وەزارەتی بەگری عێراق تەکتیکی زیاتر بەکار دەهێنێت بۆ پتەوکردنی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ناوچە بیابانییەکانی ئەنباردا، کە تیایاندا زنجیرەیەك ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەمدواییانە تواناکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)یان گۆجکرد.
چەندین ساڵە ناوچە بیابانییەکەی رۆژئاوا کە یەك لە سەر سێی جوگرافیای وڵاتەکە پێکدێنێت بۆتە مۆڵگەی توندڕەوەکان، کە توانیویانە خۆیانی تێدا حهشاربدهن بهسوودوهرگرتن له سەختیی سروشتی ناوچەکە.
لە چەند هەفتەی رابردوودا، هێزەکانی عێراق بەشدارییان کرد لە هەڵمەتی ئیرادەی سەرکەوتندا و سەرکەوتوو بوون لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی جۆراوجۆری پاکكردنەوە لە بیابانەکەی رۆژئاوا و زۆر به تووندی هەڵیانکوتایه سەر پاشماوەکانی داعش.
وتەبێژی وەزارەتەکە، لیوا تەحسین خەفاجی بە دیارونای وت هەڵمەتەکە ئامانجەکانی بەدەستهێناوە و هێزە بەشداربووەکان "توانیویانە بگەڕێن و پاکسازی بکەن و ناوچە فراوانە بیابانییەکە لە چەندین لاوە بپارێزن".
![ئەفسەرانی عێراق بەشدارن لە هەڵمەتێكی ئەمنی بۆ پاکردنەوەی بیابانی ئەنبار لە پاشماوەکانی داعش بە هاوکاری دانیشتووانە ناوخۆییەکە 9 کانوونی دووەمی 2018. [خاوەنی وێنە: هێزەکانی پاسەوانی سنوور]](/cnmi_di/images/2019/10/14/20330-Anbar-security-campaign-600_384.jpg)
ئەفسەرانی عێراق بەشدارن لە هەڵمەتێكی ئەمنی بۆ پاکردنەوەی بیابانی ئەنبار لە پاشماوەکانی داعش بە هاوکاری دانیشتووانە ناوخۆییەکە 9 کانوونی دووەمی 2018. [خاوەنی وێنە: هێزەکانی پاسەوانی سنوور]
وتیشی: "ئەرکی ئێمە لێرەدا تەواو نابێت،" چونکە هێشتا کاری زۆر ماوە.
بانکی زانیاری ئەمنی
ناوبراو وتی: "ئێمە ئەمڕۆ کاردەکەین بۆ هێنانە ئارای چەندین تاکتیك بۆ تووندوتۆڵکردنی دەسسمان لەسەر ئەمنییەتی بیابانەکە و وەڵامدانەوەی هەر هەوڵێكی دوژمن بۆ دەربازبوون له کردنە ئامانجیان یان ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی."
وەك بەشێك لەو رێکارانە، "بانکێكی زانیاری دروستدەکەین لهو زانیارییه ورده ئەمنییانهی" لە هەڵمەتی ئیرادەی سەرکەوتندا کۆکراونەتەوە.
وتی ئەو داتابهیسه زانیاری لەخۆدەگرێت لەسەر کوشتن و دەستگیرکردنی چەندین چەکدار و سەرکردەی داعش و شوێنی حەشارگەکانیان و ئەو زانیاریانە لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی داهاتوو.
وتیشی هەڵمەتی ئیرادەی سەرکەوتن خێرا سەرکەوت لە پێکانی ئامانجەکانی بەهۆی ئەو زانیاری و هاوکارییانەی مەدەنییە عێراقییەکان دابینیانکرد.
ههروهها وتی پەیوەندیی باش لەگەڵ دانیشتووانە ناوخۆییەکە گرنگە بۆئەوەی زانیاری دروستی هەواڵگری بهدهستبهێنرێت لەسەر جموجۆڵی پاشماوەکانی داعش.
وتیشی بە بوونی ئەم زانیاریانە لەبەردەستدا، "چاودێریکردن و شوێنکەوتن بە بەکارهێنانی تەکنولۆژیای چاودێریکردنی پێشکەوتوو ئەنجامدەدرێن بۆ دۆزینەوەی پاشماوەی تیرۆریستەکان لە بیابانەکەدا و دۆزینەوەی پەیوەندی و پەیامەکانیان و خۆخزانە ناو ریزەکانیانەوە."
