لە تەمەنی 18 ساڵیدا، ئیمان عەباس بەسەر مەینەتییەکدا زاڵبوو کە زۆر کەس دەخات -- ئەو ئێزیدییە چەند جارێك وەك "کۆیلە" فرۆشرا لەلایەن تووندڕەوانەوە بەڵام هەڵهات تا ببێتە بانگەشەکارێکی خەڵاتكراو بۆ هاوڕێیانی رزگاربووی.
ئیمان کە بە هێواشی قسەی دەکرد لە خێمە خاکەڕاییە دوو ژوورییەکەی خێزانەکەیدا لە کەمپی ئاوارەکانی شاریە لە هەرێمه کوردییهكهی باکوری عێراق، وتی: "بەهۆی ئەوەوه كه بەسەرم هاتووە، خۆم بە هەرزەکار نازانم."
ئەو کچە لاوە باڵابەرزە قژڕەشە بەمدواییانە لە مومبای گەڕایەوە، کە لەوێ خەڵاتی بەناوبانگی دایکە تێرێزای وەرگرت وەك نوێنەری نوسینگەی رزگارکردنی ئێزدییەکانی هەرێم، کە كاریان لهگهڵ دەکات.
نوسینگەی رزگارکردنی ئێزیدیەکان یارمەتی رزگارکردنی نزیکەی 5,000 ئێزیدی داوە کە دەستبەسەرکران کاتێك رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) هاتەنێو نیشتمانی لەمێژینەی ئەم کەمینەیەوە لە باکوری خۆرئاوای عێراق لە 2014.
ئیمان وتی وەرگرتنی خەڵاتەکە "هەستبزوێن" بوو، كه جلێکی نەریتی ئێزیدیی سپی لەبەردابوو کە کەوایەکی بەسەردا درابوو لەگەڵ تاسكڵاوێك لەسەریدا.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس پێش رۆژی نێودەوڵەتی لەناوبردنی تووندوتیژی دژی ژنان، دووشەممە (25 تشرینی دووەم) وتی: "کاتێك چیرۆکی خۆم و کچانی دیکەی ئێزیدیم گێڕایەوە، هەندێك لە بەشداربووان دەستیانکرد بە گریان."
"بۆنەکە هەندێك لە ئازارەکانمی کەمکردەوە، بەڵام بەرپرسیارێتیمی زیادکرد بۆ یارمەتیدانی ژنانی دیکەی رزگاربوو."
ئیمان تەنیا 13 ساڵ بوو کاتێك داعش هێرشیکردە سەر گوندە سروشت سهختهكانی شەنگال و هەزاران ژن و کچی ئێزیدیی ناچارکرد بە "کۆیلایەتی سێکسی"، پیاوانیشی بەکۆمەڵ کوشت و کوڕانی وەك سەربازی منداڵ گرت.
ئیمان دەستبەجێ لەلایەن تووندڕەوانەوە لە خێزانەکەی جیاکرایەوە، کە دواتر ئەو و ژنانی دیکەی ئێزیدییان فرۆشت لە "بازاڕی کۆیلەکان"دا به ئەندامانی داعش.
ئیمان سێ جار فرۆشرا، دواههمینیان به دکتۆرێکی عێراقی 40 ساڵەی داعش کە بەڵێنی دا ئازادی بکات گەر 101 لاپەڕەی کتێبی پیرۆزی موسڵمانان، قورئان، لەبەربکات.
'چیرۆکە ئازاربەخشەکان'
ئێزیدییەکان کەمینەیەکی کورد زمانی ئێتنی-ئایینین، بۆیە فێربوونی لەبەرکردنی دەقە ئایینیەکان بە عەرەبی ئاستەنگێکی گەورە بوو بۆ ئەو كچه گهنجه تۆقیوە.
وتی: "هەموو رۆژێك، داوای دەکرد لەبەردەمیدا دابنیشم و قوربان بخوێنمەوە. توانیم 101 پەڕە لەبەربکەم لە مانگێك و چوار رۆژدا."
بەندکەرانی دەستبەجێ بردیان بۆ دادگایەکی بنکەی گروپەکە لە موسڵی عێراق تا بەڵگەنامەیەکی فەرمی لە بەناو "خەلافەت"ەکەوە بۆ دەربکەن و رایانگەیاند کە ئیمان "کچێکی موسڵمانی ئازادە".
لە رێگەیدا بەرەو تەلەعفەر لە باکوری خۆرئاوای عێراق، خێزانەکەی بینی کە کاریان پێدەکرا وەك کۆیلەی داعش و شوانیی مەڕیان دەکرد.
