هه‌واڵه‌كانی عێراق
سیاسەت

سه‌رپێچیی میلیشیاکانی هه‌واداری ئێران توڕەیی ده‌خاته‌وه‌ لە عێراق

فارس عومران

ئەندامانی میلیشیای بزوتنەوەی نوجەبای هه‌واداری ئێران لەم وێنەیەدا دەردەکەون کە لەسەر وێبسایتی هێزەکە لە 13 ئاب بڵاوکراوەتەوە.

ئەندامانی میلیشیای بزوتنەوەی نوجەبای هه‌واداری ئێران لەم وێنەیەدا دەردەکەون کە لەسەر وێبسایتی هێزەکە لە 13 ئاب بڵاوکراوەتەوە.

میلیشیا عێراقیەکانی سەر بە ئێران بە دژایەتی و پشتگوێخستن وەڵامی بڕیارەکانی ئەمدواییەی حکومەتی عێراقیان دایەوە کە بووەتە هۆی تووڕەبوونی بەرپرسانی عێراق و رەخنەگرتن لە رەفتارەکانیان لەلایەن خەڵکەوە، شارەزایان و بەرپرسان بە دیارونایان وت.

لە تەمموزەوە، کاتێك سەرەکوەزیرانی عێراق عادل عەبدولمەهدی پلانی دانا بۆ رێکخستنەوەی حەشدی شەعبی، هەڕەشە و هاندان لەلایەن سەرکردەكانی میلیشیاکانەوە دژی حکومەت زیادیكردووه‌.

لە 1 تەمموزبڕیارەکە فه‌رمانی دا به‌ تێکەڵکردنی هەموو هێزە سەربازیەکان له‌نێو سوپای عێراقدا، بەمەش دەبێت ئەندامانی حەشدی شەعبی هەموو پەیوەندیەکانیان بە میلیشیاکانی پێشووه‌وه‌ بپچڕێنن و هەموو بازگە و نوسینگەکانی سەر بەو میلیشیانە دابخرێن.

بڕیارەکە دوای زنجیرەیەك لە هێرش هات دژی پێگە دیپلۆماسیەکان و بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە عێراق کە گروپەکانی سەربە ئێران پێی تۆمەتبارکران.

جێگری سەرۆکی حەشدی شەعبی ئەبو مەهدی موهەندیس (ناوەڕاست) لێرەدا دەردەکەوێت لەگەڵ سەرکردەی لیوای 30، وەعد قەدۆ (لای راست) لە وێنەیەکدا کە لەسەر وێبسایتی لیوای 30 لە 9 ئاب بڵاوکراوەتەوە.

جێگری سەرۆکی حەشدی شەعبی ئەبو مەهدی موهەندیس (ناوەڕاست) لێرەدا دەردەکەوێت لەگەڵ سەرکردەی لیوای 30، وەعد قەدۆ (لای راست) لە وێنەیەکدا کە لەسەر وێبسایتی لیوای 30 لە 9 ئاب بڵاوکراوەتەوە.

وەك کاردانەوەیەکی سەرەتایی دژی بڕیارەکە، کەتیبەکانی حیزبوڵای هه‌واداری ئێران رایگەیاند كه‌ بڕیارەکە وەك هەوڵێك بۆ "تاوانبارکردن" و "سوکایەتیکردن" بە ئەندامانی دەبینێت.

لە راگەیەندراوێکدا لە 22 تەمموز کە ئه‌ویش بووە هۆی توڕەکردنی هەندێك میلیشیای هه‌واداری ئێران، سەرەكوەزیران عەبدولمەهدی وتی فەرماندەی پێشووی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار لیوا محەمەد فەلاحی بەبێتاوان دەناسێنێت.

فەلاحی بووبووە قوربانیی هەڵمەتێکی راگەیاند کە راگەیاندنەکانی سەربە ئێران تۆمه‌تباریانكرد بە خیانەت.

لە راگەیەندراوێکدا کەتیبەکانی حیزبوڵا هەڕەشەیانکرد کە "رێنادەن شتەکان وا بەئاسانی تێپەڕن" و هەڵوێستی هاوشێوەش لەلایەن سەرکردە سیاسیە عێراقیەکانی نزیك لە ئێرانه‌وه‌ راگەیاندرا.

پەیوەندیی دوژمنكارانه‌

لێکۆڵەری سیاسی عیسام فەیلی بە دیارونای وت پەیوەندییه‌ دوژمنكارانه‌كانی نێوان حکومەت و میلیشیا چەکدارەکانی سەربە ئێران شتێکی نوێ نییە.

