هه‌واڵه‌كانی عێراق
تەندروستی

نەخۆشخانەکانی نەینەوا وردەووردە دەکەونەوە کار

خالید تائی

دانیشتوانی موسڵ خزمەتگوزاریی تەندروستییان لە نەخۆشخانەیەکی کاتییەوە پێدەگات، لەکاتێکدا چاوەڕێی ئەوە دەکەن ئەو نەخۆشخانانەی داعش زیانی پێگەیاندن بکەونەوە کار. [خاوەنی وینە: لیژنەی هەماهەنگی بۆ عێراق]

دانیشتوانی موسڵ خزمەتگوزاریی تەندروستییان لە نەخۆشخانەیەکی کاتییەوە پێدەگات، لەکاتێکدا چاوەڕێی ئەوە دەکەن ئەو نەخۆشخانانەی داعش زیانی پێگەیاندن بکەونەوە کار. [خاوەنی وینە: لیژنەی هەماهەنگی بۆ عێراق]

کاربەدەستانی نەینەوا ماوەیەکە کاردەکەن بۆ بنیاتنانەوەی دەزگا تەندروستیەکان لە موسڵ و شوێنەکانی دیکەی پارێزگاکە کە لەکاتی شەڕی دەرکردنی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا زیانیان بەرکەوت.

لەبەرئەوەی زۆرینەی 20 نەخۆشخانەی پارێزگاکە بەئاستی جیاواز زیانیان بەرکەوت لەکاتی شەڕەکەدا، کاربەدەستان پەنایان بردووە بۆ چارەسەری کاتی تا ئەوکاتەی ئەو نەخۆشخانانە بەتەواوی چاکدەکرێنەوە و دەخرێنەوە کار.

لەنێو ئەم چارەسەرانەدا کردنەوەی کلینیکی گەڕۆكی تێدایە، کە یارمەتی کەمبوونەوەی کێشەکەی داوە بەڵام بەگوێرەی پێویست نەبووە لەئاست پێداویستیەکانی پارێزگاکەدا، کە ژمارەی دانیشتوانی زیاد لە سێ ملیۆنە و نزیکەی نیوەیان لە موسڵ دەژین.

ئەم دەزگایانە تەنیا خزمەتگوزاریی سنووردار پێشکەشدەکەن، کە مانای وایە ئەو خەڵکانەی پێویستیان بە نەشتەرگەریی گەورە هەیە ناچارن گەشت بكه‌ن بۆ بەغدا یان شوێنی دیکە.

بەرپرسانی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی نەخۆشخانەی ئیبن سینا دەکەن لە 23 تەمموز. ئەو نەخۆشخانەیە زیانی زۆری بەرکەوت لەکاتی شەڕی دەرکردنی داعشدا. [خاوەنی وێنە: رێکخراوی تەندروستی جیهانی]

بەرپرسانی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی نەخۆشخانەی ئیبن سینا دەکەن لە 23 تەمموز. ئەو نەخۆشخانەیە زیانی زۆری بەرکەوت لەکاتی شەڕی دەرکردنی داعشدا. [خاوەنی وێنە: رێکخراوی تەندروستی جیهانی]

ژمارەی قەرەوێڵەی نەخۆشخانەکان لە موسڵ لە 6,000وە کەمبوونەتەوە بۆ 1,700، کە زۆرێکیان لە نەخۆشخانە کاتیەکاندان لەگەڵ ئەو دەزگا تەندروستیانەی زیان بەر بەشێكیان کەوتووە.

ئەمجەد عەدنانی، دانیشتوویه‌كی موسڵ کە چارەسەری نەخۆشی دڵی لە نەخۆشخانەی ئیبن بیتاری بەغدا پێدەگات، وتی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە موسڵ "هێشتا خراپن، هیچ چارەسەرێك نییە بۆ حاڵه‌تی پزیشكیی مه‌ترسیدار".

عەدنان بە دیارونای وت هیچ بژاردەیەکی نەبووە جگە لەوەی لەگەڵ کوڕەکەیدا گەشتبکات بۆ بەغدا، بەڵام هیوای خواست بەوەی دەزگا تەندروستیەکانی موسڵ بەمزوانە چاکبکرێنەوە.

وتی حەزدەکات دەزگا ناوخۆییەکان "بکەونەوە کار تا چارەسەری هەموو حاڵەتە پزیشكییه‌كان بکەن بەهەمان ئاستی پێش داگیرکاریی داعش".

پلانەکانی بنیاتنانەوە

بەڕێوبەر جاسم ئیبراهیم میعماری بە دیارونای وت بەڕێوەبەرێتی تەندروستی نەینەوا ماوەیەکە پلانێك جێبەجێدەکات بۆ بنیاتنانەوەی هەموو دەزگا تەندروستیەکانی موسڵ.

وتی: "چەند پلانێکی بنیاتنانەوەمان هەیە بۆ چەند باڵەخانەیەك لە خۆرئاوای موسڵ کە گەورەترین نەخۆشخانەی شارەکەی لێیە، نەخۆشخانەی گشتی ئیبن سینا."

وتیشی ئەم باڵەخانانە زیانی گەورەیان بەرکەوتووە "هه‌روه‌ها پلان دادەنێین بۆ بنیاتنانەوەیان لە ساڵی داهاتوودا بە کۆی تێچووی گشتی 320 ملیۆن دۆلار".

هه‌روه‌ها وتی پێشبینی دەکرێت کاری بنیاتنانەوە چوار ساڵ بخایەنێت و ئاماژەیکرد بەوەی دەزگا تەواوکراوەکە توانایه‌كی فراوانبووی 600 قەرەوێڵەی هه‌یه‌ -- 200 زیاتر لە ئاستی پێشووی کە 400 قەرەوێڵە بوو.

جگه‌ له‌ ئیبن سینا، کە پێشتر چارەسەری 150,000 نەخۆشی دەکرد لە مانگێکدا، باڵەخانەکە تاقیگەی کیلینیك و تیشك (ئه‌شیعه‌)ی تێیدایه‌ و بانکێکی خوێن و یەکەیەکی دۆخی کتوپڕ، لەگەڵ چەند نەخۆشخانەیەکی تایبەتمەند، لەنێویاندا نەخۆشخانەی زانکۆی جمهوری.

میعماری وتی لەکاتێکدا کار بەردەوامە، دەزگایەکی کاتی کراوەتەوە بەیارمەتی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە جمهوری، كه‌ نەخۆشخانەیەکی گەڕۆك له‌خۆده‌گرێت بە توانای 150 قەرەوێڵەوە، کە لە ئێستادا خزمەتگوزاریی تەندروستی پێشکەشدەکات بە خۆرئاوای موسڵ.

وتیشی: "بۆ خۆرهەڵاتی موسڵیش، لەڕێگەی پشتیوانی پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە، دەستمانکردووە بە پرۆسەیەکی بنیاتنانەوەی یەك ساڵە لە نەخۆشخانەی زانکۆی ئیبن ئەسیر."

بەشێکی نەخۆشخانەکە لە نیسانی 2018 کرایەوە و هەرکات کارەکانی تەواوبوو، توانای 400 قەرەوێڵەی دەبێت.

میعماری وتی کاربەدەستان کاریشدەکەن بۆ بنیاتنانەوەی نەخۆشخانەی سەلامی 400 قەرەوێڵەیی کە زیانی زۆری بەرکەوت، بەتایبەتی بە نهۆمەکانی سەرەوەی.

دابینکردنەوەی خزمەتگوزارییەکان

ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، خدیدا حەمۆ، وتی هەموو دەزگا تەندروستیەکانی پارێزگاکە لە شەڕی دەرکردنی داعشدا زیانیان بەرکەوت.

بە دیارونای وت دوای ئەوەی موسڵ ئازادکرا، حکومەتی خۆجێیی بەیارمەتی رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی وەك پزیشکانی بێسنوور، چەند ناوەندێکی تەندروستی و دەزگای کاتییان کردەوە.

وتی بەڵام ئەم دەزگایانە لەژێر فشاری سەختدان بەهۆی ژمارەی زۆری نەخۆشانەوە و توانای ئەنجامدانی نەشتەرگەریی گەورەیان نیە.

حەمۆ جەختیکردەوە لەسەر پێویستیی تەواوکردنی بنیاتنانەوە بەخێراییه‌كی زۆر و گەڕاندنەوەی نەخۆشخانە گەورەکان لە موسڵ و قەزاکانی وەك شەنگال بۆ توانای پێشووی خۆیان.

ئاماژەیکرد بە بنیاتنانەوەی سەرکەوتوانەی نەخۆشخانەی قەزای حەمدانیە، له‌ خۆرهەڵاتی موسڵ، بەڵام ئاماژەیکرد بەوەش كه‌ خزمەتگوزارییەکانی هێشتا بەتەواویی نەخراونەتەوە کار.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، حوسامەدین عەبار، بە دیارونای وت جیا لە زیانی ژێرخان، کەرتی تەندروستی پارێزگای نەینەوا ناڵاندوویەتی بەدەست کورتهێنانی ئامێری پزیشیکیەوە.

وتی نزیکەی 26 ملیار دینار (21 ملیۆن دۆلار) تەرخانکراوە بۆ پڕکردنەوەی ئەم کورتهێنانە بە دابینکردنی سكانه‌ری پشكنینی سی تی و ئێم ئاڕ ئای، تا چەندین جۆری دیکەی پشکنین و چارەسەر بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەکان پێشکەشبکات.

وتیشی: "بۆ کارمەندانی تەندروستیش شتەکان ئەرێنین، بەڵام کێشەکە دواکەوتنی موچەی مانگانەیە کە سه‌ختیی هێناوه‌ته‌ كایه‌وه‌." داوای کرد کەرتی تەندروستی پێداچوونەوەی بۆ بکرێت و خزمەتگوزارییەکانی باشتربکرێن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500