لە 2015، لەلایەن نوسینگەی رزگارکردنی ئێزیدییەکانەوە رزگارکران و لە شاریە نیشتەجێکران، کە کەمپێکی فراوانبوو ئەوکاته شوێنی 17,000 ئاوارەی ئێزیدی بوو.
لەئێستادا ئیمان نیوەی رۆژهكانی له خوێندنگهدا بەسەردەبات و نیوەکەی دیکەی بە کارکردن لە هەمان نوسینگە کە رزگاری کرد.
داعش لە 2017 بنکەکانی عێراقی لەدەستدا و لەدوایین ناوچەی خۆی لە سوریای دراوسێش دەرکرا لە مانگی ئازار.
سەدان ئێزیدی، کە چەند ساڵێك بوو دیل بوون، بە شەپۆل هاتنە دەرەوە لەکاتێکدا دوایین بنکەی "خەلافەت"ە تووندڕەوەکە رووخا.
بەڵام بەگوێرەی نوسینگەکە هێشتا چەند هەزار کەسێك نادیارن.
بەرپرسانی ئێزیدی دەڵێن هەندێکیان وەرگەڕاون بۆسهر ئیسلام و هێشتا لەگەڵ خێزانە موسڵمانەکان دەژین، زۆر دەترسن، شەرمەزارن یان "مێشکیان شۆراوەتەوە" بۆیە ناگەڕێنەوە.
ئیمان وتی بەشێك لە ئەرکەکانی لە نوسینگەکە، کە نزیکەی ساڵێك لەوەوبەر دەستی بەکار کرد لهگهڵیان، رێنماییکردنی ئەم ژن و کچانەیە تا بگەڕێنەوە بۆلای خێزانە رهسهنەکانیان.
چاوپێکەوتنی لەگەڵ زیاد لە 50 کچی رزگارکراودا کردووە تا چیرۆکەکانیان بە بەڵگەنامە بکات لە ئەرشیفی رێکخراوەکەدا، كارێك کە دەڵێت "وا دەکات لەیەك کاتدا خەمبار و دڵخۆشیش بیت".
وتی: "دەبێت گوێ لە هەموو ئەو چیرۆکە تۆقێنەرانە بگرم، كه هەریەکەیان لەویتر جیاوازه. زۆر بەئازارن، هەندێکیان تەنانەت لەوانەی خۆم بهئازارترن."
بەڵام شانازیش دەکات بەو کارەی دەیکات: "زۆر خۆشحاڵم بەشێکم لە پرۆسەی رزگارکردنی ژنانی رزگاربوو."
تەنیا دەستپێکە
رێچکەکەی رەنگدانەوەی ئەوەی نادیە مورادە، کە رزگاربوویەکی ئێزیدییە و خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بردەوە ساڵی رابردوو، لەبەرامبەر کاری بانگەشەکاریدا.
لە گەشتەکەی مومبایەوە، ئیمان خۆی کەمێك ناوبانگی پەیداکردووە، بەتایبەتی لەنێو ئەو کەمپەدا كه لێی دەژی.
دایك و باوکی جار لە دوای جار پەیوەندییان پێوەدەکرد بۆ دەربڕینی پیرۆزبایی و سوپاسکردنی چالاکیهكانی کچەکەیان.
باوکی کە ناوی عەبدوڵایە بە شانازییەوە بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت کە بۆچوونی گۆڕاوە بەرامبەر هێزی چیرۆكگێڕانهوه و وتی: "تێبینیمکرد ئیمان دڵخۆشترە و بەهیزترە لەوکاتەوەی دەستیکردووە بە گێڕانەوەی چیرۆکەکەی لەنێو خەڵکدا."
وتی: "سەرەتا، هەرکات باسی دیلێتییهكهی بکردایە، پشتم تێدەکرد چونکە زۆر ئازاربەخش بوو بۆ من رووبەڕوو گوێی لێبگرم."
بەڵام لەئێستادا دەیەوێت رزگاربووانی ئێزیدی بەدەنگ بێن و پێیوایە یارمەتی خۆیان وەك تاك و ئەو کەمینە تێکشکێنراوەش دەدات.
ئیمان لەئێستادا بهشداره له خولی فێربوونی ئینگلیزیدا -- بەڵام ئهمانه تەنیا دەستپێکی خواسته چالاكوانیهكانێتی.
وتی: "لە داهاتوودا دەمەوێت ببمە پارێزەر تا ئاشنابم بە یاسای عێراقی و نێودەوڵەتی و بەرگری لە مافەکانی کچانی رزگاربووی ئێزیدی بکەم لەگەڵ قوربانیانی دیکەی ئێزیدی."