هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

ناكۆكی له‌سه‌ر 'هەڵگەڕاوەکان' له‌ تەلەگرام دووبەرەکی نێو داعشی خوراسان دەردەخات

سولەیمان

وێنەیەك کە لەلایەن داعشەوە لە تەلەگرام بڵاوکراوەتەوە، گروپێك لە چەکداران پیشانده‌دات له‌ده‌وری مۆبایلێك. [فایل]

وێنەیەك کە لەلایەن داعشەوە لە تەلەگرام بڵاوکراوەتەوە، گروپێك لە چەکداران پیشانده‌دات له‌ده‌وری مۆبایلێك. [فایل]

ئەندامانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە ئەفغانستان ناکۆکیی زۆریان کەوتۆتە نێوان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لەسەر ئەوەی کێ بە هەڵگەڕاوە لەقەڵەمدەدەن، بەگوێرەی ئاخاوتێنێکی ئەمدواییانەی سەر تەلەگرام کە لەلایەن بڵاوکراوەی سەلام تایمزەوە بینراوە.

پەیامەکان، کە لە 20 ئەیلولەوە پۆستکراون، ناکۆکی دەردەخەن له‌سه‌ر ئەوەی گروپە میلیشیاکانی دیکە -- لەم حاڵه‌ته‌دا، تەحریکی تالیبان پاکستان (تەحریك) -- هەڵگەڕاوەن یان نا.

تەحریك، لە دامەزراندنیەوە لە کانونی یەکەمی 2007، پەیوەندیی هەبووە بە تالیبان و قاعیدەی ئەفغانستانەوە، كه‌ هەردووکیان رکابەری داعشن کە کێبڕکێدەکەن بۆ بردنەوەی شوێنکەوتووان و هەندێكجاریش ده‌كه‌ونه‌ پێکدادانه‌وه‌.

لە تشرینی یەکەمی 2018، تەحریك نامیلکەیەکی رێنمایی 12 لاپەڕەیی بڵاوکردەوە کە بەشێکی تێدابوو رایده‌گه‌یاند كه‌ ئەندامانی داعشی خوراسان هەڵگەڕاوەن.

ئەندامانی داعش لە پێگەکانی تالیبان لە ئەفغانستان لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا. زۆر له‌ ئەندامانی داعش ئەندامی پێشووی تەحریکی تالیبان پاکستان (تەحریك) بوون. [فایل]

ئەندامانی داعش لە پێگەکانی تالیبان لە ئەفغانستان لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا. زۆر له‌ ئەندامانی داعش ئەندامی پێشووی تەحریکی تالیبان پاکستان (تەحریك) بوون. [فایل]

لە ئاخاوتنێکی ئەلەکترۆنیی ئەمدواییانەدا، ئەندامانی داعش دەبینرێن مشتومڕدەکەن دەربارەی ئەوەی ئاخۆ تەحریك کافرن یان نا.

لە هەوڵێکدا بۆ کپکردنەوەی مشتومڕەکە، بەکارهێنەری ئه‌كاونته‌ ئەلەکترۆنیەکەی داعشی خوراسان "محەمەد بن قاسم" دواتر وتارێکی بڵاوکردەوە هۆشداریدەدات لەوەی تەحریك لەڕاستیدا هەڵگەڕاوەن.

وتارەکە پرسیاری ئەوە دەکات: "هەڵگەڕاوەکانی تالیبان لە پاکستان ... بە موجاهیدینی رێزداری [داعش] دەڵێن کافر و خەواریج، کەواتە جیاوازی چییە لەنێوان تالیبانی ئەفغانی و ئەوانەدا [تەحریك]؟"

"داوا لە ئەندامانی [داعش] دەکەم ئامانجە سەرەکیەکە لەبیرنەکەن و رێ بەو دووڕووانە نەدەن گومان لە دڵەکانتاندا دروستبکەن و -- خوا نەکات -- گومڕاتان بکەن."

فەرمانیکرد: "ئەوەی پێتان دەکرێت تەنیا جێهیشتنی ئەم ئه‌كاونته‌ ئەلەکترۆنیانەیە. موسڵمانانی دیکەش لەم پیلانانە ئاگاداربکەنەوە و هەرگیز ئەو بابەتانە تاووتوێ مەکەن لەلایەن ئەوانەوە هێنراونەتە گۆڕێ."

