https://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/features/2019/09/12/feature-02

×
×
ئاساییش |

ئەمریکا شێوازی نوێی سزا رادەگەیەنێت بۆ کردنە ئامانجی تیرۆریستان و پشتیوانانی داراییان

فارس عومران

image

ئەمریکا سزای سەپاندووە بەسەر تۆڕێکی بەرفراوانی گواستنەوەدا کە لەلایەن پاسدارانی ئێرانەوە بەڕێوەدەبرێت بۆ سودگەیاندن بە هاوپەیمانانی ئەو وڵاتە، لەنێویاندا بەشار ئەسەدی رژێمی سوریا. [خاوەنی وێنە: کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئێران]

ئەمریکا سێشەممە (10 ئەیلول) شێوازی نوێی راگەیاند بۆ نوێکردنەوە و بەهێزکردنی سزاکانی دژ بە تیرۆریزم، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند.

هەروەها سزای نوێی سەپاند بەسەر چەند کەس و کیانێكدا لە 11 گروپی تیرۆریستیدا، لەنێویاندا سوپای قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران (پاسداران) و رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) و قاعیدە.

وەزیری دارایی، ستیڤن منوچین وتی شێوازە نوێکان رێ بە حکومەتی ئەمریکا دەدەن باشتر سەرکردەی گروپە تیرۆریستیەکان بکەنە ئامانج و بەدوای ئەو کەسانە بکەون کە بەشداریده‌كه‌ن لە راهێنانی تیرۆریستیدا.

وتی هەروەها رێده‌ده‌ن بە "سزای لاوەکی بەسەر ئەو دەزگا داراییە بیانیانەدا کە بەمەبەست مامەڵەی دارایی گرنگیان كردووه‌، یان ئاسانکارییان بۆ کردووە، لەگەڵ خەڵکانی سزادراودا و ئەوانەش كه‌ كاردەکەن بۆ یان لەجیاتی تیرۆریستێکی بەتایبەت دیاریکراوی جیهانی".

image

هێزەکانی پاسداران دەبینرێن لەکاتی نمایشێکی سەربازیدا لە نیسانی 2019. [وێنەکە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوکراوەتەوە]

وەزیری دەرەوە، مایك پۆمپیۆ وتی ئەم هەنگاوانە رێده‌ده‌ن بە وەزارەتی دەرەوە و دارایی بۆ "راستەوخۆ بە ئامانجکردنی سەرکردەکانی گروپە تیرۆریستیەکان و کیانەکانیان بەبێ ئەوەی سزاکان ببەسترێنەوە بە کارێکی تایبەتی سەرکردە تیرۆریستەکانەوە".

وەزارەتی درەوە سێشەممە ده‌ستنیشانكردنی 12 سەرکردەی تیرۆریستی راگه‌یاند.

پۆمپیۆ وتی لەنێویاندا "والی عێراق"ی داعش و ئەمیری پێشووی بۆمبە دەستکردەکان، چوار ئەندامی باڵای ئەنجومەنی جیهادی حیزبوڵا و سەرکردەکانی حەماس، هاوسۆزانی داعش لە فلیپین و خۆرئاوای ئەفریقا و تالیبان هەن.

سزاکان بەسەر حوراس دینیشدا سەپێنران، كه‌ گروپێکی سەر بە قاعیدەی سوریایه‌.

لەگەڵ ئەم کارانەدا، وەزارەتی دەرەوە 15 تیرۆریستی سەر بە داعش و قاعیدە و سوپای قودسی دیاریکردووە لەگەڵ چەند گروپێکی تیرۆریستی دیکە کە هەمان سزا دەیانگرێتەوە.

بەئامانجکردنی تۆڕی گواستنەوەی نەوتی پاسداران

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند كه‌ سزا نوێکان دوای سزاکانی 4 ئەیلول دێن بەسەر تۆڕێکی گواستنەوەدا کە ئەمریکا دەڵێت لەلایەن پاسدارانەوە بەڕێوەدەبرێت و ئاماژەیکرد بەوەی بە ملیۆنان بەرمیل نەوتی فرۆشتووە بە سوودی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد.

سزاکان 16 کیان، 10 کەس و 11 کەشتی دەگرنەوە.

وەزارەتی دارایی رایگەیاند كه‌ سوپای قودس پشتیوانی لە هەردوو ئەسەد و میلیشیای حیزبوڵای لوبنانی کردووە لەڕێی بارەکانی نەوتی خاوەوە، کە زۆربەی کات بۆ سوریا بوون.

یاریدەدەری وەزیری دارایی بۆ کاروباری تیرۆریزم و هەواڵگریی دارایی، سیگال ماندێلكه‌ر، وتی: "رژێمی ئێران رێکخراوێکی تیرۆریستی کردۆتە راڕەوی سەرەکیی خۆی بۆ فرۆشتنی نەوت به‌نهێنی بەرامبەر بە سەدان ملیۆن دۆلار بۆ پشتیوانیكردن لە کارنامە نەگریسەکەی."

منوچین وتی: "ئێران بەردەوامە لە کاری دنەدەرانە بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە و جیهان. کارەکەی وەزارەتی دارایی دژی ئەم تۆڕە بەرفراوانه‌ی نه‌وت بە ئاشکرا روونیدەکاتەوە کە ئەوانەی نەوتی ئێران دەکڕن راستەوخۆ پشتیوانی ده‌كه‌ن له‌ باڵی تیرۆریستی و میلیشیایی ئێران کە سوپای قودسە."

