هەواڵدەرێك کە زانیاری زۆری دابوو لە سەر جوڵەی سەرۆکی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) ئەبو بەکر بەغدادی پێدەچێت هەمووی یان شتێك لەو 25 ملیۆن دۆلارەی پێبدەن کە ئەمریکا وەك پاداشت داینابوو، بەگوێرهی هەواڵێكی واشنتن پۆست چوارشەممە ( 30 تشرینی یەکەم).
رۆژنامەکە رایگهیاند كه هەواڵدەرە ئەندامەکەی داعش لە پێگەیەکی باشدا بووە و ئاسانكاریی بۆ جموجۆڵهكانی بەغدادی کردووە لە سوریا و یارمەتی داوە سەرپەرشتی دروستکردنی حەشارگەکەی بکات لە سوریا.
ئهو فەرماندە ئەمریکییانهی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان شەوی شەممە لە حەشارگەکەیان دا و بە هەلیکۆپتەر چوونە سەر شوێنەکە و دوای دامەزرێنەرەکەی داعش کەوتن تا خۆیکرد بە تونێلێکدا و تێیدا هێلەگێکی بۆمبڕێژكراوی تەقاندەوە و خۆی کوشت.
بهگوێرهی رۆژنامەکە، هەواڵدەرەکە لەو شوێنە بووە لەکاتی هەڵکوتانە سەریدا و دوو رۆژ دواتر لەگەڵ خیزانەکەی لە ناوچەی مەترسی دوورخراونەتەوە.
![وێنەیەك كه دووشەممە (28 تشرینی یەکەم) گیراوە، سورییەکان نیشاندەدات لەسەر داروپهردووی ئەو شوێنەی رۆژێك پێشتر ئۆپەراسیۆنەکەی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا تێدا ئەنجامدرا دژ بە سەرۆکی داعش ئەبو بەکر بەغدادی، لە رۆخی گوندی سوریی باریشە لە پارێزگای ئیدلیب. [عومەر حاج کەدور/ئاژانسی فرانس پرێس]](/cnmi_di/images/2019/10/31/20673-Barisha-Idlib-province-600_384.jpg)
وێنەیەك كه دووشەممە (28 تشرینی یەکەم) گیراوە، سورییەکان نیشاندەدات لەسەر داروپهردووی ئەو شوێنەی رۆژێك پێشتر ئۆپەراسیۆنەکەی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا تێدا ئەنجامدرا دژ بە سەرۆکی داعش ئەبو بەکر بەغدادی، لە رۆخی گوندی سوریی باریشە لە پارێزگای ئیدلیب. [عومەر حاج کەدور/ئاژانسی فرانس پرێس]
رایگهیاند كه پیاوەکە، کە ناسنامەی ئاشکرا نەکراوە، پێدەچێت هەمووی یان بهشێك لەو 25 ملیۆن دۆلارەی پێبدەن کە ئەمریکا وەك پاداشت داینابوو بۆ سەری بەغدادی.
بەگوێرهی رۆژنامە ئەمریکییەکە، جگە لە جموجۆڵی بەغدادی، هەواڵدەرەکە ژوور بە ژووری حەشارگەکەی بەغدادی شارەزا بووە.
راشیگهیاند كه هەواڵدەرەکە، کە بەرپرسێك وەك عەرەبی سوننی ناساندی كه دژ بە داعش هەڵگەڕاوەتەوە دوای ئەوەی گروپەکە خزمێكی کوشتووە، لەلایەن هەواڵگریی کوردەوە ئامادەکرابوو.
رۆژنامەکە رایگهیاند كه کوردەکان کۆنترۆڵی ئهو كهسهیان رادهستی ئەمریکییەکان كردبوو، ئەوانیش چەندین هەفتە سەرقاڵی پشتڕاستکردنەوەی کارەکانی بوون بەرلەوەی هەلەکە بقۆزنەوە لهم مانگهدا بۆ ئهنجامدانی هێرشەکە.
چەندین مانگ کاری هەواڵگری
ئۆپەراسیۆنەکەی کوشتنی بەغدادی چەندین مانگ کاری هەواڵگریی پێویست بووە و هێزەکانی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئەمریکا سەرکردایەتی هێرشەکەیان کردووە بەپشتبەست بە هەواڵگریی کورد.
