هه‌واڵه‌كانی عێراق
کۆمەڵگا

رەوشی سوه‌یدا خراپتر ده‌بێت بەهۆی كورتهێنان و تۆڵەسەندنەوەوه‌

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

شۆفێرەکان ریزیان بەستووە بۆ بەنزین لە پارێزگای سوه‌یدا لە باشوری سوریا کە رووبەڕووی ئەزمەی سوتەمەنی بۆتەوە. [خاوەنی وێنە ماڵپەری دوره‌ر ئەلشامیە]

شۆفێرەکان ریزیان بەستووە بۆ بەنزین لە پارێزگای سوه‌یدا لە باشوری سوریا کە رووبەڕووی ئەزمەی سوتەمەنی بۆتەوە. [خاوەنی وێنە ماڵپەری دوره‌ر ئەلشامیە]

چالاکوانێکی ناوخۆ وتی دانیشتووانی سوه‌یدا زەنگی نیگەرانییان لێداوە لەسەر بەردەوام خراپبوونی رەوشی ئه‌و پارێزگایەی باشوری سوریا و دەستی تۆمەتیش رادەکێشن بۆ گوێنەندانی رژێم و تۆڵەسەندوە و بەربڵاوێتی كرده‌وه‌ی نایاسایی، کە بوونەتە هۆکاری زیادبوونی تاوان.

چالاکوانێكی سوه‌یدا، نزار ئەبو عەلی بە دیارونای وت بارگرژییه‌كان زیادیانكردووه‌ لە چەند بەشێكی پارێزگاکە، بەتایبەتی لە شاری سوه‌یدا و دەورووبەری.

وتی دانیشتووانە ناوخۆییەکە تووڕەن لە چۆنێتی مامەڵەکردنی هێزە ئەمنییەکان و دەزگاکانی خزمەتگوزاری لە پارێزگاکە لەگەل ئەوەشدا کە رژێم سه‌رپێچیی كردووه‌ له‌ رێکەوتنی ئاشتەوایی لەو ناوچانه‌دا كه‌ پێشتر لەژێر دەستی ئۆپۆزسیۆندا بوون.

ئەبو عەلی وتی بەمدواییانەش راگەیاندنی مەرگی روسلان عەبدولکەریم ئەبو سەعاب و ساری عەبدولکەریم ئەبو سەعاب، دوو برا کە خەڵكی گوندی بارد بوون لە دێهاتەکانی باشوری سوه‌یدا، گرژیەکانی پارێزگاکەی زیاترکرد.

ئەو دوو پیاوە، کە لە ریزەکانی سوپای سوریای ئازدا شەڕیانکردبوو، خۆیان رادەستی هێزەکانی رژێمی سوریا کردبوو لە دەرعا دوای ئەوەی رێکەوتنی ئاشتەوایی لەگەڵ رژێم ئیمزاکرا.

رێکەوتنەکە بە نێوەندگیریی روسیا لێبووردنی دەرکرد بۆ هەموو ئەوانەی پێشتر چەکداری ئۆپۆزسیۆن بوون و رازیبوون کۆتایی بێنن بە چالاکییەکانیان دژ بە رژێم، بەڵام رژێمی سوریا بەنده‌كانی ئەو رێکەوتنانەی زۆر وەلاناوە.

ئەبو عەلی وتی: "مەرگی ئەو دوو برایە بە رێکەوت ئاشکرابوو، لەکاتێکدا برایەکی تریان داوای پێشکەشکردبوو بۆ ناسنامە و لە پرۆسەکەدا پێیان راگەیاندبوو ئەو دوو پیاوه‌ شەش مانگ دەبێت مردوون."

خێزانەکەیان لە مردنیان ئاگادارنەکرابووەوە و رژێم تەرمەکانیشی رادەستنەکردەوە، ئەوەش بووە هۆی دروستبوونی گومان لەسەر ئەشکەنجەدانیان.

ده‌ستنه‌كه‌وتنی خواردن و سوتەمەنی

ئەبو عەلی وتی رەوشی پارێزگاکە بەگشتی لە خراپبووندایە و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ ریزی درێژ دەبه‌سترێت بۆ بەنزین و غازی ناو ماڵ چونکە ئەو دوو شته‌ ده‌ستناكه‌ون.

وتی نانیش کەمە لە بازاڕەکاندا و دانیشتووانی سوه‌یدا گلەییدەکەن لەسەر خراپیی کواڵیتییه‌كه‌ی و چەندین کەلوپەل و خۆراکی سەرەتایی دیکەش زەحمەت دەسدەکەون.

وتی لەوەش زیاتر كرده‌ی نایاسایی بەربڵاوە و کەیسێکی زۆری دزیکردن هەن لەگەڵ رفاندن بۆ سەرانە و هه‌روه‌ها کوشتن. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ هێزەکانی رژێمی سوریا دەسوەردان ناکەن لەو کێشانەدا و ئەوەش گومانی دروستکردووە كه‌ دەستی خۆیانی لە پشته‌وه‌ بێت.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

ده‌مه‌وێت فه‌یسبووك بكه‌مه‌وه‌.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