خالیدە حسێن، 47 ساڵ، تازه تهواوبووه له پڕکردنهوهی ماڵەکەی لە کەلوپەل لە شاری كەرمە لە ئەنبار وەك ئامادەکاری بۆ زستان.
ناوبراو بە دڵخۆشییەوە وتی: " ئەمە یەکەم زستانە دوای پێنج ساڵ کە تیایدا بنمیچێك هەیە لەسەر سەرمان و پێویستناکات لە ریزی خواردندا بوەستین."
خاتوو خالیده بەمدواییانە لەگەڵ هەزاران خێزانی دیکەی ئاوارە لە کەمپێکی باشوری بەغداوە گەڕایەوە بۆ ماڵەکەی لە كەرمە، کە 15 کیلۆمەتر لە باکوری رۆژهەڵاتی فەلوجەیە.
وتی خۆی و خێزانەکانی دیکە توانییان بگەڕێنەوە دوای ئەوەی ناوچە و گوندەکانی دەوروبەری شارۆچکەکە لە پاشـاوەی شەڕی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) پاکرانەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقهوه.
وتیشی ساڵێكی باش بوو، "چونکە ئەم ساڵ گەڕامەوە ماڵەکەم و ئەوانەش کە بوونە هۆی ئاوارەبوونمان لەناوبران،" لهنێویاندا سەرۆکی داعش ئەبوبەکر بەغدادی.
ئامادەیه بۆ بنیاتنانەوە
هەرچەندە زۆر بەربەست ماوە لە شارۆچکە رزگارکراوەکاندا وەك خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەڵام دانیشتووانەکە دەڵێن دەیانەوێت بەشداربن لە کارەکانی چاکردنەوە و بنیاتنانەوەدا.
بەڕێوبەری گشتی کاروباری ئاوارەکان لە وەزارەتی کۆچ و ئاوارەکانی عێراق، تالیب ئەسغەر دوسا، وتی لە ناوەڕاستی 2019 هەزاران خێزانی عێراقی گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان، دوای دوورخستنهوهی پاشماوەکانی شهڕ كه له داعش بهجێماون و ئاوهدانكردنهوهی ناوچەکانیان و خستنهوهگهڕی تۆڕەکانی کارەبا و ئاو.
وتی: "وەزارەتەکە ههوڵدهدات پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان خێراتربکات لەڕێی کارکردنهوه لەگەڵ وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ کە بەرپرسیارن لە رەوشی ئەمنی."
بە دیارونای وت کارەکان بریتین لە لابردنی پاشماوەی تەقەمەنییەکان و پاشماوەکانی شهڕ و پێداچوونهوهی ناوی ئەوانەی دەگەڕێنەوە تا دڵنیایی هەبێت لهوهی بەشدارنەبوون لە تاوان و کردەوەی تیرۆریستیدا.
وتی: "هەر خێزانێك توانیبێتی بگەڕێتەوە ماڵهی خۆی، بەهۆی ههوڵهكانی هێزە ئەمنییەکانی عێراقهوه بووه کە ناوچەکانیان لە داعش رزگارکرد."
وتیشی ئێستا ستافی شارەوانی و کارەبا و تەندروستی و کۆچ کاردەکەن بۆ ئاساییکردنەوەی رەوشیە ناوچە رزگارکراوەکان، لەکاتێکدا نەتەوە یەکگرتووەکان پرۆژەی گەشەپێدان ئەنجامدەدەن لە كهرتهكانی تەندروستی و پەروەردە و ژینگەدا.
هاوکاری ئەوانەی دەگەڕێنەوە
وەزارەتی کۆچ و ئاوارەکان لە 5 تشرینی دووەم، سێیەم بهشه هاوکاری دارایی نارد بە بڕی 1.5 ملیۆن دینار (1,260 دۆلار) بۆ هەر خێزانێك کە بەمدواییانە گەڕاوەتەوە ماڵەکانیان لە شارەکانی باکور و ناوەند و باشوری عێراق.
