سووربوونی ئێران لەسەر بەئاشکرا گواستنەوەی نەوت بۆ سوریا بهڕووداوهستانێكی بێ پاساوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، کە سزای بەسەر هەردوو وڵاتدا سەپاندووە، پسپۆڕێکی کاروباری ئێران بە المشارق وت.
وێنەی مانگە دەستکردەکان شەوی یەکشەممە (8 ئەیلول) کەشتی نەوتی ئادریان دەریا 1ی ئێرانییان نیشاندا (پێشتر گرێیس 1) کە گەیشتۆتە بەندەری تەرتوسی سوریا.
کەشتیەكه لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست ئەمبەرەوبەری بوو لەوکاتەوەی له جەبەل تارق ئازادکرا، كه خاكی بەریتانییه، لە 18 ئاب، دوای ئەوەی شەش هەفتە دەستی بەسەردا گیرابوو بە گومانی گواستنەوەی نەوت بۆ سوریا.
هێزە ئەمنیەکانی جەبەل تارق بەیارمەتی هێزی دەریایی شاهانەی بەریتانی رێیان لە تەنکەرەكه گرت لە کەناراوەکانی جەبەل تارق لە 4 تەمموز بە گومانی گواستنەوەی 2.1 ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ سوریا کە شکاندنی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا بوو.
دادگایەکی جەبەل تارق لە 15 تەمموز فەرمانی ئازادکردنی دەرکرد، سەرەڕای سکاڵایەکی یاسایی 11 کاتژمێریی ئەمریکا بۆ هێشتنەوەی بە دەستبەسەرداگیراوی، ئەمەش دوای ئەوەی ئێران دڵنیایی دا لەوەی بەرەو ئەو وڵاتانە ناچێت کە سزاکانی یەکێتی ئەوروپا دەیانگرێتەوە.
وەزارەتی دارایی ئەمریکا کەشتیەکەی خستە لیستی رەشەوە بهگوێرهی یاسای دژه تیرۆریزم و رایگەیاند کە "موڵکێكی رێلێگیراوه" و "هەرکەسێك یارمەتی ئادریان دەریا 1 بدات رووبەڕووی مەترسی سزادان دەبێتەوە".
لە 18 ئاب، کەشتیەکە رۆیشت بەرەو خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بە ئاڵای ئێران و بە ناوێکی نوێوە -- ئادریان دەریا.
ناڕۆشنیی ئێران
ئێران هەرگیز بەفەرمی شوێنی ئامانجی کەشتیەکەی دیارینەکرد، لەکاتێکدا رووە و خۆرهەڵات دەڕۆیشت جار لەدوای جار نکۆڵی کرد لەوەی بەرەو سوریا بڕوات.
لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا رۆژی هەینی کە وێنەیەکی مانگی دەستکردی لەگەڵ بوو، بەرپرسی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا جۆن بۆڵتۆن وتی گوایە ئادریان دەریا 1 گەیشتۆتە تەرتوس.
میدیای دەوڵەتی ئێران یەکشەممە وتەیەکی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە عەباس موسەوییان بڵاوکردەوە کە دەڵێت کەشتیەکە گەیشتۆتە کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست و بارەکەی داگرتووە، بەبێ ئەوەی شوێنەکەی بڵێت.
تاران نکۆڵی کرد لەوەی هیچ بەڵێنێکی دابێت دەربارەی شوێنی ئامانجی کەشتیەکە.
موسەوی یەکشەممە وتی ئادریان دەریا 1 "گەیشتۆتە شوێنی ئامانجی خۆی و نەوتەکەی فرۆشراوە" بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەکی زیاتر ئاشکرا بکات.
موسەوی ئەوەی باسنەکرد کە ئاخۆ کەشتیەکە بارەکەی داگرتووە.
وتی "لە دەریای ناوەڕاستە،" لە کەناری وڵاتێك، کە ناوەکەی نههێنا.
مانگی رابردوو ئێران وتی "نەوتەکەی فرۆشتووە" کە کەشتیەکە هەڵیگرتبوو، کڕیارهكهش بڕیار لەسەر ئامانجەکەی دەدات، بەڵام کڕیارەکەی دەستنیشان نەکرد.
دەزگای بەدواداچوونی دەریایی تانکەرتراکەرز رایگەیاند کە شەوی یەکشەممە ئادریان دەریا 1 لە کەناری تەرتوسی سوریا بووە بەڵام نەوتەکەی دانەگرتووە.
سهرپێچیكردن
توێژەری کاروباری ئێران، فەتحی سەید بە المشارق وت: "گەیشتنی کەشتیە نەوتیەکەی ئێران بە کەنارەکەی سوریا چاوەڕوانکراو بوو، سەرەڕای بەڵێنەکانی ئێران بەوەی بەرەو ئەوێ ناچێت."
ئاماژەی بە راپۆرتەکانی پێشتر کرد دەربارەی ئەوەی شوێنی راگەیەندراو و گومانلێکراوی ئامانجی ئادریان دەریا 1 چەند جارێك گۆڕدراوە لەکاتی ئازادکردنیەوە لە جەبەل تارق و رژێمی ئێرانی تۆمەتبارکرد بە شێواندنی راستییەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی.
وتی: "سووربوونی ئێران لەسەر گواستنەوەی نەوتەکە بۆ سوریا بهڕووداوهستانهوهیهكی بێ پاساوە بهرامبهر ویستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کە چەند سزایەکی سەپاندووە بەسەر رژێمی سوریادا لەبەر تاوانکارییە بەردەوامەکانی دژی خەڵکی سوریا."
سەید وتی ئەو سزایانەی بەسەر ئێرانیشدا سەپێنراون کۆتوبەندی تووند دەخەنە سەر هەناردەكردنی نەوتی ئێرانی و بەوشێوەیە گواستنەوەی نەوت بۆ سوریا دووجار پێشێلکارییه لەلایەن ئێرانەوە کە دەیخاتە بەردەم مەترسی ئەگەری سزای زیاتر.
سەید وتی رژێمی ئێرانی سوورە لەسەر شوێنکەوتنی ئامانجە فراوانخوازییەکانی، پشتگیری رژێمی سوریا و خۆشکردنی ئاگری ناکۆکی کە شەڕەکە درێژدەکاتەوە لەکاتێکدا خەڵکی ئێران لهناوخۆدا رووبەڕووی دۆخێکی سەخت دەبنەوە.
وتی سامانهكهیان دهبرێته دەرەوەی وڵات بۆ پشتیوانیكردن لە کارنامەی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران (پاسداران) لەکاتێکدا ئابوری ئێران دادەڕمێت، نرخی شمەك بەرزدەبێتەوە و بهدهگمهن كار دهستدهكهوێت.