لە خاكی خۆیاندا لە باکوری رۆژئاوای چین، ئویگورەکان -- کەمینەیەکی موسڵمان لە پارێزگای كسینجیانگ -- دووچاری چهوسانەوەی تووندی سیاسی و ئایینی بوونەتەوە لەلایەن دەسهڵاتی وڵاتەوە.
شرۆڤەکاران بە دیارونایان وت ئەو چەوسانەوەیە کردوونی بە قوربانی دەستی گروپە تووندڕەوەکانی وەك قاعیدە و "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)، چونکە ئەو رەوشەیان دەقۆزنەوە تا بیانکەنە ئەندامی خۆیان و شەڕیان پێبکەن لە گۆرەپانەکانی شەڕ لە سوریا.
لێكۆڵەری سیاسی عەبدول نەبی بەکار بە دیارونای وت ئویگورەکان دووچاری ستەمی سیاسی و ئایینی و ئێتنی بوونەتەوە لە كسینجیانگ.
وتی دەیانەوێت دەوڵەتێکی سەربەخۆ دروستبکەن، بهناوی رۆژهەڵاتی تورکستان، لە ناوچە شاخاوی و بیابانییەکانی هەرێمی كسینجیانگ، کە بەهۆی ئهو رێگە دێرینهوه كه به رێگای ئاوریشم ناسراوه بۆتە دوو بەش و لانیکەم سێجار هەوڵیانداوە ئۆتۆنۆمی بهدەستبهێنن.
ئاژانسی فرانس پرێس مانگی رابردوو رایگهیاند كه گروپەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن زیاتر لە ملیۆنێك ئویگور و موسوڵمانانی دیکە لە تۆڕێكی فراوان له چەندین کەمپدا دانراون له كسینجیانگ بۆئەوەی تێکەڵببن لەگەڵ دانیشتوانی گشتی وڵاتەکە و کلتووری زۆرینهی هان لە چین لهخۆبگرن.
شایەتحاڵەکان دەڵێن چین دەیەوێت ئویگورەکان دەستهەڵگرن لە پابەندبوونیان بە پرەنسیپە سەرەکییەکانی ئیسلام وەك رۆژوگرتن لە مانگی رەمەزاندا و نەخواردنەوەی ئهلکحول و گۆشتی بەراز.
چین، دوای ئەوەی سەرەتا رەتیکردەوە کەمپەکان هەبن، ئێستا وەك قوتابخانەی پیشەیی ناویان دەبات کە ئامانجیان کەمکردنەوەی دەسەڵاتی ئیسلامیە توندڕەوەکان و تووندوتیژیە.
بەگوێرهی ئەو وێنانەی مانگی دەسکرد گرتوونی و لەلایەن ئاژانسی فرانس پرێس و ئێرسڕایز ئهلایهنسهوه لێکدانەوەیان بۆ کراوە، حکومەتی چین لە 2014ەوە 45 گۆڕستانی ئویگورەکنی تێکداوە -- 30 لەوانە لە دوو ساڵی رابردوودا تێکدراون.
بەهۆی رەخنە نێودەوڵەتییەکانهوه لە چین لەسەر مامەڵەکردن لەگەڵ ئویگورەکان، ئەمریکا پێشتر رایگەیاند ڤیزە کەمدهکاتەوە بۆ بەرپرسان بەهۆی ئەو دەسدرێژیانەی دەوترێت روودەدەن و 28 کۆمپانیای چینی خستە لیستی رەشەوە کە تۆمەتبارن بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ.
دەکرێنە ئامانج تا بکرێنە ئەندام
بەکار وتی لە چەند ساڵی رابردوودا کە ستەمەکە زۆربوو، رەوشەکە گۆڕا و دوای ئەوە تووندڕەوە ئویگورەکان پارتی ئیسلامی تورکستانیان دروستکرد.
وتی ستەمەکە پاڵینا بە ئویگورەکانەوە پشتیوانی بكهن له جیهادی سەلەفیزم، کە لەگەڵ ئایدۆلۆژیا رادیکاڵەکانی گروپە تووندڕەوەکاندا یەکدەگرێتەوە و بەشێکی کەمیشیان چوونە ریزەکانی قاعیدەوه لە ئەفغانستان.
وتی لەوکاتەوە، گروپە تووندڕەوەکان بابەتی ئویگورەکانیان قۆزتەوە تا بیانخەنە ریزەکانیانەوە و ژمارەی خۆیان زیادبکەن تا وا نیشانبدەن کە لە تەواوی جیهاندا بڵاوبوونەتەوە.