هاوکارییەکە بۆ پشتیوانیکردنە لەوانەی گەڕاونەتەوە تا کەرەکانیان جێبەجێبکەن، چونکە زۆربەیان پێویستیان بە چاکردنەوە و پڕکردنی ماڵەکانیانە لە کەلوپەل یان ماڵی دیکە بەکرێ بگرن.
وەزراەتەکە لە بەیاننامەیهکدا رایگهیاند كه هاوکارییە داراییەکە بۆ 9,733 خێزانە لە پارێزگاکانی ئەنبار و نەینەوا و دیالە و سەڵاحەدین و بەغدا و کەرکوك، ئەمەش دوای دوو جار پێدانی هاوکاری دێت کە پێشتر درابوون بە 5,000 و 10,000 خێزان.
وەزیری کۆچ، نەوفەل بەها موسا، لە بەیاننامەکەدا وتی: "خێزانە ئاوارەکانی هاوکارییە داراییەکە دەیانگرێتەوە دەتوانن لەڕێی سمارت کارتهكانیانهوه وەریگبرن لهو ئامێرانهوه کە لە سەرانسەری وڵاتدا دانراون."
جێگری سەرۆکی پۆلیسی كەرمە، موقەدەم عەبدولستار ئەحمەد وتی هێزەکانی عێراق هاوکاریی گەڕانەوەی ئاوارەکان دهكهن بۆسەر ماڵ و حاڵیان.
وتی پۆلیس و سوپا ئۆتۆمبیلەکانیان بەکارهێنا بۆ گواستنەوەی ئاوارەکان و جلوبەرگ و کەلوپەلەکانیان لەبەرئەوەی پاسەکانی وەزارەتی گواستنەوە بەشی گەڕانەوەی هەموو ئاوارەکانی نەدهکرد.
بە دیارونای وت: "ئەمە ئەرکە و ئێمە شانازیی پێوه دەکەین كه تێیدا بهشدرابین. دواجار هەموومان کاردەکەین بۆ خزمەتی ئەوان."
نوستن بەبێ ترس
عەبدولسەلام جومەیلی، کە لە شارۆچکەی قەناتر لەنزیك كەرمە ئاوارە ببوو، بە گاڵتەوە وتی دوای ئەوەی گەڕایەوە ماڵەکەی چەند رۆژێك لەمەوبەر، هەرکاتێك دەیەوێت ماڵ جێبهێڵێت دەست بۆ سەرەوە دەبات وەك لەوەی پاڵ بە دەرگاکەوە بنێت بۆ پێشەوە چونکە بەو قوماشە راهاتبوو کە دەرگای خێمەی خێزانەکەی بووە لە ئاوارەییدا.
وتی زۆر دڵخۆشە لە ماڵێکدایە کە دەرگایەکی هەیە و دەکرێت دابخرێت.
بە دیارونای وت: "من دڵخۆشترین پیاوم لە عێراق ئەمڕۆ. ههر چوار منداڵەم دەبینم لە ژوورەکەیان خەوتوون بەئارامی بەبێ ترسی ئەوەی مێروو بێتە ناو خێمەکەوە یان لەبەر باران تەڕببن."
جومەیلی وتی ئەو پێنج ساڵە لە ئاوارەیی زۆر ناههموار بوو.
وتی ناچێتە عەقڵەوە ئەمڕۆ خەڵك چیدی گوێبگرن بۆ هەر جۆرە قسهوباسێكی تووندڕەوانه.
وتیشی: "لە رابردوودا ئێمە لەسەری بیدەنگبووین و ئەوەمان دەوتەوە كه 'پەیوەندی بە ئێمەوە نییە' -- تا ئاوارە بووین و خەڵكی دیکە خراپتریشیان بهسهرهات و بوونە لاشەی مردوو."