پۆڵات جان، راوێژکاری باڵای هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) وتی شەرڤانەکانیان تیمێكیان لەگەڵ سی ئای ئەی پێكهێنا لە 15 ئایار دوای ئەوەی بەغدادی لە پارێزگای ئیدلیب بینرابوو.
جان لەسەر تویتەر وتی: "سەرچاوەکەی ئێمە، کە توانیبووی بگاتە بەغدادی، جلی ژێرەوەی بەغدادی هێنا بۆ ئەوەی تاقیکردنەوەی دی ئێن ئەی لەسەر ئەنجامبدرێت تا دڵنیاببینەوە ئەو کەسە (لهسهدا 100) بەغدادی خۆیەتی."
فەرماندهیهكی هەسەدە، ژهنهراڵ مەزڵوم عەبدی لە دیمانەیەكدا لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی نیوز وتی شەڕڤانەکان راوێژکارێکی ئەمنییان لەناو کەسە نزیکەکانی بەغدادیدا چاند کە نەخشەی ماڵەکەی بۆ هێنان.
وتی ژمارەی پاسەوانەکان و نەخشەی ماڵەكە و تونێلەکانی تێدبوو.
ئێن بی سی نیوز لە راپۆرتێکدا رایگهیاند كه هەواڵدەرەکە سێ مانگ لەمەوبەر جلی ژێرەوەی بەغدادی هێناوە، دواتریش نمونەیەکی خوێنیشی هێناوە.
ئەمریکا نمونەی دی ئێن ئەی بەغدادی لابوو، کە لە عێراق لە ساڵی 2004 لە فەلوجە دەستگیرکرابوو بەرلەوەی ببێتە سەرۆکی داعش.
حهشارگهیهكی چاوەڕواننەکراو
وەکو ئوسامە بن لادن کە لە 2011 کوژرا لە شارۆچكهی سەربازیی ئەبوتئاباد لە پاکستان، بەغدادیش ژیریی باوی بەکارنەهێنا بۆ خۆحهشاردان.
هەسەدە رایگهیاند كه بەغدادی لە دێرەزوورەوە رۆیشتووە، هەرێمێکی بیابانی کە تێیدا داعش دوا شەڕی کرد دژ بە هێرشی هەسەدە، لەوێشەوە چۆتە گوندی باریشە لە ئیدلیب، کە هێشتا گۆڕەپانی شەڕە.
پارێزگاکەی باکوری رۆژئاوا بەزۆری لەژێر کۆنترۆڵی تەحریر شامدایە، کە رکابەری داعشە.
جان، راوێژکارەکەی هەسەدە، وتی داگیرکارییهكهی تورکیا ئەم مانگە ئۆپەراسیۆنەکەی دژی بەغدادی دواخست.
بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە بەو مەرجە لێدوانی دا ناوی نههێنرێت، وتی ئەمریکا بڕیاریدا "گرنگە كه ئێستا ئەنجامیبدەین".
سەرۆکی سوپاسالارانی هاوبهش، ژهنهراڵ مارك مایلی وتی ئەمریکا لەگەڵ هێزە سەربازییەکانی دیکە هاوئاهەنگیی کرد لەڕێی کەناڵە دامەزراوەکانەوە بۆئەوەی کێشە روونەدات.
هێزەکانی ئەمریکا بە ههلیکۆپتەر چوونە شوێنەکە و خێرا هێزەکانی بەغدادییان لەناوبرد له شەڕە تەقەدا و دواتر دەستیانگرت بەسەر بیانەکەدا بۆئەوەی مەدەنییەکان بپارێزن.
مایلی وتی بەغدادی رایکرد بۆ تونێلێك، كاتێك زانی کە دەورەدراوە، هێلەگه بۆمبڕێژكراوهكهی تەقاندهوە و خۆی و سێ منداڵی کوشت.
بهرپرسان وتیان هێزەکانی ئەمریکا موشەك و بۆمب و چەکیان بهكارهێنا بۆ تەقاندنەوەی بیناکە کاتێك بهجێیانهێشت ودواتر تەرمی شێواوی بەغدادییان فڕێدایە دەریاوه.