هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هەواڵگریی عێراق هەڵمەته‌كانی چڕدەکاتەوە دژی پاشماوەکانی داعش

خالید تائی

هێزە هەواڵگرییەکانی عێراق لە 2 تشرینی یەکەم چەند چەکێکیان دۆزییەوە کە لەلایەن پاشماەکانی داعشەوە لە پارێزگای نەینەوا لەژێر خاکدا شاردرابوونەوە. [خاوەنی وێنە: به‌ڕێوبه‌رێتی هەواڵگریی سەربازی]

هێزە هەواڵگرییەکانی عێراق لە 2 تشرینی یەکەم چەند چەکێکیان دۆزییەوە کە لەلایەن پاشماەکانی داعشەوە لە پارێزگای نەینەوا لەژێر خاکدا شاردرابوونەوە. [خاوەنی وێنە: به‌ڕێوبه‌رێتی هەواڵگریی سەربازی]

هەواڵگریی عێراق بەمدواییانە هەوڵە ئەمنیەکانی دژ بە پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) پەرەپێداوە لە موسڵ و تەواوی وڵات، شیکاروانێك چوارشەممە (16 تشرینی یەکەم) بە دیارونای وت.

هێزە هەواڵگرییەکان سێشەممە دوو شانەی داعشیان لە شورا هەڵوەشاندەوە له‌ باشوری موسڵ.

یەکەم شانە پێکهاتبوو لە سێ ئەندامی داواکراوی داعش کە لە بابەتی پروپاگەندەی پێشتری داعشدا دەرکەوتبوون.

لە ئۆپەراسیۆنێکی بەرپێگردا دژ بە حەشارگەکەیان دەستگیرکران لەلایەن هێزەکانی هەواڵگریی سەربازییەوە.

دوو سەربازی عێراقی شوێنێکی پشوودانی داعش دەپشکنن لە بیابانی نەینەوا لە 16 حوزەیران. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

دوو سەربازی عێراقی شوێنێکی پشوودانی داعش دەپشکنن لە بیابانی نەینەوا لە 16 حوزەیران. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

شانەی دووەم پێکهاتبوو لە پێنج ئەندام کە لە بۆسه‌یه‌كی هێزە هەواڵگرییەکاندا دەستگیرکران دوای ئەوەی دزەکرابووە نێو ریزەکانیان.

شیکاروانێكی ئەمنی، فازل ئەبوڕەغیف وتی هێزە هەواڵگرییەکان دەستیشیانگرت بەسەر بڕێکی زۆر لە چەك و تەقەمەنیدا لە شوێنێکی پشوودان لە شورا.

بە دیارونای وت شوێنی پشوودانەکە 300 گولە هاوەن، 10 موشەکی کاتیوشا و بڕێکی زۆر لە موشەکهاوێژی تێدابوو، ئاماژەیکرد بەوەش كه‌ هەموویان بە سەلامەتی لە ناوچەیەکی پارێزراو تەقێنرانەوە.

پوچەڵکردنەوەی هێرشە خۆکوژییەکان

هەواڵگریی عێراق بەمدواییانە زنجیرەیەك ئۆپەراسیۆنی ئەمنیی دژی پاشماوەکانی داعش ئەنجامدا و 12 خۆکوژی داعشی کوشت لە پارێزگای سەلاحەدین.

ئەبوڕەغیف وتی: "هێزێك لە شانەی هەواڵگریی هەڵۆکان دووشەممە دوو خۆکوژی کوشت کە پشتێنی ئەمنییان بەستبوو لەگەڵ هەڵگرتنی چوار بۆمبی دەستکرد." ئاماژەیکرد بەوەی لە شوێنێکی پشوودانی سامەڕا کرانە ئامانج.

وتی دە خۆکوژی دیکە لە 10 تشرینی یەکەم کوژران لەلایەن هەواڵگریی هاوبەش و هێزەکانی سوپاوە لە بنکەیەکی نهێنیی داعش لە ناوچەی سمیلات لە قەزای بێجی له‌ باکوری سەلاحەدین.

وتیشی خۆکوژەکان نیازیان وابوو خۆیان لەنێو هاوڵاتیاندا بتەقێننەوە، "بەڵام وریایی هێزە هەواڵگرییەکانمان و ئامادەییان پلانەکانیانی پوچەڵکردەوە و بەرپەچی هێرشە تۆقێنەرەکانیانی دایەوە کە ده‌شیا ببنه‌ هۆی ژمارەیەکی زۆر لە قوربانی".

ئەبوڕەغیف وتی دەزگای هەواڵگریی عێراق هەوڵە ئەمنیەکانی چڕکردۆتەوە و وتیشی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمدواییە بەشێکن لە چەند پلانێکی بەرپێگر بۆ رێگرتن لە بوونی هەر دەرفەتێك کە تێیدا پاشماوەکانی داعش هەڕەشە لە سەلامەتی و سەقامگیریی وڵات بکەن.

وتیشی ئۆپەراسیۆنەکانی بەرپێگرتن پشت بە چەندین سەرچاوەی زانیاری دەبەستن، "لە هەموویان گرنگتر زانیارییه‌كانی هاوڵاتیانە، کە فاکتەرێکی گرنگ بووە لە تەواوی ئه‌و دەستکەوتە ئەمنییانه‌ی تا ئێستا بەدەستهاتوون".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500