هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

خۆرئاوای نەینەوا لە مینەکانی داعش پاككراوه‌ته‌وه‌

خالید تائی

وێنەیەك کە لە 16 کانونی یەکەم 2018 گیراوە پاشماوەی منارە لارەکەی "حەدبا" نیشاندەدات کە بەشێكە لە مزگەوتی گەورەی نوری لە موسڵی کۆن، لەکاتی رێوڕه‌سمی دانانی بەردی بناغەكه‌یدا. [زەید عوبێدی / ئاژانسی فرانس پرێس]

وێنەیەك کە لە 16 کانونی یەکەم 2018 گیراوە پاشماوەی منارە لارەکەی "حەدبا" نیشاندەدات کە بەشێكە لە مزگەوتی گەورەی نوری لە موسڵی کۆن، لەکاتی رێوڕه‌سمی دانانی بەردی بناغەكه‌یدا. [زەید عوبێدی / ئاژانسی فرانس پرێس]

به‌ڕێوبه‌رێتی لەناوبردنی مینی عێراقی سێشەممە (8 تشرینی یەکەم) رایگەیاند کاری پاککردنەوەی مینی تەواوکردووە لە چەند بەشێکی خۆرئاوای پارێزگای نەینەوا.

بەڕێوبەری گشتی به‌ڕێوبه‌رێتی لەناوبردنی مین، خالید رەشاد بە دیارونای وت ئەمە بەشێکە لەو پلانی کارەی به‌ڕێوبه‌رێتییه‌كه‌ جێبەجێی دەکات، بە هاریکاریی سوپای عێراق و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان.

وتی: "ناوچەکانی خۆرئاوای نەینەوامان له‌ مین پاككردۆته‌وه‌، لەنێویاندا جەزیرە (فوراتی باڵا) و کۆمەڵگەکانی قەحتانیە و عەدنانیە لە قەزای شەنگال."

وتیشی: "ناوچەکانی مه‌به‌ست بەتەواوی پارێزراون و دراونەتە دەست کارگێڕییە خۆجێیەکان."

هه‌روه‌ها وتی هەوڵەکان بۆ پاککردنەوەی ناوچەکانی دیکەی پارێزگای نەینەوا کە لەدەست رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) سەنراونەتەوە بەردەوامن.

رەشاد وتی: "بەگوێرەی پلانێکی چڕوپڕ کاردەکەین. رووماڵی تەواو و ورد و چڕی هەموو خاکە بەمین چێنراوەکەمان لایە و کردەی لەناوبردن و پاککردنەوەی مین بەشێوەیەکی بەرفراوان جێبەجێدەکرێت."

وتیشی: "کارەکەمان بەردەوامە بە هەماهەنگی و هاریکاریی تیمەکانی ئەندازیاریی سوپای عێراق و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی دژ بە مین."

نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی شوێنە مێژووییەکان

رەشاد وتی لە ئەیلول، کاری پاککردنەوەی مین بە سەرکەوتوویی لە مزگەوتی گەورەی نوری له‌ موسڵی کۆن ئەنجامدرا.

وتی: "بۆمبی دەستکرد و تەقەمەنییه‌ چێنراوه‌كانمان لەناوبردووە کە لەلایەن تیرۆریستانەوە لە ناوچەکە و ناوەندی مزگەوتەکە چێنرابوون."

وتیشی: "پشکنینی ئاستی باڵامان ئەنجامداوە لە شوێنەکە تا متمانەیەکی زیاتر بدات بەوەی مزگەوتەکە بەتەواوی پاککراوەتەوە و لەئێستادا ناوچەیەکی بێ تەقەمەنییە."

لەناوبردنی مین لە مزگەوتی نوری قۆناغی یەکەم بوو لە پلانێکی پشتیوانیکراو لەلایەن حکومەتەوە بۆ بنیاتنانەوەی ئەو مزگەوتە مێژووییە و منارە "لارە"کەی (حەدبا)، کە لەلایەن داعشەوە زیانی زۆری پێگەیەنرابوو.

رەشاد جەختیکردەوە لەوەی پێگە مێژوویی و کەلەپورییەکان گرنگییەکی تایبەتیان هەیە بۆ پلانەکانی پاککردنەوەی مین.

وتی: "بە وریایی و وردەکارییەکی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم شوێنانە دەکەین لەکاتی لابردی تەقەمەنییه‌كان لێیان بۆ پاراستنی ئاسه‌واره‌ کۆنەکان و پاراستنی ئەوەی ماوە لەناویاندا دوای ئەو وێرانکارییەی تیرۆریستان ئەنجامیانداوە."

وتیشی کاری پاککردنەوەی مین لەم ناوچانە پەیوەستە بە داواکارییەکانی یونێسکۆوە، کە پەیوەندی هه‌یه‌ بە پێویستیی پاراستنی کەلەپورە مرۆییەکانەوە.

هه‌روه‌ها وتی: "هەوڵدەدەین پێشڕەوییه‌كی بەرچاو بەدەستبهێنین لە هەوڵەکانی پاککردنەوەی میندا بۆ دابینکردنی ژیانێکی سەلامەت بۆ هاوڵاتیان و بۆ مسۆگه‌ركردنی خواسته‌كانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کە پشتیوانی کارەکانمانن و چاودێرییان دەكه‌ن."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500