بەرپرسانی پارێزگای ئەنبار و دەسەڵاتی سنووری دەلێن هەرچەندە مانگێك تێپەڕبووە دوای کردنەوەی خاڵی سنووریی قائیم لەنێوان سوریا و عێراقدا، چالاکی بازرگانی هێشتا دەستیپێنەکردۆتەوە.
دەڵێن ئهو میلیشیا چەکدارانهی ئێران پشتیوانییان دهكات و بۆ رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا شهڕدهكهن، ئەو خاڵە سنوورییە بەکاردێنن و ئەوەش بۆته بهربهست لە بەردەم چالاکی بازرگانی و ئابوریدا.
بەرلەوەی خاڵە سنوورییەکە بکرێتەوە، پیاوانی میلیشیاکان بە فڕۆکە گەشتیاندەکرد بەڵام ئابڵوقەکان لەسەر ئێران وایانکردووە رژێمی ئێران موچەی پیاوانی میلیشیاکان و خەرجیی هاتوچۆیان کەمبکاتەوە.
کردنەوەیەکی پڕ لە هیوای سنوورەکە
رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) ئەو خاڵە سنورییەی بەغدا و دیمەشقی پێکەوە دەبەستەوە لە 2014 کۆنترۆڵکرد، ئەوکاتەی گروپە تیرۆریستییەکە دەستیگرتبوو بەسەر ناوچەیەکی زۆردا لە عێراق و سوریا.
هێزەکانی عێراق بەپشتیوانیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی خاڵی سنووریی قائیمیان ئازادکرد لەکۆتایی 2017، بەفەرمیش لە 30 ئەیلول 2019 کرایەوە.
لەکاتی بۆنەی کردنەوەیدا، سەرۆکی بەڕێوبەرێتی دەسەڵاتی خاڵە سنوورییەکانی عێراق، کازم عەقابی وتی خاڵە سنوورییەکە رۆڵێكی گرنگی گێڕاوە لە بوژانەوەی بازرگانی و ئابوریدا لە ناوچەکە.
وتی کردنەوەی دەبێتە هێنانی هەلی کار بۆ دانیشتووانە ناوخۆییەکە لە قائیم لە عێراق و ئەلبوکەمال لە سوریا.
بەرپرسێکی گومرگ لە خاڵی سنووریی قائیم کە داوایکرد ناوی نەیەت، بە دیارونای وت تائێستا زۆر بەکەمی چالاکی بازرگانی و گەشتوگوزار وهاتوچۆی تاکەکەسی و خێزانی ئەنجامدراوە.
وتی تەنیا پیاوانی ئهو میلیشیا عێراقیانهی لە سوریا شەڕدەکەن و ئێران پشتیوانییان دهكات، ئەو خاڵە سنوورییە بەکاردێنن.
بەرپرسەکەی گومرگ وتی ئەو کەسانە ئەندامی ژمارەیەك میلیشیان -- دیارترینیان حەرەکهی نوجەبا، سەید شوهەدا، کەتائیب حیزبوڵا و ئەنساروڵا ئەوفیا -- بە ئۆتۆمبیلی دەبڵ ئهكسل یان بە پاس جموجۆڵ دەکەن.
وتیشی رژێمی سوریا پێدەچێت راستەوخۆ ئاسانکاری بکات بۆ چوونیان بۆ ناو سوریا.
خزمەتی میلیشیاکان سەربە ئێران دەکات
شارەزایهكی بواری ئەمنی، محەمەد حهیانی، کە خۆی عێراقییە، وتی کردنەوەی خاڵە سنوورییەکە خزمەتی میلیشیاکان دەکات کە پشتیوانی لە رژێمی سوریا دەکەن و ئەمەش هیج بههایهكی بازرگانی و ئابوریی نییە.
وتی بەپێچەوانەوە ئەمە هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایش و سهقامگیریی عێراق.
وتیشی کاتیك داعش ناوچە سنوورییەکەی کۆنترۆڵکردبوو، شمەکی نایاسایی و چەك و تفاقیان پێدا بە قاچاخ دەبرد لەنێوان قائیم لە دیوی عێراقەوە و ئەلبوکەمال و تەنەف لەدیوی سوریاوە.
