تەقینەوەیەك دووشەممە (12 ئاب) لە کۆگایەکی چەكوتەقەمەنیدا لە بنكهی سەربازیی سەدر لە باشوری بەغدا، کە چەكوتەقەمەنیی میلیشیاکانی سەر بە ئێرانی تێدا هەڵگیراوە، بووە هۆی ئاراستەکردنی موشەك بۆ ناوچە نزیکەکانی و برینداربوونی 29 کەس.
سەرەکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی، بڕیاری لێکۆڵینەوەی دا لە روداوەکە و وتی دەبێت هەموو بنکە سەربازی و کۆگاکانی چەكوتەقەمەنی ببرێنە دەرەوەی شارەکانی عێراق، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.
ئەو تەقینەوەیە یەکێك بوو لە زنجیرەیەك رووداوی هاوشێوە کە دەیان عێراقییان لە پارێزگاکانی بەغدا و کەربەلا و بابل کوشتووه و بریندارکردووە لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا و بوونەتە هۆی دڵەڕاوکێ لەنێو دانیشتواندا لەسەر بوونی کۆگاکانی چەكوتەقەمنی لە ناوچە نیشتەنیەکاندا.
لە ناوەڕاستی کانونی دووەمدا تەقینەوەیەکی تر لە کۆگایەکی گەورەی چەکدا کە هی عەسائیب ئەهل ئەلحەقی سەر بە ئێران بوو لە شاری بێجی، باکوری بەغدا، زیانێکی زۆری بە موڵكوماڵی گشتی گەیاند.
لە کانونی دووەمی 2018 تەقینەوەیەك لە کۆگایەکی چەكدا لەناو حوسەینییەیهكدا لە شاری سەدری رۆژهەڵاتی بەغدا، 11 کەسی کوشت، لەنێویاندا چوار منداڵ و 90 کەسی تریشی بریندارکرد. هەروەها بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمنی، زیاتر لە 20 خانووشی روخاند.
تەقینەوەیەکی تر لە کۆگایەکی چەكدا لە بەغداد جەدیدە لە کۆتایی 2016 بووە هۆی كوشتن و برینداربوونی 73 کەس.
پابەندنەبوون بە بڕیارەکانی حکومەتەوە
بەرپرسان و شارەزایان دەڵێن پێدەچێت تەقینەوەکان بەهۆی کەمتەرخەمییەوە بێت کە سهردهكێشێت بۆ خراپیی شێوازی ئهمباركردن و ههروهها بههۆی بەرزیی پلەی گەرماوه، بەتایبەتی لە مانگە گەرمەکانی هاویندا.
لە ئەیلولی 2016 سەرەکوەزیرانی پێشوی عێراق، حەیدەر عەبادی، بڕیارێکی دەرکرد و داوای لە هەموو میلیشیاکان کرد چەکەکانیان لە شارەکان و شوێنە جهنجاڵهكان ببەنە دەرەوە.
بەرپرسان بە دیارونایان وت زۆربەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران پابەندی بڕیارەکە نەبوون.
بەرپرسێکی باڵای عێراق لە وەزارەتی ناوخۆ وتی ئەو گروپانەی بەوە ناسراون سەر بە ئێران بن، "رەتیدەکەنەوە کۆگای چەکەکانیان ببەنە دەرەوەی شارەکان هەرچەندە شێوازی خراپ بۆ هەڵگرتنیان بەکاردەهێنن کە مەترسیی تەقینەوەی کۆگاکان لە گەرمای هاویندا زیاددەکات."
ئەو سەرچاوەیە کە بەمەرجی ناونهبردنی قسەی بۆ دیارونا کرد، وتی: "لانیکەم 100 کۆگای چەك له ماڵ، پەرستگاکان، گەراج و بینا حکومییهكاندان لە پارێزگاکانی بەغدا، بابل، کەربەلا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار."
وتیشی لەکۆگاکاندا تەقەمەنی، موشەك، رۆکێت (قازیفه) و ماددەی تەقەمەنیی تر بەشێوازێکی خراپ و مەترسیدار هەڵگیراون و دەکەونە گەڕەکە جهنجاڵهكانهوه کە ترسی خاپوربوونیان لەسەرە بەهۆی تەقینەوەیانهوه لە هەر ساتێكدا.
