هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

عێراق دەستدەکات بە قۆناغی شه‌شه‌می ئۆپەراسیۆنی 'ویستی سەرکەوتن'

خالید تائی

هێزەکانی عێراق لە 8 تەمموز لە حەشارگەیەکی داعش دەدەن لە بیابانی ئەنبار وەك بەشێك لە قۆناغی یەکەمی هەڵمەتی ئەمنیی 'ویستی سەرکەوتن'. [خاوەنی وێنە: هێزەکانی پاسەوانی سنوور]

هێزەکانی عێراق لە 8 تەمموز لە حەشارگەیەکی داعش دەدەن لە بیابانی ئەنبار وەك بەشێك لە قۆناغی یەکەمی هەڵمەتی ئەمنیی 'ویستی سەرکەوتن'. [خاوەنی وێنە: هێزەکانی پاسەوانی سنوور]

هێزەکانی عێراق یەکشەممە (6 تشرینی یەکەم) دەستیانکرد بە قۆناغی شەشەمی هەڵمەتی ئەمنی "ویستی سەرکەوتن" بۆ پاککردنەوەی ئەو ناوچانەی لە باشوری خۆرئاوای پارێزگای سەلاحەدینەوە درێژدەبنەوە بۆ باکوری ئەنبار و دوورگەی نەینەوا لە پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).

هێزەکانی عێراق هەڵمەتەکەیان ده‌ستپێكرد له‌ 7 تەمموز و قۆناغەکانی پێشتر تەرکیزیان لەسەر لەناوبردنی پاشماوەکانی داعش بوو لە ناوچە فراوانەکانی کەنارەکانی بەغدا و پارێزگاکانی ئەنبار، دیالە، نەینەوا و سەلاحەدین.

ئەندامی لیژنەی ئاسایشی ئەنجومەنی پارێزگای سەلاحەدین، عەبد سوڵتان عیسا جەبوری وتی ئۆپەراسیۆنە نوێکە، کە ناوچەیەکی بەرفراوانی جوگرافی دەگرێتەوە "پێویست" بوو.

وتی ناوچەی بەئامانجکراو چیاکانی مەکحولی له‌خۆگرتبوو لەگەڵ ناوچەیەکی بیابانی فراوان کە لە دەریاچەی سەرسارەوە درێژدەبێتەوە تا رێگەی نێوان شارەکانی بێجی له‌ باکوری تکریت و حەدیسەی خۆرئاوای ئەنبار، تا ده‌گاته‌ حەزەر له‌ باشوری نەینەوا.

وتیشی: "راپۆرتە ئەمنیەکانمان ئاماژە بە بوونی هاتوچۆی ئەندامانی داعش و حەشارگەکانیان دەکەن لەم ناوچانە، بەڵام سنووردارن و پێکدێن لە چەند شانەیەکی په‌رشوبڵاو کە فەرماندەییەکی ناوەند بەڕێوەیان نابات."

جەبوری وتی: "زۆر هاتوچۆ ناکەن و هەمیشە خۆیان دەشارنەوە لە چەند پەناگەیەکی نهێنیدا کە وا دروستیانکردوون دۆزینەوەیان سەخت بێت. بەڵام هێرشە ئاسمانیە چڕەکان و چاودێریی ئاسمانی رێیان پێنادات بۆ ماوەیەکی درێژ رزگاریان ببێت."

'نەبوونی هەڕەشەی بەرچاو'

وتی: "هێرشە ئاسمانیە بەردەوامەکان جوڵە و چالاکیی تیرۆیریستانیان سنووردارکردووە." وتیشی لە هێرشە ئاسمانیە چڕەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا بە دەیانیان کوژراون، بەتایبەتی لە چیاکانی مەکحول.

هه‌روه‌ها وتی هێرشەکان یاوەری دەکران بە چەند ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی کتوپڕ دژی چەند ئامانجێکی تایبەتی داعش کە پێشتر لەلایەن سەرچاوە هەواڵگرییەکانی عێراقەوە دۆزرابوونەوە.

جەبوری وتی نوێترین ئۆپەراسیۆنی سەربازی "بەشێکە لە فشاری بەردەوامی ئەمنی بۆ سەر پاشماوەکانی داعش تا لاوازیان بکەن و کۆتاییان پێبهێنن".

ئاماژەیکرد بەوەی لەم قۆناغەدا چەندین شوێنی پشوودانیان تێکشکێنران و دەستیشگیراوە بەسەر چەکی سوك و مامناوەند و چەردەیەك لە تەقەمەنیاندا.

وتی: "ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی پێشتر سەرچاوەکانی دەستڕاگەیشتنی تیرۆریستانیان بە چەك و شمەکی پشتیوانی بڕی، بۆیە تەنیا پشت بەوە دەبەستن کە لایان ماوە، ئەویش تەواودەبێت بەهۆی هێرشە بەردەوام و چڕەکانەوە."

جەبوری جەختیکردەوە لەوەی پاشماوەکانی داعش "هەڕەشەیه‌کی بەرچاو نین" بۆ پارێزگای سەلاحەدین و پارێزگا ئازادکراوەکانی دیکە.

وتی: "دۆخەکە کۆنترۆڵ کراوە؛ تیرۆریستان بەهیچ جۆرێك ناتوانن هێرشی گەورە ئەنجام بدەن." ئاماژەیکرد بەوەش کە هێرشەکانیان "بچوك و بێبایه‌خن و زۆرجار لە ناوچە دوورەدەستەکانن".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

من ده‌خوازم به‌ خۆبه‌خش په‌یوه‌ندی بكه‌م به‌ سوپاوه‌ ئه‌گه‌ر ده‌كرێت. سوپاس.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