بەکار وتی تووندڕەوەکان ئەمە وەك "پشتڕاستکردنەوەی ئادیۆلۆژییە شێوێنراوەکەیان دەبینن، کە هیچ پەیوەندی بە ئیسلامەوە نییە".
رۆژنامەوانی سوری محەمەد عەبدوڵا بە دیارونای وت سەدان گەنجی ئویگور رۆشتن بۆ سوریا و عێراق لە سەرەتای 2013 و چوونە ریزەکانی قاعیدە و دواتر چوونە ناو داعشەوە.
وتی: "بوونیان لە هەرێمەکە بەر لە دروستبوونی داعش ههبوو، ئەمەش دەریدەخات گروپە تووندڕەوەکە هەڵمەتی رێکخراوی بۆ ئەندام کۆکردنەوە ئەنجامداوە و رەوشی ئویگورەکانی قۆزتۆتەوە."
وتیشی ئهو داعشانهی ئەندام بۆ ریزەکانیان رادەکێشن هەڵیانخەڵەتاندن بەوەی گروپەکە نوێنەری ئیسلامی راستەقینەیە و دەیانپارێزێت لەو رەوشەی تێیدان.
لهلایهن تووندڕەوانهوه بهكاردههێنرێن
بەگوێرهی چەند خەمڵاندنێك، نزیکەی 5,000 ئویگور وەك بەشێك لە چەندین گروپی جیاواز لە سوریا شەڕدەکەن. شرۆڤەکارانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن كه زۆربەیان لەژێر ئاڵای خۆیاندا شەڕدەکەن بۆئەوەی بانگەشەبکەن بۆ دۆزی جوداخوازیی خۆیان.
دەڵێن ئەوانە هچ پەیوەندیەکیان بە دۆزی سوریاوە نییە و ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن كه ئویگورەکان گیریانخواردووە لەنێوان چەوساندنەوە لە وڵاتەکەیاندا و ئهو ئایدۆلۆژیا وێرانکەرهی خستنیە دەستی گروپە تووندڕەوەکانەوە.
لە ئازاری 2017، لقی عێراقیی داعش ڤیدیۆیەکی هەڕەشەئامێزی بڵاوکردەوە کە تێیدا دوو ئەندامی ئویگوری گروپەکە لەژێر ئاڵای داعشدا داوای ئەنجامدانی هێرش دەکەن بۆسەر چین.
لە ئایاری 2018، پارتی ئیسلامی تورکستان لە سوریا ڤیدیۆیەکی درێژی بڵاوکردەوە كه تێیدا هانی موسڵمانانی وڵاتانی رۆژئاوا دەدات کۆچبکەن بۆ جیهاد، وەك بەشێك لە شەڕی جیهانیی قاعیدە.
لە ڤیدیۆی دیکەدا، لهنێویاندا ئهوهی لە حوزەیران بڵاوکرایەوە، نیشانی دەدات پارتی ئیسلامی تورکستان بەشداریدهكات له شەڕی سوریادا لەپاڵ جوند ئەلئەقسا و تەحریر شامدا.
لە سوریا، پارتی ئیسلامی تورکستان چالاکە لە ناوچەکانی ئیدلیب کە لەژێردەستی تەحریر شامدایە و نیمچە ئۆتۆنۆمییهكی داوە بەو یەكانهی لە چەکدارانی ئویگور پێکهاتوون.
عەبدوڵا وتی وادیارە تەحریر شام بوونیان دەقۆزێتەوە بۆ پتەوکردنی دەسەڵاتی لە ناوچەکە.
وتیشی ژمارەی تەواوی چەکدارانی پارتی ئیسلامی تورکستان نازانرێت بەڵام خەمڵاندنهكان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن كه سەدان چەکداری ئویگور نێردراون بۆ دێهاتەکانی پارێزگاکانی ئیدلیب و لازقیە.
شارەزایهكی گروپە تیرۆریستەکان، یەحیا محەمەد عەلی بە دیارونای وت ئهو ئویگورانهی چوونەتە ناو گروپە تووندڕوەکانەوە لە سوریا و عێراق وا دەردەکەوێت ڕاست و چەپی خۆیان نەزانن.
وتی هەرچەندە هەندێك شرۆڤەکار ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەوانە چوونەتە ئەو ناوچانە بۆئەوەی ئەزمونی شەڕ پەیدابکەن و بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، ئێستا گەڕانەوەیان لە مەحاڵەوە نزیکە بەهۆی بەشداربوونیان لە شهڕی سوریادا.