هەروەها وتی هەموو هێزە چەکدارەکان پابەندنەبوون بە بڕیارەکەی عەبادییەوە بۆ بردنە دەرەوەی چەكوتەقەمەنی و ئاماژەشی دا بەوەی هەندێك هێزی میلیشیا "کە بەوە ناسراون سەر بە ئێرانن، رەتیدەکەنەوە پابەندبن."
وتیشی لەنێو ئەو میلیشیایانەدا بزوتنەوەی نوجەبا، سەرایا خوراسانی، عەسائیب ئەهل ئەلحەق، سەرایا عاشورا و کەتیبەکانی حزبوڵا و چەندانی تر هەن.
خێزانەکان ناچارکراون بە هەڵهاتن
میلیشیاکانی سەر بە ئێران "رێگرن و درهنگی دهكهن له گواستنەوەی چەکەکانیاندا بۆ شوێنی دوور لە گەڕەکە نیشتەنیەکان،" شیکاروانێكی تایبەت بە گروپە تووندڕەوەکان، فوئاد عەلی، وتی.
عەلی بە دیارونای وت هەندێك خێزان لە بەغدا ماڵەکانیان چۆڵکردووە "دوای ئەوەی ئەندامانی ئەو هێزانە چوونەتە گەڕەکەکانیان و ماڵ و پەرستگاکانیان کردوون بە بارەگای خۆیان".
وتیشی: "ماڵەکانیان بەجێهێشت چونکە لە رووداوی تەقینەوەی هاوشێوەی تەقینەوەکانی رابردوو دهترسان کە دەیان مەدەنییان کوشت."
عەلی وتی ئەو چەکانەی میلیشیاکان لەناو شارەکاندا ئهمباری دهكهن "چەکی سوك و مامناوەندن، وەك تۆپ، رۆکێت، كهرهسهی خاوی تەقەمەنی، بۆمبی دەستکرد و مین".
وتیشی ئەو چەکانە بەزۆری پێیان دەوترێت "پاشماوەی داعش" وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو چەکانەی لەدوای داعش بەجێماون.
هەروەها وتی ئەو هێزانە دەبوایە چەکەکانیان رادەستی حکومەت بکەن بەڵام لەجیاتی ئەوە دەستیان بەسەریاندا گرتووە.
ئەندامێكی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا، سەعد مەتلەبی بە دیارونای وت پێویستە سوپای عێراق بەردەوامبێت لە بەدواداچوونی ئەو کێشەیە چونکە کێشەکە جێی نیگەرانییە و مەترسی دەخاتە سەر ئەمنیەتی هاوڵاتیان.
'ئالنگاریی سەرەکی'
ئەندامێكی بزوتنەوەی مەدەنیی عێراقی، فیراس عەلۆ وتی ئەو کۆگای چەکانە "بوونەتە ئالنگارییهكی گەورە بۆ دەوڵەت".
عەلۆ بە دیارونای وت ئەو هێزانەی سەر بە حکومەتی عێراقن پابەندی بڕیارەکانی عەبادی بوون بۆ گواستنەوەی چەکەکانیان بۆ دەرەوەی گەڕەکەكان.
وتی: "بەڵام هێزەکانی سەر بە قاسم سلێمانی [فەرماندەی هێزی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران]، وەك کەتیبەی حیزبوڵا و بزوتنەوەی نوجەبا، پابەندنەبوون و چەك و تەقەمەنیەکانیان بەردەوامن لە مەترسی خستنە سەر ژیانی مەدەنییان و بێنرخکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و یاسا."
عەلۆ وتی میلیشیاکان ماڵی مەسیحیەکان و ئەندامانی تری کەمایەتییەکان کە بەزۆرەملێ لە ساڵانی رابردوودا دەرکراون دەکەنە بارەگا و کۆگای چەك.
وتیشی ئەو ناوچانەی میلیشیاکان ئێستا تێیدان "خواستیان لهسهر نییه بۆ ژیان".
ئێوه هێشتا بۆ سهدام دهگرین و هێشتا داعشتان خۆشدهوێت! هاهاهاهاهاهاهاهاهاها!
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت