هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئابوری

عێراق پاکێجێكی چاکسازی په‌سه‌ندده‌كات بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خۆپیشاندانەکان

خالید تائی

ئەندامێکی هێزە ئەمنیەکانی عێراق پاسەوانیده‌كات لە بازگەیەك لە شاری سەدری بەغدای پایتەخت، لە 8 تشرینی یەکەم. پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ یەكەم دانیشتنی خۆی سازدا دوای هەفتەیەك لە خۆپیشاندان دژی حکومەت کە بە دەیانی تێدا کوژرا و بووە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی سیاسی لە وڵاتەکەدا بەجۆرێك سەرۆکی وڵات وتی پێویستی بە "دیالۆگی نیشتیمانی"یە. [ئەحمەد روبەیعی / ئاژانسی فرانس پرێس]

ئەندامێکی هێزە ئەمنیەکانی عێراق پاسەوانیده‌كات لە بازگەیەك لە شاری سەدری بەغدای پایتەخت، لە 8 تشرینی یەکەم. پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ یەكەم دانیشتنی خۆی سازدا دوای هەفتەیەك لە خۆپیشاندان دژی حکومەت کە بە دەیانی تێدا کوژرا و بووە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی سیاسی لە وڵاتەکەدا بەجۆرێك سەرۆکی وڵات وتی پێویستی بە "دیالۆگی نیشتیمانی"یە. [ئەحمەد روبەیعی / ئاژانسی فرانس پرێس]

پەرلەمانی عێراق یەکەم دانیشتنی خۆی سازدا سێشەممە (8 تشرینی یەکەم) دوای هەفتەیەك لە خۆپیشاندانی دژ بە حکومەت کە بە دەیانی تێدا کوژرا و بووە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی سیاسی لە وڵاتەکەدا بەجۆرێك سەرۆکی وڵات وتی پێویستی بە "دیالۆگی نیشتیمانی"یە.

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند كه‌ زیاد لە 200 پەرلەمانتار لە دانیشتنێکی نائاسایدا بەشداربوون کە سەرۆكی پەرلەمان محەمەد حەلبوسی داوای کردبوو، رێژەی یاساییان تێپەڕاند سەرەڕای پێشبینیە پێچەوانەکان.

پەرلەمانتاران چەندین وەزیریان بانگهێشت کرد بۆ تاووتوێکردنی خۆپیشاندانەکان، کە هەفتەیەك لەمەوبەر لە بەغدا سه‌ریهه‌ڵدا پێشئەوەی باشوریش بگرێتەوە.

لە وەڵامی خۆپیشاندانەکاندا، پەرلەمان پاکێجێکی سەرەتایی چاکسازییەکانی په‌سه‌ندكرد کە ئازادکردنی دەستبەجێی ئەو خۆپیشاندەرانەی تێدابوو کە پێشێلکارییان بۆ سەر موڵکی گشتی ئەنجام نەدابوو لەگەڵ قەرەبووکردنەوەی ئەو خێزانانەی کوژراویان هەبوو لە خۆپیشاندانەکان، لەنێویاندا کارمەندانی هێزە ئەمنیەکان.

هەروەها دامەزراندنی سندوقێکی بێکاریشی په‌سه‌ندكرد لەگەڵ سندوقی گەشەپێدان بۆ یارمەتیدانی دەرچوانی زانکۆ و لاوانی بێکار بۆ دۆزینەوەی كار، کە پشتیوانی دارایی دەکرێن لەڕێی کەمکردنەوەی موچەی بەرپرسانی باڵای حکومەتەوە.

سەرەڕای ئەوەش، ئەو خێزانانەی داهاتێکی جێگیریان نییە موچەیەکی مانگانەیان بۆ دابیندەکرێت.

هەروەها بڕیاری ئەوە درا هەموو ئەو کارمەندانەی حکومەت و دەزگا ئەمنیەکان کە گرێبەستەکانیان وەستێنراوە، دابمەزرێنرێنەوە.

دابینکردنی هەلی کار

پەرلەمانتاری عێراقی، فالح عیساوی کە ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگرییە، وتی پاکێجی چاکسازییەکە، کە 20 بڕیاری تێدایە، تەرکیز لەسەر دۆزینەوەی چارەسەر ده‌كات بۆ کێشەی بێکاری -- کە داوایەکی سەرەکیی خۆپیشاندەرانە.

بە دیارونای وت: "دەبێت کاربکەین تا كار دابینبكه‌ین بۆ ئەم لاوانە تا ژیانێكی شیاویان هه‌بێت.'

وتی پاکێجی چاکسازییەکە "بەشێوەیەکی ئەرێنی تاووتوێی داواکانی چاکسازی ده‌كات لە خزمەتگوزارییەکاندا و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و باشترکردنی دۆخی هاوڵاتیان" بەجۆرێك تەرکیزی لەسەر هەژاران و ئەوانەیە کە تووشی ئاوارەیی بەزۆر هاتوون و ناوچەکانیان لەلایەن تیرۆریستانەوە وێرانکراوە.

عیساوی وتی پەرلەمان تەرکیزی کردە سەر هەنگاوی پێویست بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری لە ناوچە رزگارکراوەکاندا و دابینکردنی پاڵپشتی دارایی بۆ گەڕانەوەی خەڵکانی ئاوارەکراو و ئەو خێزانانەی کەسوكاریان بێسەروشوێن بووە لەکاتی فەرمانڕەوایی تیرۆریستاندا.

وتی جیا لەوەش، پرۆژەیەك دەستپێدەکات بۆ بنیاتنانی خانووی نرخ مامناوەندی بۆ ئەوانەی پێویستیانە.

وتیشی ئەو کێشانەی چەندین ساڵە کەڵەکەبوون "دەستبەجێ چارەسەر ناکرێن و کات پێویستە بۆ جێبەجێکردنی یاسا و بڕیاردانی کارگێڕی بۆ چارەسەرکردنیان".

عیساوی وتی: "بەڵام ئێمە لە پەرلەمان و حکومەت بەردەوامین لە جێبەجێکردنی تەواوی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران."

وتی: "دەرگیری چەندین ئاستەنگی گەورە بووین و هەر شتێك لەبەردەستماندا بێت بەکاریدەهێنین بۆ جێبەجێکردنی داوا دەستوری و یاساییەکان و دڵنیاییدان بە هاوڵاتیان کە دەنگیان بیستراوە."

وتیشی یەکەم پاکێجی چاکسازیی په‌سه‌ندكراوه‌ و ئاماژەیکرد بەوەی دووەمین پاکێج لە دانیشتنی دووەمی پەرلەماندا په‌سه‌ند ده‌كرێت.

'گیانلەدەستدانی تراژیدی'

عیساوی وتی هاوکات، پەرلەمان بەتەواوی پشتگیری ده‌كات له‌ مافی خۆپیشاندەران بۆ دەربڕینی داواکانیان بەشێوەیەکی ئاشتیانە و ئاماژەیکرد بەوەی بوونی قوربانی و کردەی ئاژاوەگێڕی کە یاوەری خۆپیشاندانەکان بوون "بەهیچ جۆرێك رێگەپێدراو نین".

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند كه‌ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مایك پۆمپیۆ سەرکۆنەی تووندوتیژی کوشندەی کردووە لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا لە عێراق و داوای لە حکومەتی وڵاتەکە کردووە "تا ئەوپەڕی جڵەوی خۆی بکات".

وەزارەتی دەرەوە سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند كه‌ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرەکوەزیرانی عێراق عادل عەبدولمەهدی، پۆمپیۆ "سەرکۆنەی تووندوتیژییه‌كانی ئەمدواییەی عێراقی کرد و ئاماژەیکرد بەوەی ئەوانەی مافەکانی مرۆڤیان پێشێلکردووە پێویستە بەرپرس رابگیرێن".

بەیاننامەکە راشیگەیاند: "وەزیر سکاڵای لە گیانلەدەستدانی تراژیدیی دوو رۆژی رابردوو کرد و تکای لە حکومەتی عێراق کرد ئەوپەڕی جڵەوی خۆی بکات."

"پۆمپیۆ دووپاتیکردەوە کە خۆپیشاندانی جەماوەریی ئاشتیانە رەگەزێکی ریشەیی هەموو دیموکراسییەکە و تەرکیزی کرد لەوەی هیچ پاساوێك بۆ تووندوتیژی لە خۆپیشاندانەکاندا نییە، جا لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە بێت یان خۆپیشاندەران."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500