بەکارهێنەرانی نێو گروپەکەی داعشی خوراسان لەسەر تەلەگرام بەشێوەیەکی ئاسایی باس لە بوونی "سیخوڕ" دەکەن لەنێو ئه‌كاونت و گروپەکاندا و ئەو راستییە دەردەخەن کە کارگێڕانی ئەلەکترۆنی داعش ماوەیەکی خراپ بەسەردەبەن بەهۆی ئەوەی نازانن متمانە بە کێ بکەن.

دووبه‌ره‌كییه‌كانی نێو داعشی خوراسان

شیکاروانێكی کاروباری سیاسی لە کابوڵ، ئەمینوڵا شارق وتی: "سەرکردەکانی داعش هەوڵدەدەن ئەندامانیان پێکەوە بهێڵنەوە و وادەربخەن کە هەموویان یەکگرتوون، بەڵام بۆچوونە جیاوازەکانیان دەربارەی ئەوەی تالیبانی پاکستان بە کافر لەقەڵەمبدەن و تەفسیری جیاوازیان بۆ ئیسلام دەریدەخات ناکۆکی نێوخۆییان هەیە."

ئەبوبەکر بەغدادی، سەرکردەی داعش، لە 27 تشرینی یەکەم کوژرا لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی ئەمریکادا لە سوریا.

شارق وتی: "لەکاتێکدا بەیەکتر دەڵێن کافر، دەرکەوتووە ململانێ لە گروپەکەدا هەیە. جیا لەوەش، زیادبوونی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانی و زەمینیەکان دەکرێت ناکۆکییه‌كانی نێوان چەکدارانی داعشی فراوانترکردبێت."

شیکاروانێكی سیاسی لە کابوڵ، ئەکبەر جان فولاد وتی: "هەندێك راپۆرت و بەڵگە ئەوە دەردەخەن کە ژمارەیەك ئەفغانی کە بەڵێنی دڵسۆزییان دابوو بە داعش، لەوان جیابوونەتەوە بەهۆی ستراتیژە زۆر دڕندەکەیانەوە."

وتی: "پێشتر، وادادەنرا کە چەکدارانی داعش لە یەك گروپدا رێکخرابوون لەژێر سەرکردایەتییەکی یەکگرتوودا، بەڵام پێگە جیاوازەکانی ئەندامانی گروپەکە دەریدەخات کە یەك سەرکردایەتییان نییە."

فولاد وتی: "ناکۆکیەکانی نێو ئەندامانی ئاماژەیە بە دەستپێکی دابه‌شبوون لەنێو گروپەکەدا."

بەگوێرەی نوێنەری پارێزگای کونار لە ولسی جیرگە (خانەی نوێنەرانی پەرلەمان) نیعمەتوڵا کەریاب، کە پێشتر لەگەڵ سەرکردەکانی داعش قسەیکردبوو لەکاتێکدا رۆژنامەوان بوو، ئەو ناتەباییە لە رابردووی ئەندامانی داعشی خوراسانەوە سەرچاوە دەگرێت.

بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمریکا، نزیکەی له‌سه‌دا 70 چەکدارانی داعش لە ئەفغانستان ئەندامی پێشووی تەحریك بوون کە پەیوەندییان پێوەکردووە دوای ئەوەی لە پاکستان دەرکراون بەهۆی هەڵمەتی بەردەوامەوە.

کەریاب وتی: "ژمارەیەك لە ئەندامانی داعش سووربوون لەسەر ئەوەی سەرکردایەتی داعش لە ئەفغانستان بدرێتە تالیبانی پاکستان، بەڵام کاتێك چەکدارانی داعش لە عێراق و سوریا و [شوێنەکانی دیکەی] خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و چیچانەوە هاتن بۆ ئەفغانستان، قایلنەبوون بەو بۆچوونە و ئەمەش وایکرد ناکۆکییەکە دەربکەوێت لەنێو چەکدارانی داعشدا."

بە ئاماژەکردن بە پشتێنەی خێڵەکیی پاکستان، كه‌ریاب وتی: "زۆربەی چەکداران و فەرماندەکانی داعش کە لە ئەفغانستان کاردەکەن خەڵکی ناوچەکانی ئۆراکزای، باجوور، موهمەند و وەزیرستانن."

