هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

ماڵه‌كانی حەوانەوە و تەقەمەنییەکانی داعش لە بیابانی حەزه‌ر لەناوبران

خالید تائی

دوکەڵ لە حەشارگەکانی داعش هەڵدەستێت کە هێزەکانی عێراق لەناویانبردن لە 21 تشرینی دووەم لە بیابانی حەزه‌ر لە نەینەوا. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

دوکەڵ لە حەشارگەکانی داعش هەڵدەستێت کە هێزەکانی عێراق لەناویانبردن لە 21 تشرینی دووەم لە بیابانی حەزه‌ر لە نەینەوا. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا پێنجشەممە (21 تشرینی دووەم) ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و پشكنینی دەستپێکرد لە بیابانی حەزه‌ر و شارۆچکەی بەعاج بۆ دەرپەڕاندنی پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە ناوچەکە.

وەزارەتی بەرگری عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگه‌یاند كه‌ ئۆپەرایسۆنەکە ئامانجی "وشککردنی سەرچاوەکانی تیرۆریزمە لەگەڵ دەستگیرکردنی کەسانی داواکراو بۆ دادگایکردن و پتەوکردنی ئارامی" لە ناوچە بیابانییەکانی باشوری رۆژئاوای موسڵ.

ئۆپەراسیۆنەکە بووە هۆی دۆزینەوە و لەناوبردنی حەوت ماڵی حەوانەوەی داعش.

وەزارەتەکە رایگه‌یاند كه‌ هێزە ئەمنییەکان پشتێنێکی تەقەمەنییان لەناوبرد لەگەڵ سێ تەقەمەنی دەستکرد و ئامێری تەقاندنەوە کە لە ماڵەکانی حەوانەوەیاندا دۆزرانەوە لەگەڵ لۆرییەکی بۆمبڕێژکراو.

سەربازانی عێراق ئۆپەراسیۆنێکیان دەستپێکرد بۆ دەرکردنی پاشماوەکانی داعش لە بیابانی حەزه‌ر و بەعاج لە پارێزگای نەینەوا. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

سەربازانی عێراق ئۆپەراسیۆنێکیان دەستپێکرد بۆ دەرکردنی پاشماوەکانی داعش لە بیابانی حەزه‌ر و بەعاج لە پارێزگای نەینەوا. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

سەرۆك شارەوانی حەزه‌ر، بەسام ئەحمەدی، هەینی بە دیارونای وت ئۆپەراسیۆنەکە بەشێكە لە ئۆپەراسیۆنە به‌رده‌وامه‌كانی راماڵین لە ناوچەکە.

وتی: "بەتایبەتی سەرنجی لەسەر ناوچە بیابانییەکانە کە لە شارۆچکەی حەزه‌رەوە درێژدەبنەوە تا بەعاج و سنووری عێراق و سوریا."

وتیشی دوو رۆژ لەمەوبەر، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا و هێزە خێڵەکییەکان ئۆپەراسیۆنێكی گەڕانیان ئەنجامدا لە ناوچەی تل ئەبتا.

وتی: "به‌ڵام تەنیا دوو ماتۆڕسایکل دۆزرانەوە کە پاشماوەکانی داعش بەکاریانهێنابوون بۆ گواستنەوە لە بیابانەکە، له‌گه‌ڵ چوار تفەنگی ئۆتۆماتیك."

داعش هیچ دەرفەتێکی بۆ مانۆر نەماوە

ئەحمەدی وتی: "هێزە ئەمنییەکان هیچ دەرفەتێکیان نەهێشتۆتەوە بۆ مانۆر و گردبوونەوەی تیرۆریستەکان لە بیابانەکە."

وتیشی: "بەردەوام کاردەکەن بۆ پتەوکردنی هەوڵەکانی دۆزینەوەیان و رێگرتن لەوەی ناوچەکە ببێتە مۆڵگەی تیرۆریستان و ببنە هەڕەشە بۆسەر شار و گوندەکان."

ئەحمەدی وتی: "سوپا و پۆلیس و یەکە خێڵەکییه‌كان دەنێردرێن بۆ ئەرکی گەڕان و پشكنین بەدرێژایی ناوچە بیابانییە بەرفراوانەکە نزیك بەو شوێنەی ناسراوە بە (دورگەی) جەزیرە یان بۆ به‌شه‌كانی بادییە (بیابان)."

وتیشی لەڕێی چاودێری ئاسمانی و زەمینی ئه‌و ناوچانه‌وه‌ كه‌ کراونەتە ئامانج، حەشارگەکانی داعش لە ناوچەکە ده‌ستنیشانده‌كه‌ن.

ئەحمەدی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ چەند شوێنێکی چەکدارانی داعش ماوە لە بیابانەکە و شمەکی کەمیان پێیە تا بتوانن لە ژیاندا بمێننەوە.

وتی: "تەنانەت ئەگەر جارێكیش خۆشیان رزگاربکەن لە فشارە سەربازییەکە، هێشتا ناتوانن بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ به‌زیندوویی بمێننه‌وه‌."

"کەوتۆتە سەر کات."

ئەمنییەت پشتیوانی بنیاتنانەوەیە

ئەحمەدی وتی سەرکەوتنە ئەمنییەکان گرنگن وەك فاکتەری پشتیوانی لە هەوڵەکانی بنیاتنانەوە لە ناوچەکە.

وتی: "ئارامی هانماندەدات ئەرکەکانمان جێبەجێکەین بۆ چاککردنه‌وه‌ی خزمەتگوزارییه‌ گشتییه‌كان و دەزگاکانی لەلایەن تیرۆریستانەوە تێکدران لەکاتی داگیرکردنی شارۆچکەکەدا."

وتیشی: "چەندین پرۆژه‌ی وێرانكراومان چاککردۆتەوە، كه‌ دیارترینیان بنکەی تەندروستی و نوسینگه‌ی دادگا و بینای شارەوانییە، جگە لە کردنەوەی سێ قوتابخانە و چاککردنی رێگاکان."

وتی له‌وانه‌ رێگایه‌كی هەشت کیلۆمەتری له‌ ناوچەی جەزیرە و پرده‌ سەرەکییه‌كه‌ی ناوچەکە.

ئەحمەدی وتی نزیکەی لە سەدا 80 دانیشتووانە ئاوارەکە گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵیان لە شارۆچکەی حەزه‌ر، کە ژمارەی دانیشتووانی 22,000 کەس بوو بەرلەوەی ناوەڕاستی 2014 داعش داگیریبکات و زۆربەیان ناچاربكات به‌ هه‌ڵهاتن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500