هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هێزه‌كانی عێراق و هاوپه‌یمانان پاشماوه‌كانی داعش بۆردومانده‌كه‌ن له‌ شه‌رگات

خالید تائی

هێزه‌كانی عێراق هه‌ڵمه‌تێكی گه‌ڕانیان بۆ پاشماوه‌كانی داعش ئه‌نجامدا له‌ زنجیره‌ چیاكانی خانوكه‌ له‌ شه‌رگات له‌ 18 نیسان 2018. [خاوه‌نی وێنه‌: به‌ڕێوبه‌رێتی پۆلیسی سه‌ڵاحه‌دین]

هێزه‌كانی عێراق هه‌ڵمه‌تێكی گه‌ڕانیان بۆ پاشماوه‌كانی داعش ئه‌نجامدا له‌ زنجیره‌ چیاكانی خانوكه‌ له‌ شه‌رگات له‌ 18 نیسان 2018. [خاوه‌نی وێنه‌: به‌ڕێوبه‌رێتی پۆلیسی سه‌ڵاحه‌دین]

هێزه‌كانی عێراق به‌ پشتیوانی فرۆكه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی هێرشێكیان له‌ دژی پاشماوه‌كانی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" (داعش) ئه‌نجامدا كه‌ له‌ زنجیره‌ چیاكانی خانۆكه‌ له‌ قه‌زای شه‌رگاتی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین خۆیان حه‌شاردابوو.

به‌گوێره‌ی وته‌ی به‌رپرسێكی ناوخۆ، ئه‌مه‌ تووندترین هێرش بوو له‌م چه‌ند هه‌فته‌یه‌ی رابردوودا.

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای شه‌رگات، سه‌ڵاح شه‌علان به‌ دیارونای وت فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانان یه‌كشه‌ممه‌ (23 تشرینی دووه‌م) چه‌ند هێرشێكیان ئه‌نجامدا بۆ سه‌ر حه‌شارگه‌كانی داعش له‌ زنجیره‌ چیاكانی خانوكه‌.

وتی: "هێرشه‌كان خوێناویترین هێرشی ئه‌م چه‌ند هه‌فته‌یه‌ی رابردوو بوون"، به‌شێكیش بوون له‌ "هه‌ماهه‌نگی ئۆپه‌راسیۆنه‌ كوالیتیه‌كانی نێوان هێزه‌ ئه‌منی و هه‌واڵگرییه‌كانی عێراق".

دوكه‌ڵ له‌ حه‌شارگه‌یه‌كی داعش به‌رزده‌بێته‌وه‌ كه‌ هێرشی ئاسمانی كراوه‌ته‌سه‌ر له‌ 30 ئه‌یلول 2018. [خاوه‌نی وێنه‌: وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق]

دوكه‌ڵ له‌ حه‌شارگه‌یه‌كی داعش به‌رزده‌بێته‌وه‌ كه‌ هێرشی ئاسمانی كراوه‌ته‌سه‌ر له‌ 30 ئه‌یلول 2018. [خاوه‌نی وێنه‌: وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق]

به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی به‌رگری، هێرشه‌كه‌، كه‌ هێزێكی ئاژانسی دژه‌ تیرۆریزمیش تێیدا به‌شداربوو، له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین بووه‌ هۆی له‌ناوبردنی سێ تونێڵ و حه‌شارگه‌یه‌كی داعش.

شه‌علان وتی ته‌قه‌مه‌نییه‌كی ده‌ستكرد ته‌قێنرایه‌وه‌ و ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی داعش كه‌ له‌ شوێنه‌ به‌ئامانجكراوه‌كه‌دا دۆزرانه‌وه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیرا و ئاماژه‌ی كرد بۆ ئه‌وه‌ش كه‌ "سێ كوژراو له‌ نێو چه‌كداره‌كاندا هه‌بوون".

دانیشتوان پاشماوه‌كانی داعش ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌

شه‌علان وتی له‌نێوان 25 بۆ 30 چه‌كداری پاشماوه‌ی داعش له‌ زنجیره‌ چیاكانی خانوكه‌ ماونه‌ته‌وه‌، كه‌ به‌سه‌ر گوندێكدا ده‌ڕوانێت به‌ هه‌مان ناوه‌وه‌.

وتی ئه‌وانه‌ به‌ به‌رده‌وامی له‌نێوان شوێنه‌كانی نێو زنجیره‌ چیاكاندا ده‌جوڵێن و ئاماژه‌ی كرد بۆ ئه‌وه‌ش كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ چه‌كداران هێشتا هه‌مان هێڵیان هه‌بێت بۆ دابینكردنی خواردن و پێداویستییه‌كانی ژیان و ته‌نانه‌ت زانیاریش.

ناوبراو وتی: "ره‌نگه‌ چه‌ند ناوه‌ندێكی لۆجیستی نهێنی هه‌بێت له‌نێوان زنجیره‌ چیاكانی جه‌زیره‌ و شه‌رگاتدا." وتیشی جه‌زیره‌ ناوچه‌یه‌كی فراوانه‌ كه‌ بیابانه‌كانی نه‌ینه‌وا و ئه‌نبار پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ و تا سنووری عێراق و سوریا درێژده‌بێته‌وه‌.

شه‌علان وتی به‌ڵام هێزه‌كانی عێراق له‌ ئاماده‌باشیدان و ئاماژه‌ی كرد بۆ ئه‌وه‌ش كه‌ ئه‌و پاشماوانه‌ی داعش "به‌ یه‌كه‌كانی فه‌وجی 91ی سوپای عێراق ده‌وره‌دراون كه‌ شه‌رگاتیان ده‌وره‌داوه‌".

وتی پاشماوه‌كانی داعش رووبه‌ڕووی "مردنێكی هێواش" ده‌بنه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامی رێوشوێنه‌ ئه‌منییه‌ توونده‌كان و هێرشه‌ ئاسمانییه‌ به‌رده‌وامه‌كاندا له‌لایه‌ن فڕۆكه‌كانی عێراق و هاوپه‌یمانان و ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی گه‌ڕان و پشكنیندا له‌لایه‌ن سوپا و پۆلیس و هێزه‌ خێڵه‌كییه‌كانه‌وه‌.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌: "تیرۆریسته‌كان له‌لایه‌ن ته‌واوی دانیشتوانی ناوچه‌كه‌وه‌ ره‌تده‌كرێنه‌وه‌ و هیچ كامیان نایه‌نه‌وێت ئه‌وانه‌ زیندوو بن به‌هۆی مێژووی تاوانكارییه‌ بێویژانانه‌كانیانه‌وه‌."

وتی: "دانیشتوانی ناوخۆ هاوكاریی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌كه‌ن و زانیارییان پێده‌به‌خشن له‌پێناو به‌ته‌واوی له‌ناوبردنی تیرۆریستاندا."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500