خەفاجی وتی هێزەکانی عێراق دەیانەوێت "ژمارەی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان زیادبکەن لەسەر ئامانجە دیاریکراوەکان و ئەرکە زۆر بە کاریگەرەکان ئەنجامبدەن."
وتی ئەو ئۆپەراسیۆنانە هەر لە ئێستاوە ئەنجامیان بەدەستهێناوە و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد كه سەرکەوتنە سەرەتاییەکان بریتین لە دەستگرتن بەسەر چەك و سیستمی موشەکی دژە تانکی ئاراستەکراو لەگەڵ ئامێرەکانی هاویشتنیان لە وادی حوران.
وتیشی یەکەیەکی فەوجی 38ی فیرقەی 8ی سوپا ئەوانەی دۆزییەوە لە 20 ئەیلول.
پەناگەی ئەمین نەماوە
سەرکردەیهكی خێڵەکی لە ئەنبار، قەتەری سەمەرمەد عوبێدی بە دیارونای وت ناوچە بیابانییەکەی ئەنبار "ئەمینترین پەناگە" بوو بۆ داعش.
وتی: "بەر لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ئیرادەی سەرکەوتن، تیرۆریستەکان هەوڵیاندەدا یەکبگرنەوە و چالاکی ئهنجامبدهن لە ناوچە بیابانییەکەوە، بەتایبەتی لە وادی حوران. بەڵام ئەم ئۆپەراسیۆنانە تێکیشکاندن و بەرپەچی پلانەکانی دانەوە."
وتیشی: "زۆربەی دۆڵەکان و ناوچەکانی بیابانەکە -- كه دیارترینیان ناوچەکانی حوران، قەسف، سەمیل دەباع، رۆژئاوای کوبەیسە بوون -- پشکنینیان تێدا ئەنجامدرا" لەگەڵ لەناوبردنی چەندین تونێل و پەناگە لە هێرشە ئاسمانییەکاندا.
عوبێدی وتی: "گواستنەوە بۆ قۆناغێکی نوێی هەوڵە ئەمنییەکان بەندە بە دڵنیابوونەوە لەوەی ناوچە بیابانییەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە."
وتیشی ئەوە بەدەستدێت "لەڕێی بەردەوامبوون و گەشەدان بە ئۆپەراسیۆنەکانی هەواڵگری و چاودێری و ئۆپهراسیۆنه پێشگیرییهكان".
سەرۆکی لیژنەی ئەمنی له ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، نەعیم کهعود بە دیارونای وت هێزەکانی عێراق هەوڵی زۆر گەورەیان داوە بۆ دەستگرتن بەسەر ناوچە بیابانییەکاندا.
وتی هێزە ئەمنییەکان "سەرکەوتووبوون لە ئەنجامدانی هێرشی ورد بۆسەر حەشارگە شاراوە و داپۆشراوەکانی تیرۆریستان بە پشتیوانی زانیاریی هەواڵگری".
ههروهها وتی ئۆپەراسیۆنەکان "هەوڵی گەورەی گەڕان و شوێنپێههڵگرتنیان" لەخۆگرتبوو، دوابەدوای هەوڵەکان بۆ گرتنی شوێنەکان لەڕێی ناردنی دەورییەی ئەمنی و دامەزراندنی پێگەی بەرگرییهوه.
وتیشی تەکنیکی ئاڵۆز و ئاوێته بەکارهێنران بۆ بەدەستهێنانی زانیارییە پشتڕاستکراوە ئەمنییەکان بۆ لێدان لە ئامانجە دیاریکراوەکانی دوژمن.
کهعود وتی بۆ باشترکردنی رەوشی ئەمنی، هەوڵدەدرێت بۆ گەڕانەوەی ئەو 7,000 ئەندامەی هێزەکانی پۆلیسی ئەنبار، کە دەرکرابوون بەهۆی ئامادەنەبوونیان لەسهر کار دوای ئەوەی داعش پارێزگاکەی گرت له 2014.
وتیشی گەڕانەوەی ئەو ئەفسەرانە بۆ سەر کارەکانیان "باری سەر شانی ئەو هێزانەی ئێستا چالاکن کەمتردەکاتهوه و توانای زیاترمان دەداتێ بۆئەوەی ئەمنییەتی بیابانەکە رابگرین".