ههروهها وتی ئێستا كه ئەو خاڵە سنوورییە کراوەتەوە، ئهو چەکدارانهی ئێران کۆیکردوونەتەوە تا لەپاڵ رژێمی سوریادا شەڕبکەن بەئاسانی هاتوچۆدەکەن لەژێر پەردەی ئهوهدا كه گوایە مەدەنین یان گهشتیارن.
حهیانی بە دیارونای وت سوریا هیچ بەرهەمێکی کشتوکاڵی و پیشەسازیی نییە هەناردەی عێراقی بکات. زیاتر لەوەش، هاوردە لە تورکیا و ئوردنهوه کەمتریان تێدەچێت و كواڵیتیشیان باشترە، ئهمه جگه لهوهی چەندە ئاسانترن بۆ بارزگانیی تایبەت و کەرتی گشتی لەڕوانگەیهكی ئەمنی و داراییەوە.
وتی گەشتیارییش نییە لەنێوان عێراق و سوریادا و گەر دەستیشپێبکاتەوە، ئهوا پێناچێت خەڵك ئەم رێگەیە بەکاربهێنن بەهۆی کێشەی ئەمنییهوه و ئەو کاتە زۆرەی پێویستە بۆ پەڕینەوە.
حهیانی وتی ئەو هۆکارانە وایانکردووە خاڵی سنووریی قائیم ببێتە خاڵێکی سنووری کە وەك خزمەتکاری میلیشیاکانی هەواداری ئێران ئەژماربکرێت و ئێران پشتیوانیی له کردنەوەی كردووه.
وتیشی: "چەکدارانی حیزبوڵای لوبنانیش دەتوانن خاڵە سنوورییەکە بەکاربهێنن بۆ هاتوچۆ بەبێئەوەی پێیان بزانرێت یان چاودێری بکرێن ئەو کاتانەی هێڵەکانی گەیاندنی هاوکاری لە ئێرانەوە کۆنترۆڵدەکەن."
چاودێریکردنی سنوورەکە
ئەندام پەرلەمانێكی عێراق، سەلام شەممەری وتی دوای کردنەوەی خاڵی سنووریی قائیم، بازرگانی دەستیپێنەکردۆتەوە بەو شێوەیەی هیوای بۆ دەخوازرا.
بە دیارونای وت: "هەموو کەسێك ئاگاداری رەوشی ئەمنیی سوریایە و بەو هۆیەشەوە هیچ بازرگانییەك دەستیپێنەکردۆتەوە."
سەرۆکی کۆمپانیای بەنەفسەج بۆ گەشتوگوزاری، خەلدون قەیسی وتی: "پێش 2014 هەموو رۆژێك دوو ئۆتۆمبیلمان پڕدەکرد لە سەرنشینی [مەدەنی]."
بە دیارونای وت: "لەوەتەی گەشتی زەمینی بۆ دیمەشق دەستیپێکردۆتەوە، تەنیا 9 سەرنشین داواینکردووە گەشت بکەن، کە پارەی بەنزینەکەش پڕناکاتەوە تا ببرێنە ئەودیو سنوورەکە."
خاڵی سنووریی قائیم ئێستا خزمەتی چەکداران دەکات نەك مەدەنییەکان، عەلی مەحلاوی وتی، کە پێشتر ئەندام بووە له هێزەکانی سەحوە، كه میلیشیایەکی خێڵەکیی عێراقییه لە 2006 دامهزرێندرا تا شەڕی قاعیدە بکات.
عێراق جارێکی دیکە چەکدارانی سەحوە بەکاردێنێت تا لە ئەمنییەت دڵنیابێتەوە لە چەندین بەشی جیاوازی وڵاتدا.
مەحلاوی بە دیارونای وت هێزی ئاسمانی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی چاودێریی چوونی نایاسایی چەکدارانیان کردووە بۆ ناو سوریا، کە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە لەسەر رەوشی سوریا و گڕی شەڕ لەو وڵاتە خۆشدەکات.