چالاکوانێکی ناوخۆ وتی رۆژنامەوانان و چالاکوانانی میدیا لە هەرێمی ئیدلیب لەکاتی کارکردنیاندا رووبەڕووی هێرشە ئاسمانییەکانی رژێم و روسیا دەبنەوە و لەلایەکی دیکەوە لە بەردەم مەترسیی رەشبگیردان لەلایەن هاوپەیمانی توندڕەوی تەحریر شامهوه.
چالاکوان هیشام ئیدلیبی بە دیارونای وت سەرباری مەترسییەکان لەکاتی رووماڵکردنی مەیدانیدا، ماڵەکانیشیان لەلایەن موشەکەکانەوە دەکرێنە ئامانج.
ئیدلیبی باسی لە دەستگیرکردنەکانی ئەمدواییانەی دوو چالاکوان کرد بەبێ تاوان -- محەمەد جەمال دهعبول و فاتح رەسلان - لەلایەن بەناو "حکومەتی رزگاری"یهوه، کە دەزگایەکی ئیدارییە و لەلایەن تەحریر شامهوه کۆنترۆڵکراوە.
وتی دهعبول هەینی (23 ئاب) دەستگیرکرا لە ماڵەکەیدا لە شاری ئیدلیب هەروەها رەسلان هەمان رۆژ لە بازگەیەکی تەحریر شامدا دەستگیرکرا لە دەروازەی شارەکە.
ئیدلیبی وتی دەستگیرکردنی ئەو دوو چالاکوانە شەپۆلی ناڕەزایەتیی لێکەوتۆتەوە لەلایەن دانیشتووانەکە و چالاکوانانی هەرێمەکەوه، کە مێژووی تەحریر شام باش دەزانن لە دەستگیرکردنی هەرکەسێك کە لە دژیان دەنگ بڵند دەکات.
وتی چالاکوانان ئێستا رووبەڕووی دوو مەترسی دەبنەوە، جگە لە مەترسی دەستگیرکردن، لەبەردەم ئەگەری برینداربوونیشدان لەکاتێكدا سەرقالی رووماڵی مەیدانین.
ئیدلیبی رژێمی سوریا و هێزەکانی روسیاشی تۆمەتبارکرد بە جێبەجێنەکردنی ئهو پرۆتۆکۆڵە نێودەوڵەتیانهی داوادەکەن ئهو رۆژنامەوانانهی لە ناوچەکانی شەڕدا کاردەکەن، دەبێت پارێزراوبن لەکاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا.
توندوتیژی دژی میدیا
ئیدلیبی وتی رۆژنامەوانێكی ئیدلیب، مەحموود حەماوی لەکاتی رووماڵکردنی شەڕ و هێرشە ئاسمانییەکانی باشوری ئیدلیبدا برینداربوو، چالاکوانی میدیاش، فادی شبات مانگی شوبات لە ئەریحا برینداربوو لە ناوچه گوندنشینهكانی باشوری ئیدلیب.
رژێمی سوریاشی تۆمەتبارکرد بە کردنە ئامانجی ماڵی هەندێك له چالاکوانان بەمەبەست و باسی لە کەیسی چالاکوانی میدیا، عوبێدە ئەکرەم فازڵ، کرد، کە ماڵەکەی لە سەقاریب لە رۆژهەڵاتی ئیدلیب راستەوخۆ پێکرا.
فازڵ و خێزانەکەی لە هێرشە ئاسمانییەکەدا نەپێکران، چونکە چەند خولەکیك بەر لە دەستپێکردنی هێرشەکە چووبوونە پەناگەوه.
وتی جگه لەوەش، ماڵی خەتیب ئیدلیب لە تهلمهنهس رووخا كاتێك كهوته بهر هێرشێكی ئاسمانیی رژێم، یەکشەممە (25 ئاب).
وتیشی هەموو ئهو چالاکوانانهی میدیا کە دەستگیرکراون یان کراونەتە ئامانج لە هێرشی ئاسمانیدا، بۆ ناوهنده ناوخۆییەکانی میدیا و ئهو ماڵپەڕە ئەلکترۆنیانه کاردەکەن كه رووماڵی بارودۆخی سوریەکان دەکەن و کاریگەرییان هەیە لەسەر رای گشتی.
وتی رووماڵی مەیدانیی رووداوەکان دەکەن لهڕێی تۆڕه كۆمهڵایهتییهكانهوه و زۆرجار سەرچاوەی یەکەمی زانیاریەکانن، لهكاتێكدا دەزگای میدیای گەورە بوونیان نییە لەبەرئەوەی چالاکییەکانیان وەستاندووە بەهۆی رەوشە ئەمنییەکەوە.