سه‌ردا.
ره‌سلان ئاره‌زوی زه‌وییه‌كی چیمه‌نتۆش ده‌كات، به‌ڵام له‌ئێستادا ئه‌و ره‌فاهیه‌ته زۆری تێده‌چێت بۆ ئه‌م.