وتیشی رەگەکانی ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ دامەزراندنی رێبازی ویلایەتی فەقیه (پاسەوانی دادوەری) کە داوای بەیعەتدان بە سەرکردەی باڵای ئێران عەلی خامنەیی دەکات.

روونیشیکردەوە ئەو هەڵوێستە وا لە میلیشیاکان دەکات بکەونە کێشمەکێشمی راستەوخۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق چونکە پەیڕەوکردنی ئەو رێبازە رێگە بەوە نادات بەرژەوەندییە نیشتمانیەکانی عێراق بخرێنە پێشەوە.

هاوکات وتیشی حکومەتی عێراق هەوڵدەدات خۆی بەدووربگرێت لە کێشە و بارگرژییە هەرێمایەتیەکان و ئاماژەشی دا بەوەی عێراق نایەوێت بخزێتە ناو ئەو ناکۆکیانەی دەبنە هۆی مەترسی بۆسەر ئاسایش و ئارامی.

هەروەها وتی ئەمە بەتایبەتی گرنگە چونکە عێراق بەمدواییانە لەشەڕێکی پڕوكێنه‌ر رزگاری بووه‌ لەگەڵ رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" و هێشتاش دژی پاشماوەکانی گروپەکە شه‌ڕده‌كات.

لیوای 30ی حەشدی شەعبی کە لەلایەن وەعد قەدۆوە سەرکردایەتی دەکرێت، بەمدواییانەدژی بڕیارەکەی حکومەت وەستایەوە بۆ چۆڵکردنی بارەگاکانی و کشانەوەی لە دەشتی نەینەوا.

لە 5 ئاب، میدیای ئێران لە دەمی وتەبێژی بزوتنەوەی نوجەباوە، ناسر شیممه‌ری، رایانگەیاند کە هێزەکەی دەتوانێت "هەر حکومەتێکی عێراق لەماوەی چەند هەفتەیەکدا بڕوخێنێت ئەگەر لایەنگری هه‌ر لایه‌نێك بکات دژی ئێران".

هەفتەی دواتر، سەرۆکی ئەنجومەنی زانایانی بزوتنەوەی نوجەبا، یوسف ناسری، داوایکردسوپا هەڵبوەشێتەوە و ئەندامانیشی وەك بەکرێگیراو له‌قه‌ڵه‌مدا.

لەگەڵ ئەوەشدا، لەوەڵامی شەپۆلی توڕەیی جەماوەردا دژی لێدوانەکەی، حەشدی شەعبی بێبەریی خۆی لە ناسری راگەیاند و رایگه‌یاند كه‌ لێدوانەکانی "تەنها گوزارشت لە بیروبۆچوونی خۆی دەکه‌ن."

دڵسۆزییه‌ دژبەیەکەکان

شیکاروانی سیاسی غازی فەیسەڵ حسین بە دیارونای وت: "نزیکەی 34 هێزی عێراقی هه‌واداری سوپای پاسدارانی ئێران هەن کە یارمەتی و چەك و فرمان لە هێزی قودسی سوپای پاسداران وەردەگرن."

حسێن کە وەك راوێژکار لە ناوه‌ندی عێراقی بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژیەکان کاردەکات، وتی ئەو میلیشیانە "سەربە سەرۆکی باڵای ئێرانن، عەلی خامنەیی و شوێن رێبازی ویلایەت فه‌قیه‌ كه‌وتوون".

وتیشی: "ئەو پەیوەندییە چاره‌نوسی و ئایدۆلۆژیە هانی ئەو گروپانە دەدات هەتا مردن لەپێناو ئێراندا شه‌ڕبكه‌ن."

هەروەها وتی ئەوە روونیشیدەکاتەوە بۆچی ئەو هێزانە "دژی حکومەتی [عێراق] دەوەستنەوە و زیان بە دامودەزگا فەرمیەکانی دەگەیەنن کاتێك هەر بڕیاریکی حکومەت کاریگەریی نەرێنی بۆ سەر ئێران و ئامانجەکانی هەبێت".

حسێن وتیشی: "سنووربەزاندنی ئەو میلیشیانە و دژایەتیی بەردەوامیان بۆ رژێمی [عێراق] و یاسا مەترسیدارە." جەختیشی کردەوە كه‌ ئەوانه‌ "گوێناده‌ن به‌ چارەنوس و داهاتووی" عێراق.

وتی لەبەرامبەردا حکومەتی عێراق هەوڵدەدات سیاسەتێکی نێودەوڵەتیی هاوسەنگ پەیڕەوبکات و بەتووندی دژی هەر کارێکی نایاسایی و پێشێلکارییەكی دەستوری بوەستێتەوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500