وتی سزاکان "دەبنە هۆشدارییەکی بەهێز بۆ هەر کەسێك بیەوێت ئاسانکاری بكات بۆ فرۆشتنی نەوتی سوپای قودس و ئاکامی دەستبەجێیان دەبێت".

وەزارەتی دەرەوە، بەجیاش رایگەیاند کە 15 ملیۆن دۆلار خەڵات دەداتە هەر کەسێك زانیاریی وا ببەخشێت کە ببێتە هۆی تێکدانی میکانیزمی کارکردنی دارایی سوپای قودس.

سزاکان 'سەرچاوەی سەرەکی داهات' دەبڕن

پسپۆڕی سیاسی، ئەنمار دروبی بە دیارونای وت سزاکانی ئەمدواییانە بەشێکن لە پلانێکی ئەمریکا بۆ کەمبایەخکردنی رۆڵی هەرێمیی ئێران کە هەڕەشەیە بۆ وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

وتی پێویستە کاری زیاتر بکرێت بۆ جڵەوکردنی پێشڕەویی زیاتری و دژایەتی چالاکیەکانی بکرێت کە هەڕەشەن بۆ ئاسایشی ئەو وڵاتانە.

شیکاروانی سیاسی، غازی فەیسەڵ حسێن بە دیارونای وت سزاکان "ئاماژەن بە پابەندیی ئەمریکا بۆ پەیڕەوکردنی سەپاندنی سزا دژی پاسداران".

وتی: "ئەم تۆڕە بەشێکی گرنگ بووە لە بەرژەوەندییە ئابورییەکانی ئێران و چالاك بووە لە گواستنەوەی نەوتی خاوی ئێرانی و بەرهەمە نەوتییەکان لەڕێگەی دەریاوە بۆ رژێمی بەشار ئەسەد."

حسێن، کە پێشتر دبلۆمات بووە، وتی ئێرانیەکان ماوەیەکە "بەسەدان ملیۆن دۆلار بەرهەمی ئەم بەقاچاخبردنە نایاساییە دەبەن کە سه‌رجه‌می بەکارهێنراوە بۆ پشتیوانی دارایی پاسداران لەگەڵ بەگەڕخستنی ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستیەکانی".

وتی: "سزاکان سەرچاوەیەکی سەرەکیی داهاتی دارایی دادەخەن بۆ رژێمی ئێران و هاوکارانی و زیاتر دەیانخنکێنن و چالاکیەکانیان سنووردار دەکەن کە ئامانجیان بڵاوکردنەوەی پشێوییە لە دەرەوەی سنوورەکانیان."

وتیشی: "ئەمریکا سەرکەوتوو بووە لەڕێی سزاکانەوە بۆ لێدان لە بەرژەوەندییەکانی ئێران بەجۆرێک نزیکەی 100 کۆمپانیای لە تەواوی جیهاندا گرتۆتەوە."

هه‌روه‌ها وتی: "ئەم کۆمپانیانە به‌شێوه‌یه‌كی ئەرێنی چوون به‌ده‌م سزاکانی سەر ئێرانه‌وه‌ کە قەدەغەی دەکەن لە هەر کەس و لایەنێك، جا کۆمپانیا بێت یان تاکەکەس، کە هه‌ر جۆره‌ شێوازێکی پشتیوانی و ئاسانکاری بۆ رژێمی ئێران دەستبەربکات."

حسێن هۆشداریی دا لەوەی رژێمی ئێران "دەبێت بە سیاسەتەکانیدا بچێتەوە و ددانبنێت بە خراپی بەرەنگاربوونەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا لەگەڵ هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ تێکدانی سەقامگیری و ئاسایشی دراوسێکانی".

ئابوری ئێران رووبەڕووی داڕمان دەبێتەوە

حسێن وتی سەرکردەکانی ئێران "تاکە بەرپرسن لە گۆشەگیری و خراپیی باری ئابوری کە لەمڕۆدا تووشی خەڵكه‌كه‌یان بووە لەبەر سیاسەتە زیانبەخشەکانیان".

وتیشی: "ئابوری ئێران تووشی داڕوخانێکی بێوێنە بووە، لەبەرئەوەی زۆر کەرت و هێڵی بەرهەمهێنان کارەکانیان وەستاندووە و بێکاری لەنێو لاواندا گەیشتۆتە نزیکەی حەوت ملیۆن کەس."

وتی جیا لەوەش، هەڵاوسان بۆتە هۆی هەژارییه‌كی بەرفراوان، بەجۆرێك هەندێك راپۆرت ئاماژە بەوە دەکەن كه‌ 35 ملیۆن ئێرانی لەژێر هێڵی هەژارییەوەن.

هه‌روه‌ها وتی: "خەڵکی ئێران تووڕەن لەو دۆخی گوزەرانە، لەگەڵ حسابنەکردنی سەرکردەکانیان بۆ کێشەکانیان و مەبەستیان بۆ راکێشانی وڵاتەکە بۆ پێکدادانی زیاتر لەگەڵ جیهان."

وتیشی خۆپیشاندانە بەردەوامەکان لە شارەکانی ئێران "بەڵگەی روونن لەسەر ئەوەی توڕەیی جەماوەری دروستبووە لەکاتێکدا سەرکردەکانی ئێران بەردەوامن لە فەرامۆشکردن یان نکۆڵیکردن لە خەمەکانی خەڵك".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
1
نەخێر

0 كۆمێنت

رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین
Captcha