هێزه‌كانی عێراق رێوشوێنه پێشگرییهكانیان تووندتركردۆتهوه بۆ رێگری له هێرشی تیرۆریستی له ماوه‌ی ئاهه‌نگگێڕانه‌كانی جه‌ژنی قورباندا كه ئێواره‌ی یه‌كشه‌ممه (11 ئاب) ده‌ستیپێكرد.
به‌شێك له پلانه ئه‌منییه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری بۆ ئه‌م جه‌ژنه بڵاوكردنه‌وه‌ی 20,000 هێزی هه‌واڵگری و ئاسایشه ته‌نها له پایته‌خدا، وه‌زاره‌ته‌كه رایگه‌یاند.
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری، عه‌قید ته‌حسین خه‌فاجی به دیارونای وت پلانه‌كه پشتده‌به‌ستێت به بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رفراوانی یه‌كه هه‌واڵگرییه‌كان به بازاڕ و شه‌قامه بازرگانیه‌كان و شوێنه‌كانی كاتبهسهربردندا، ئه‌مه جگه له‌و شوێنانه‌ی هاوڵاتیان تێیاندا كۆده‌بنه‌وه.
خه‌فاجی دووشه‌ممه به دیارونای وت كه وه‌زیری به‌رگری، نه‌جاح شه‌مه‌ری، فرمانی بۆ هه‌موو یه‌كه سه‌ربازی و هه‌واڵگرییه‌كان ده‌ركردووه له ئاماده‌باشیدا بن بۆ دابینكردنی ژینگه‌یه‌كی سه‌لامه‌ت بۆ خێزانه عێراقیه‌كان له ماوه‌ی پشووهكهدا.
![یه‌كه‌كانی ئاسایش له شه‌قامه‌كانی پارێزگای ئه‌نبار بڵاوكراونه‌ته‌وه له 11 ئابدا وه‌ك به‌شێك له پلانێك بۆ پاراستنی جه‌ژنی قوربان. [خاوه‌نی وێنه: به‌ڕێوبه‌رێتی پۆلیسی ئه‌نبار]](/cnmi_di/images/2019/08/12/19419-iraq-anbar-security-600_384.jpg)
یه‌كه‌كانی ئاسایش له شه‌قامه‌كانی پارێزگای ئه‌نبار بڵاوكراونه‌ته‌وه له 11 ئابدا وه‌ك به‌شێك له پلانێك بۆ پاراستنی جه‌ژنی قوربان. [خاوه‌نی وێنه: به‌ڕێوبه‌رێتی پۆلیسی ئه‌نبار]
وتیشی پلانه‌كه بۆ پاراستنی جه‌ژن پشتده‌به‌ستێت به "زیادكردنی چاودێریكردن، كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری هه‌واڵگریی مه‌یدانی و لێكۆڵینه‌وه له هه‌ر چالاكییه‌كی گوملێكراو". هه‌روه‌ها وتی هه‌موو زانیارییه‌ك و راپۆرتی ئه‌منی به‌خێرایی شیده‌كرێنه‌وه و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.
وتی ئامانجی ئه‌م هه‌وڵه هه‌واڵگرییانه ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایشێكی زیاتره بۆ هاوڵاتیان و گه‌ره‌نتیكردنی جموجۆڵێكی بێ كێشه‌یه له سه‌رجه‌م هاتوچۆیان و سه‌ردانكردنی شوێنه گشتیه‌كاندا.
خه‌فاجی وتی: "گرتنی شه‌قامه‌كان به‌شێك نیه له رێوشوێنه‌كانی ئه‌مساڵمان. به‌پێچه‌وانه‌وه، به‌ربه‌سته ئه‌منییه‌كان لابراون و شه‌قامه‌كان سه‌رله‌نوێ كراونه‌ته‌وه به‌مه‌به‌ستی بواردان به هاتوچۆیه‌كی باشتری ئۆتۆمبیل و كه‌مكردنه‌وه‌ی سه‌رئێشه‌ی چاوه‌ڕوانكردنی هاوڵاتیان له خاڵه‌كانی پشكنیندا."
