هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئابوری

سەلاحەدین کاردەکات بۆ بنیاتنانەوەی قەزای بێجی دوای داعش

خالید تائی

ئۆتۆمبیلەکانی شارەوانی داروپەردوو لادەبەن لەو بینایانه‌ی زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی شەڕی تیرۆریزمەوە لە قەزای بێجی، پارێزگای سەلاحەدین، لە 22 تەمموز. [خاوەنی وێنە: شارەوانی بێجی]

ئۆتۆمبیلەکانی شارەوانی داروپەردوو لادەبەن لەو بینایانه‌ی زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی شەڕی تیرۆریزمەوە لە قەزای بێجی، پارێزگای سەلاحەدین، لە 22 تەمموز. [خاوەنی وێنە: شارەوانی بێجی]

حکومەتی خۆجێیی پارێزگای سەلاحەدین دەستیکردووە بە پلانی بنیاتنانەوە لە قەزای بێجی بە هاریکاری لەگەڵ نەتەوە یەکگرتوەکان، بەرپرسێکی ناوچەکە بە دیارونای وت.

قەزاکە به‌سه‌ختی وێران بوو لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکاندا بۆ دەرکردنی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە تشرینی یەکەمی 2015، کە بووە هۆی ئەوەی پەرلەمانی عێراق سێ ساڵ لەمەوبەر وەك ناوچەی کارەساتبار له‌قه‌ڵه‌می بدات.

لەوکاتەوە تەنیا بنیاتنانەوەیەکی سنوورداری تێدا ئەنجامدراوە و زۆربەی 200,000 دانیشتوانەکەی کە بەزۆر دەرکرابوون هێشتا ناتوانن بگەڕێنەوە بەهۆی ئەوەی خانووەکان ناشێن بۆ نیشتەجێبوون و خزمەتگوزاری گشتی زۆر خراپە.

پارێزگاری سەلاحەدین عەمار جەبر بە دیارونای وت هەوڵەکانی بنیاتنانەوە 20 پرۆژەی خزمەتگوزاری گشتی لەخۆدەگرن و هەزاران خانووی زیان بەرکەوتووش.

وتی ئەم پرۆژانە پێکدێن لە خوێندنگەکان، ناوەندەکانی تەندروستی، باڵەخانە حکومییەکان و ژێرخانی وەك ئاو، کارەبا، رێگە و پردەکان.

وتی ئەو کۆمپانیانەی هەڵبژێردراون بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکان ئاگادارکراونەتەوە و وتیشی پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانی دارایی ئەم هەوڵە دەکات و بەڕێوەیدەبات بە هاریکاریی دەزگاکانی حکومەت.

جەبر وتی پلانەکانی بنیاتنانەوە دروستکردنەوەی 1,000 خانوو لەکۆی 7,000 ماڵ له‌خۆده‌گرێت کە لە ناوەندی قەزاکە زیانیان بەرکەوتووە و ئاماژەیکرد بەوەی ئەو خانوانەی سووتێنران لە پێشدا بیناده‌نرێنه‌وه‌.

وتیشی حکومەتی خۆجێیی هەوڵدەدات پێشڤەچوون بەدەستبهێنیت لە بنیاتنانەوەی قەزای بێجیدا بۆ "دڵنیاییدان بە گەڕانەوەی هەموو خێزانە ئاوارەکان و بەدەستهێنانی سەقامگیری و گەشەپێدان".

جەبر تیشکی خستە سەر پابەندبوونی دەسەڵاتی ناوچەکە بۆ بنیاتنانەوەی 5,000 خانووی کەم تێچوو لە تەواوی پارێزگاکەدا بۆ لەخۆگرتنی خێزانە ئاوارە و هەژارەکان.

ئاماژەیکرد بە سەرکەوتنی پلانەکانی بنیاتنانەوە لە شارەکانی دیکەی سەلاحەدین کە لە تیرۆریزم رزگارکراون، بەتایبەتی تکریت.

وتی: "ژمارەیەك پرۆژەمان تەواوکردووە، لەنێویاندا بنیاتنانەوەی 150 خوێندنگە و کردنەوەی دەزگاکانی [حکومەت] کە لە 2014وە داخراون لە چەندین کەرتی خزمەتگوزاری گشتییدا."

مینەکان ئاستەنگن

پەرلەمانتارێكی خەڵکی سەلاحەدین، میقدام جومەیلی وتی خزمەتگوزاری گشتی تاکە ئاستەنگ نیە لەبەردەم دەستپێکردنەوەی ژیانی ئاساییدا لە بێجی، به‌ڵكو مینە زەمینییەکانیش ئاستەنگێکی تاقەتپڕوکێنن.

بە دیارونای وت قەزاکە هێشتا بەتەواوی سەلامەت نییە لە هەڕەشەی ته‌قه‌مه‌نی و مینەکانی داعش، کە ئاستەنگی سەرەکین و رێگرن لە گەڕانەوەی دانیشتوان و تەواوکردنی پرۆژەکانی بنیاتنانەوە.

وتی لەئێستادا حکومەتی خۆجێیی کاردەکات لەگەڵ نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ تاودان بە پرۆسەی پاککردنەوەی بێجی و هەموو پاشماوەکانی شەڕ دوای سەرکەوتوانە هەڵگرتنەوەی هەزاران مینی زەمینی کە شاراوەبوون لە خاکە کشتوکاڵی و دەزگا گشتییەکاندا.

بەڕێوبەری ئەنجومەنی پارێزگای سەلاحەدین، سەبهان مولا جیاد، بە دیارونای وت هاوشێوەی تەواوی پارێزگای سەلاحەدین، بێجی و شارۆچکەکانی دەوروبەری ئەزموونی ئاسایشێکی بەهێز دەکەن.

وتیشی ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوامن بۆ بەدووکەوتن و كردنه‌ ئامانجی پاشماوەکانی داعش لە دوورگەی بێجی و ئەو بیابانەی درێژدەبێتەوە بەرەو پارێزگای ئەنبار.

هه‌روه‌ها وتی تیرۆریستان چیتر هەڕەشەیەك نین لەسەر قەزاکە و وتیشی ئاستەنگەکان هیشتا بەشێوەیەکی سەرەکی پەیوەندییان بە خزمەتگوزارییە گشتییەکانەوە هه‌یه‌ "کە ئێمە، وەك بەرپرسی ناوچەکە، هەوڵی چارەسەرکردنیان دەدەین".

جیاد وتی ئەو پرۆژانەی بنیاتنانەوە کە لە چوارچێوەی پلانی حکومەتی خۆجێییدان ژینگەیەکی شیاوی ژیان دەبەخشن بە هەزاران له‌ دانیشتووان کە ناچاربوون شوێنەکانیان جێبهێڵن و لەئێستادا دەخوازن بگەڕێنەوە و قۆناغی ئاوارەیی بەتەواوی کۆتایی پێبهێنن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500