دەیان پرسهدار سێشەممە (12 تشرینی دووەم) چوونە كڵێسایهك بۆ پرسەی قەشەی کاتۆلیکی ئەرمەنی و باوکی کە لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە کوژران لە باکوری خۆرهەڵاتی سوریا.
پیاوان و ژنان و منداڵان بەجلی رەشەوە گردبوونەوە بۆ یادکردنەوەی ژیانی جۆزێف حەننا ئیبراهیم و باوکی لە شاری قامیشلۆی زۆرینە کورد.
پیاوانی ئایینی نزاکانیان بە ئەرمەنی و ئارامی کرد پێش گردبوونەوەی ئەندامان بەڕیز بۆ ماڵئاواییکردن لە تهرمهكانیان كه بە گوڵ و مۆم رازێندرابوونهوه.
رێکخراوی روانگەی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند كه ئیبراهیم و باوکی دووشەممە بە فیشەك کوژران لە رێگەیاندا بەرەو خۆرهەڵاتی پارێزگای دێرەزوور، کە لەوێ بەنیازبوون پشکنین بکەن بۆ پرۆژەیەکی بنیاتنانەوەی كڵێسایهك.

قەشەیەك پێشەنگی نزاکاران دەکات لەکاتی پرسەی قهشه جۆزێف حەننا ئیبراهیم و باوکیدا لە کەنیسەی سەینت جۆزێف لە شاری قامیشلۆی پارێزگای حەسەکە لە 12 تشرینی دووەم. [دەلیل سولێمان/ئاژانسی فرانس پرێس]
رێكخراوهكه رایگەیاند كه کوشتنیان لەهەمان رۆژدا بوو کە سێ تەقینەوە لە بازاڕێکی نزیك بە قوتابخانەیەکی قامیشلۆ شەش مەدەنیی کوشت.
رێکخراوی لوڤر دی ئۆریێنت کە لە فەرەنسایە و پشتیوانیدهكات له کەمینە مەسیحیەکانی ناوچەکە، رایگەیاند كه ئیبراهیم کاریدەکرد لەسەر "پرۆژەکانی بنیاتنانەوە" لەگەڵ پشتیوانیكردنی خەڵکە ئاوارەکەی خۆرهەڵاتی سوریا.
رێكخراوه فهرهنسییهكه سەرکۆنەی کوشتنی قهشهكه و باوکی کرد و بە "هێرشێکی تیرۆریستی" لهقهڵهمیدا و سەرکۆنەی سێ تەقینەوەکەشی کرد کە قامیشلۆیان هەژاند، لهكاتێكدا رایگەیاند كه "نزیك بە كڵێساكان" بوون.
نزیکەی ملیۆنێك مەسیحی لە سوریا دەژین، لەنێویاندا لە قامیشلۆ کە هێزە کوردییەکان و ئەو هێزانەش کە دڵسۆزی رژێمی سوریان هەردووکیان بەرپرسن لە پاراستنی ئاسایش.
چەکدارە کوردەکان پێشەنگی شەڕی دژی داعش بوون لە سوریا بەپشتیوانیی ئەمریکا و توانییان گروپەکە لەدوایین ناوچەی ژێردەستی دەربکەن لە مانگی ئازاردا.
بەڵام گروپەکە بەردەوامبووە لە لەئەستۆگرتنی چەند هێرشێك لە باکوری خۆرهەڵات و خۆرهەڵاتی سوریا.