وتیشی له ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا هێزه هه‌واڵگرییه سه‌ربازیه‌كان ئۆپه‌راسیۆنی پێشوه‌ختی سه‌ركه‌وتوویان ئه‌نجامداوه و له ئاكامیانهوه ژماره‌یه‌ك له شانه تیرۆریستییه‌كانیان له به‌غدا و كه‌ركوك و ئه‌نبار هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه، كه ئهندامانیانپلانیان داڕشتبوو بۆ ئه‌نجامدانی هێرش له ماوه‌ی جه‌ژنه‌كه‌دا.
هه‌روه‌ها وتی ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنانه "له ماوه‌ی جه‌ژن و دوای جه‌ژندا به‌رده‌وامده‌بن".
'گه‌وره‌ترین به‌ڵگه‌ی سه‌قامگیری'
له‌هه‌مانكاتدا، وه‌زاره‌تی ناوخۆ ژوورێكی ئۆپه‌راسیۆنی تایبه‌تی ئاماده‌كردووه بۆ چاودێریكردنی ئه‌و رێوشوێنانه‌ی گیراونه‌ته‌به‌ر به‌مه‌به‌ستی پاراستنی سه‌لامه‌تیی هاوڵاتیان له‌ماوه‌ی جه‌ژنی قورباندا.
ژووری ئۆپه‌راسیۆنه‌كه شه‌ممه پێكهێنرا به‌مه‌به‌ستی تاووتوێكردنی پلانه‌كه‌ی ئاسایش بۆ جه‌ژن پاش كۆبوونه‌وه‌یه‌كی سه‌ركرده ئه‌منییه‌كان كه له‌لایه‌ن وه‌زیری ناوخۆوه، یاسین یاسری، سه‌رۆكایه‌تی كرا.
له ماوه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، به‌شداران جه‌ختیانكرد له‌سه‌ر باشكردنی هه‌وڵه هه‌واڵگرییه‌كان و زیادكردنی هێزه ئه‌منییه‌كان له شوێنی ئاهه‌نگ و كۆبوونه‌وه‌كاندا و له ده‌وروبه‌ری جێگه‌كانی نزاكردن و هه‌روه‌ها كه‌مكردنه‌وه‌ی جه‌نجاڵیی هاتوچۆ.
به‌ڕێوبه‌رێتی به‌رگری شارستانی رێنمایی ده‌كردووه بۆ هاوڵاتیان كه له‌كاتی هه‌ر رووداوێكی كتووپڕدا پهیوهندیبكهن به ژماره‌ی خۆڕایی 115 و هه‌روه‌ها ژماره 153ی به‌ڕێوبه‌رێتی هه‌واڵگریی سه‌ربازی.
عه‌زیز روبه‌یعی، 45، دانیشتوویهكی گه‌ڕه‌كی دۆره له به‌غدا، پلانه ئه‌منییه‌كه‌ی رۆژانی جه‌ژنی به‌رز نرخاند.
به دیارونای وت پلانه‌كان "ئاستێكی زۆر له ئاسایشیان بۆ خه‌ڵك ده‌سته‌به‌ركردووه."
وتیشی: "ده‌ستخۆشی له هه‌وڵی سه‌ربازه‌كانمان ده‌كه‌ین، به‌بێ ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازی و هه‌واڵگرییه‌كانیان نه‌مانده‌توانی ئه‌م ئاسته له ئاسایش و سه‌قامگیری به‌ده‌ستبهێنین."
دانیشتوویهكی گه‌ڕه‌كی ئیسكان له به‌غدا، زه‌هره محمه‌د، 34 ساڵ، به دیارونای وت: "سوپاس بۆ هێزه ئه‌منییه‌كان كه‌شوهه‌وای جه‌ژن ساڵ له‌دوای ساڵ پڕ شادی و خۆشتر ده‌بێت."
ناوبراو وتی: "كاتێك خه‌ڵك به‌لێشاو دێنه‌ده‌رێ بۆ پارك و مۆڵه‌كان، من گه‌لێك دڵخۆش ده‌كه‌ن." ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه ئه‌مه "گه‌وره‌ترین به‌ڵگه‌ی سه‌قامگیرییه له وڵاته‌كه‌ماندا".