دەزگای دژەتیرۆریزمی عێراق بەرپەچی پیلانێکی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)یان دایەوە بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی لە باشوری پایتەخت، وتەبێژی دەزگاکە سەباح نوعمان چوارشەممە (2 تشرینی یەکەم) بە دیارونای وت.
وتی لەڕێی هەوڵە هەواڵگرییەکانیەوە، دەزگاکە زانیاریی بەدەستهێنابوو دەربارەی نیازی داعش بۆ دەستپێکردنی چەند هێرشێکی ئەمنی لە باشوری بەغدا.
وتیشی هێزێکی دژەتیرۆریزم، بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکەکانی سوپا، سێشەممە ئۆپەراسیۆنێکی گەڕانیان ئەنجامدا کە بووە هۆی دەستبەسەراگرتنی 750 كیلۆ تی ئێن تی کە خرابووە نێو 20 عەلاگەوه و لە خاکێکی کشتوکاڵی له ناوچەی لەتیفیە شاردرابووهوە.
ههروهها وتی ئەو تەقەمەنیە لەلایەن تیرۆریستانەوە کەڵەکەکرابوو "تا بۆمبی دەستکردی لێ دروستبکرێت و لەدژی مەدەنیەکان بەکاربهێنرێت" و ئاماژەیکرد بەوەی بڕەکە دەستی بەسەردا گیرا و لهناوبرا.
![ئەندامانی داعش بڕێك تی ئێن تییان شاردبووهوە، کە ماددەیەکی مەترسیدارە بۆ تەقینەوە، لەژێر زەمیندا لە پارچەیەك خاکی کشتوکاڵیدا لە لەتیفیەی باشوری بەغدا. [خاوەنی وێنە: دەزگای دژەتیرۆریزم]](/cnmi_di/images/2019/10/02/20234-Iraq-explosives-hideout-600_384.jpg)
ئەندامانی داعش بڕێك تی ئێن تییان شاردبووهوە، کە ماددەیەکی مەترسیدارە بۆ تەقینەوە، لەژێر زەمیندا لە پارچەیەك خاکی کشتوکاڵیدا لە لەتیفیەی باشوری بەغدا. [خاوەنی وێنە: دەزگای دژەتیرۆریزم]
![ئەندامانی دەزگای دژەتیرۆریزمی عێراق راهێنانی سەربازییان پێدەکریت. [خاوەنی وێنە: دەزگای دژەتیرۆریزم]](/cnmi_di/images/2019/10/02/20235-Iraq-training-security-600_384.jpg)
ئەندامانی دەزگای دژەتیرۆریزمی عێراق راهێنانی سەربازییان پێدەکریت. [خاوەنی وێنە: دەزگای دژەتیرۆریزم]
هەوڵە هەواڵگرییەکان سوودیان هەبووە
نوعمان وتی ئۆپەراسیۆنەکە دوایین بەشە لە زنجیرەیەك "ئۆپەراسیۆنی کوالیتی" کە بوونهتە هۆی کوشتن و دەستگیرکردنی سەرکردەكانی تیرۆریستان و تێکشکاندنی كۆگای چەكهكانیان و حەشارگەکانیان.
وتی: "بەگوێرەی ئەو زانیارییانە کاردەکەین کە لەلایەن سەرچاوە هەواڵگرییەکانمانەوە بەدەستمان دهگات، بە هەماهەنگییهكی زۆر لەگەڵ دەزگا و سەرکردە ئەمنیەکانی دیکە."
وتیشی لەمساڵدا، بە پشتیوانیی هێزی ئاسمانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، دەزگای دژەتیرۆریزم "چەند هێرشێکی تێکشکێنەر"ی ئەنجامدا بۆ سەر ئامانجە تیرۆریستیەکان لەڕێی بەفڕۆکەدابەزین و بۆمبارانی چڕ بۆ سەر حەشارگە و رێگەکانی گواستنەوەی شمەکیان.
ههروهها وتی: "هێرشەکانمان وردن و تەرکیزیان لەسەر كردنه ئامانجی كۆمهڵێك پێگەیه، لەنێویاندا ژمارەیەك ناوچە لە بیابانی ئەنبار، سنووری عێراق-سوریا، دوورگەی شەرگات، گردەکانی نەینەوا، گردەکانی باشوری کەرکوك و حەمرین."
نوعمان سەرکەوتنی ئەم کردانەی گەڕاندەوە بۆ "گەشەکردنی کاری هەواڵگری و راهێنانی بەردەوامی کارمەندانی دەزگای دژەتیرۆریزم بە دوایین تاکتیکەکانی شهڕ".
وتیشی تیمێك لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی یارمەتیی هێزەکانی دەزگاکەی داوە بۆ بهدهستهێنانی شارەزایی کە پێویستیانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی دوژمن، دابەزین بۆسهر ئامانجه دوژمنکارەکان و شەڕکردن لە ژینگەی ئاڵۆزدا و ئازادکردنی بارمتەکان.
نوعمان وتی دەزگای دژەتیرۆریزم "چەکی مۆدێرین"یشی بەدەستگەیشتووە کە شیاوە بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی.