هه‌واڵه‌كانی عێراق
کۆمەڵگا

کەرکوك هانی خێزانە ئاوارەکان دەدات بگەڕێنەوە

خالید تائی

کاروانێك کەمپی ئاوارەکان جێدەهێڵێت لە عێراق بۆ گەڕانەوە بۆ قەزای حەویجەی پارێزگای کەرکوك لە 28 شوبات 2018. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق]

کاروانێك کەمپی ئاوارەکان جێدەهێڵێت لە عێراق بۆ گەڕانەوە بۆ قەزای حەویجەی پارێزگای کەرکوك لە 28 شوبات 2018. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق]

دەسەڵاتدارانی کەرکوك ماوەیەکە کاردەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی ئاوارەیی له‌ پارێزگاکە لەڕێی زنجیرەیەك لە پاڵنەرەوە بۆ هاندانی خۆبەخشانە گەڕانەوەی ئاوارەکان.

بەڕێوبەری میدیای کەرکوك، مەروان عانی بە دیارونای وت لە دوو ساڵی رابردوودا، دەسەڵاتی خۆجێیی پارێزگاکە ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی نزیکەی 80 لەسەدی خەڵکی قەزای حەویجەی کردووە.

وتی قەزاکە کۆی دانیشتوانی نزیکەی 100,000 کەسە.

وتیشی خەڵکە ئاوارەکە گەڕاونەتەوە بۆ شارۆچکە بچوکەکانی حەویجەش، وەك زاب، عەباسی، ریاز، رەشاد، لەگەڵ هەندێك بەشی قەزاکانی داقوق و دبس.

هه‌روه‌ها وتی: "لە ئەنجامدا، لە کۆی حەوت کەمپی ئاوارەکان، سێ کەمپمان داخستووە، لەیلان 1 و 2، لەگەڵ کەمپی یەحیاوا، لەبەرئەوەی ئەم کەمپانە چیتر پێویست نین دوای گەڕانەوەی نیشتەجێکانیان بۆ ماڵەکانیان."

باشتربوونی ئاسایش

عانی وتی هەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکان بۆ ماڵەکانیان لە پارێزگای کەرکوك پێشڕەوی بەدەستدەهێنن بەگوێرەی رێنماییەکانی حکومەت و ستراتیژێكی نیشتمانی بۆ پاراستنی سەقامگیری لە تەواوی شارە رزگارکراوەکاندا لەدەستی داعش.

وتی: "وەك حکومەتێکی خۆجێی، ئەرکەکانی خۆمان بۆ بوژاندنەوەی خزمەتگوزاریەکانی کەرتی گشتی کە لەکارخرابوون بەهۆی تیرۆرزمەوە جێبەجێدەکەین بۆ دروستکردنی کەشێکی شیاو بۆ خەڵکە ئاوارەکەی کەرکوك."

وتیشی بنیاتنانەوەی ژێرخان و خزمەتگوزارییەکان وادەکات ئاوارەکان بتوانن بگەڕێنەوە و لە ماڵەکانیاندا نیشتەجێببنه‌وه‌ و رێگر دەبێت لە هەر کۆچێکی پێچەوانە بەرەو کەمپی ئاوارەکان.

وتی: "هەروەها کاردەکەین لەگەڵ هێزە ئەمنیەکان بۆ دابینکردنی پارێزگاریی تەواو بۆ ناوچە ئازادکراوەکان، لەبەرئەوەی ئاسایش فاکتەرێکی پشتگیریی گرنگە بۆ ژیانی ئاسایی لەهەر ناوچەیەك."

عانی وتی جیا لە خەڵکە ئاوارەکەی خۆی، کەرکوك هەزاران ئاوارەی پارێزگا نزیکەکانیش لەخۆدەگرێت، لەنێویاندا دیالە و سەلاحەدین و نەینەوا.

وتی: "گەڕانەوەیان کاری لەپێشینەی حکومەتی خۆجێییە."

هاوکات، حکومەتی عێراق تاووتوێی رێگەکانی گەڕانەوەی خۆبەخشانەی خێزانە ئاوارەکان دەکات بەگوێرەی قۆناغ و لەڕێی باربوو، قەرەبوو، له‌گه‌ڵ هاندەری دارایی دیکەوە کە یارمەتییان دەدات ماڵەکانیان دروستبکەنەوە.