وتیشی: "پێموایە داعش بە تالیبانی پاکستان دەڵێن کافر بەهۆی هاوسۆزیی [تەحریك]ەوە لەگەڵ تالیبانی ئەفغانستان -- وەك دەبینین، داعش و تالیبانی [ئەفغانستان] چالاکن لە شەڕکردن بەرامبەر یەکتردا."

شکاندنی پرێنسیپەکانی داعش

ئەو تۆماری ئاخاوتنە ئەلەکترۆنیەی 20 ئەیلول نیشانیشی دەدات کە ئەندامانی داعشی خوراسان یاساکانی گروپەکە دەشکێنن دەربارەی باسکردنی زیانەکانی شەڕ و قسه‌كردن له‌سه‌ر بابەتی مۆڵەت پێنەدراو.

شیکاروانێكی سەربازی و سیاسی لە کابول، عەزیز ئوستانکوزی وتی: "بەگوێرەی سیاسەت و پرێنسیپەکانی داعش، ئەندامانی گروپەکە رێیان پێنادرێت بۆچوونیان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی وەك فەیسبوك و تەلەگرام و ئەوانه‌ی دی دەرببڕن. ناوبردنی یەکتر یان گروپێکی دیکە بە کافر و بڵاوکردنەوەی وێنەی نافەرمی لەسەر پەیجە فەرمییەکان نەبوونی یەکێتی و دیسپلین دەردەخات لەنێو ئەندامانی داعشدا."

ئوستانکوزی وتی: "نوسین دەربارەی ژمارەی قوربانیان لەلایەن ئەندامانی داعشەوە لەسەر پەیجە تایبەتەکانیان و دەربڕینی بۆچوون دەربارەی قوربانیەکانیان لە شەڕەکاندا شکاندنی پرەنسیپەکانی داعشن."

توێژەرێكی دانیشتووی کەراچی کە چاودێریی چالاکییەکانی چەکداران دەکات لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، ئەمجەد حسێن وتی: "هەڵمەتێكی دەزگا یاساییەکان لە ئەفغانستان و پاکستان بەشێوەیەکی زۆر داعشی خوراسانی لاوازکردووە و دوای کوشتنی زۆربەی فەرماندەکانیان، پشتیوانانی گروپەکە نائومێد بوون و ناڕەزایی دەردەبڕن لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و بەرنامەی گۆڕینەوەی پەیامی ئەلەکترۆنی خێرای وەك تەلەگرام."

حسێن وتی: "پشتیوانانی داعشی خوراسان بەشێوەیەکی ئاشکرا پێشێلی سیاسەتە تووندەکانی گروپەکە دەکەن لە باسنەکردنی ناکۆکی نێوخۆیی بەشێوەیەکی ئاشکرا و پشتیوانانی گروپەکانی دی بە هەڵگەڕاوە لەقەڵەمدەدەن."

وتیشی: "وادیارە داعش لە لێواری دابەشبووندایه‌ لە ناوچەکە و شەڕی نێوان پشتیوانانی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەکرێت لەسەر زەمین دەستپێبکات."

بەرپرسانی ئەفغانی دەڵێن داعش لە ئەفغانستان تووشی چەندین پاشەکشە بووە و ئەو گروپە تیرۆریستیە ناتوانێت رووبەڕووی هێزە ئەمنیەکان ببێتەوە.

جێگری وتەبێژی وەزارەتی بەرگری، فه‌واد ئامان، وتی: "جیاواز لە چەند ساڵی رابردوو، داعش تێکشێنراوە ... هه‌روه‌ها ئەم گروپە لەئێستادا تەنانەت له‌ دۆخی ساڵێك لەمەوبەری خۆشیدا نییە."

وتیشی: "هەر رۆژێك تێپەڕدەبێت، ئاستی هێرش و فشارەکان زیاتر دەبن بۆ سەریان و لە چەند مانگێكی کەمی رابردوودا، سەدان چەکداری داعش لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە لەناوبراون."

[زیائوڕەحمان لە کەراچیەوە بەشداریی لەم راپۆرتەدا کردووە]

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500