چەندین بەربەست ماون

بەڵام هەوڵی کۆتاییهێنان بە قەیرانی ئاوارەکانی کەرکوك تووشی چەندین بەربەست دەبێت، چونکە دەیان گوند و شارۆچکە بەتەواوی لەلایەن داعشەوە وێرانکراون.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوك، مەعەن حەمدانی وتی: "116 گوند هەن، لەگەڵ ناوەندی شارۆچکەی مولتەقا، کە لەکاتی شەڕی دژی تیرۆریزمدا بەتەواوی وێرانکراون."

وتیشی ئەمە لەنێویاندا خانوو، کێڵگە و ژێرخانیش هەن.

هه‌روه‌ها وتی نزیکەی 70,000 کەس کە خەڵکی ئەم گوندانە بوون ئێستا لە کەمپەکانی ئاوارەییدا دەژین، لەکاتێکدا ئەوانیدی لە نشینگەی کاتیی کرێدا دژین یان له‌لای خزمەکانیان لە کەرکوك.

وتی حکومەتی خۆجێیی خەمڵاندوویەتی كه‌ پێویستی بە نزیکەی 1 ملیار دۆلار هەیە بۆ بنیاتنانەوەی ئەم گوندانە، لەگەڵ ئەو بودجەیەی کە تەرخانکراوە بۆ پرۆژە نوێکانی نیشتەجێبوون و ژێرخان و خزمەتگوزاری، لەنێویاندا وێستگەکانی ئاو، تۆڕی کارەبا، خوێندنگە و نەخۆشخانەکان.

وتیشی بەرپرسانی کەرکوك لەئێستادا چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و نوێنەرانی دەوڵەتانی بەخشەر دەکەن بۆ تاووتوێکردنی چەند رێگەیەك بۆ پشتیوانیکردنی پارێزگاکە و یارمەتیدانی بۆ روماڵکردنی تێچووی بنیاتنانەوە.

هه‌روه‌ها وتی گوندە زیانبەرکەوتووەکان بە رووبەری 180 کیلۆمەتر درێژدەبنەوە، لە کەنارەکانی دبسەوە لە باکوری خۆرئاوای کەرکوك، بۆ قەزای دوز لە بەشی خۆرئاوای پارێزگاکە، کە خاڵییە لە دانیشتوان.

حەمدانی وتی: "زۆربەی دانیشتوان ئەو جوتیارانەن کە رزق و رۆزییان نەماوە." ئاماژەیکرد بەوەش كه‌ سوود دەبینن لەو هاریکارییەی دەیاندرێتێ بۆ پشتیوانی لە بنیاتنانەوەی کێڵگەکانیان و پرۆژە کشتوکاڵییە نوێکان.

وتیشی نیگەرانیی ئەوە هەیە کە ئه‌گەر خەڵکی رەسەنی ناوچەکە نەگەڕێنەوە بۆ ئەم شوێنانە، پاشماوەکانی داعش ئامادەیی خۆیان لەم ناوچانەدا بچەسپێنن، کە رەنگە ببێتە خاڵی دەستپێکی هێرشەکانی داهاتوو.

کۆمەكی خۆراك و پشتیوانی

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران کاردەکات بۆ ئاسانکاریی خۆبەخشانە گەڕانەوەی هەموو ئەوانەی بەزۆر لە ماڵەکانیان دەرکراون لەکاتی داگیرکارییەکەی داعشدا.

بەرپرسی کاروباری لقەکانی وەزارەت، عەلی جەهانکیر وتی ئەمە هەموو ئەوانە دەگرێتەوە کە لە پارێزگای کەرکوك ئاوارە بوون.

بە دیارونای وت: "پاس و پشتیوانی لۆجستی دابیندەکەین بۆیان تا بتوانن بەسەلامەتی بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان."

وتی: "بەدوای بارودۆخیاندا دەچین تەنانەت دوای نیشتەجێبوونەوەیان و کۆمەکیان دەکەین لە خۆراکەوە بۆ کۆمەکی فریاگوزاری لەگەڵ باربوو تا بتوانن بکەونەوە سەرپێی خۆیان."

وتیشی هەوڵی یارمەتیدانی ئاوارەکان بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان لە کەرکوك پێشڕەوی بەدەستدەهێنێت، لەکاتێکدا "ژمارەیەکی زۆری ئەم خێزانانە کە پێشتر هانیاندراوە خۆبەخشانە بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان لەئێستادا ژیانێکی ئاساییان هەیە".

جەهانکیر وتی: "ئەوانەش کە بە ئاوارەیی ماونەتەوە، پابەندین بەوەی تەواوی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانیان بۆ دابینبکەین و پشتیوانییان بکەین تا ئەوکاتەی دۆخی شیاو بۆ گەڕانەوەیان لەباردەبێت."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500