هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئابوری

له‌ژێر فشاری سزاکاندا ئێرانیەکان به‌دوای کاری رۆژانەدا ده‌گه‌ڕێن لە هەرێمی کوردستان

ئاژانسی فرانس پرێس

سوله‌یمان تەها، 28 ساڵ، دەرچووی بەشی بیرکارییە و خەڵکی سنەی خۆرئاوای ئێرانە و پەیکەری بەدەست دروستکراوی گەچینی ئاژەڵان دەفرۆشێت لە هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق، لە 2 تەمموز. [سەفین حامید / ئاژانسی فرانس پرێس]

سوله‌یمان تەها، 28 ساڵ، دەرچووی بەشی بیرکارییە و خەڵکی سنەی خۆرئاوای ئێرانە و پەیکەری بەدەست دروستکراوی گەچینی ئاژەڵان دەفرۆشێت لە هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق، لە 2 تەمموز. [سەفین حامید / ئاژانسی فرانس پرێس]

هەر کە ئۆتۆمبیلێك لە سوچێکی هەولێردا رایگرت، شه‌ش حه‌وت کرێکاری ئێرانی وروژمیان بۆ برد. بەهۆی فشاری سزاکانی ئەمریکاوە لەسەر تاران، لە دەرەوەی سنووری خۆیان راوی کار دەکەن.

ئەوان کە زۆریان کوردن، ناچارن کاری رۆژانەی بیناسازی یان کرێکاری و کاری سەرەتایی بکەن لە هەرێمی کوردستانی باکوری عێراق بۆ قەرەبووکردنەوەی خراپبوونی دۆخی ئابوورییان لە وڵات.

کڵاو له‌سه‌ریاندا و توره‌كه‌ی خام بە کەمەریانەوە لە ناوچە پیشەسازییەکانی هەولێر دەوەستن تا خەڵکێك کە پێویستی پێیانە بۆ پاککردنەوە یان کاری بیناسازی و بۆ کرێکار دەگەڕێن، هەڵیانبگرن.

رۆستەم، 31 ساڵ، کە کرێکارێکی خەڵکی ورمێی ئێرانە وتی: "کرێی رۆژانەم لە ئێران تەنیا بەشی کڕینی مریشکێك دەکات -- بەڵام خێزانێك پێویستی بە زیاتر لە تەنیا مریشکێك هەیە."

کرێکارە ئێرانییەکان، کە بەدوای کاردا دەگەڕێن لە هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ قەرەبووکردنەوەی دۆخی خراپی ئابوورییان لە وڵاتی خۆیان، لە میوانخانه‌یه‌كی هەرزاندا له‌ هەولێر دەمێننەوە لە 1 تەمموز. [سەفین حامید / ئاژانسی فرانس پرێس]

کرێکارە ئێرانییەکان، کە بەدوای کاردا دەگەڕێن لە هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ قەرەبووکردنەوەی دۆخی خراپی ئابوورییان لە وڵاتی خۆیان، لە میوانخانه‌یه‌كی هەرزاندا له‌ هەولێر دەمێننەوە لە 1 تەمموز. [سەفین حامید / ئاژانسی فرانس پرێس]

ئەو کە باوکی دوو منداڵە نەیویست ناوی راستەقینەی ئاشکرا بکرێت لە ترسی ئەوەی ئاکامی خراپی هەبێت بۆ خێزانەکەی لە وڵاتەکەی خۆی.

رەزا رۆستەمی، کرێکار، وتی کرێکاران دەتوانن "لەنێوان 25,000 بۆ 30,000 دیناری عێراقی (20 - 25 دۆلار)ی رۆژانە بەدەستبهێنن".

وتی: "پارەیەکی باشە" كه‌ نزیکەی سێ هێندەی ئەوەیە لە ئێران دەستتدەکەوێت.

رۆستەمی وتی: "ئابووریی [ئێران] پێشبینی ناكرێت. دەکرێت بەیانییەك بەخەبەربێیته‌وه‌ و ببینیت نرخی خۆراك دووقات بووە بەراورد بە رۆژی پێشوو."

ئابووریی ئێران 'به‌ره‌و خراپتر ده‌چێت'

کرێکارانی ئێرانی سنوور دەبڕن بۆ نێو هەرێمی کوردستانی عێراق وەك گەشتیار بە ڤیزەیه‌كی یەك مانگی.

بۆ ماوەی 28 رۆژ کاردەکەن و دواتر بۆ پشوویەك دەڕۆنەوە ماڵەوە و چا و دایبی و شمەکە بازرگانییەکانی دیکە له‌گه‌ڵ خۆیان دەبەنەوە کە لەئێستادا له‌ ئێران زۆر گرانن. دوای هەفتەیەك، هەمان سووڕ دەستپێدەکاتەوە.

عادل باخەوان لە خوێندنگەی توێژینەوە پێشکەوتووەکان لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان له‌ پاریس وتی کرێکارەکان "هەم پێویستی پڕدەکەنەوە، هەم وەك سەرچاوەی سامان دەبینرێن".

باخەوان بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "ئەوان نەك تەنیا ئەو کارانە دەکەن کە لە کۆمەڵگەی کوردیی عێراق بە کەم دەبینرێن، بەڵکو کرێکارەکان پاره‌ش خەرج دەکەن."

لەسەر شاڕێگەیه‌كی جەنجاڵی سەرەکی لە هەولێر، خاوەنکارێکی کوردی عێراق بینایەکی کۆنی نوێکردۆتەوە و کردوێتی بە میوانخانه‌یه‌كی هەرزان بۆ نیشتەجێکردنی شەپۆلی کرێکارانی رۆژانەی ئێرانی.

خورشید شەقڵاوەیی، 54 ساڵ، وتی: "پایزی رابردوو، تەنیا 58 کرێکاری ئێرانی لە میوانخانه‌كه‌م هەبوون. ئێستا 180 كه‌س هەن."

ناوبراو دوو بینای لەو نزیکانە بەکرێگرتووە، بەڵام ئەوەش بەش ناکات.

وتی: "ئێستا میوانی نوێ رەتدەکەمەوە، هەموویان ئێرانین، لەبەرئەوەی هەر سێ میوانخانه‌كه‌ پڕن."

ژوورەکانی نزیکەی نۆ مەتری چوارگۆشەن و تا چوار کرێکار لەخۆدەگرن، کە بۆ شەوێك مانەوە و کارەبا و ئاو و ئینتەرنێت هەریەکەی 3 دۆلار دەدەن.

زۆربەی کرێکارە ئێرانییەکان پەرۆشی قسەکردن بوون بۆ ئاژانسی فرانس پرێس بەڵام بەمەرجی ناونەهێنان، چونکە نیگەران بوون لە ئەگەری ئاکامە نەرێنییەکانی بۆ خێزانەکانیان لە ئێران.

لەنێویاندا دەرچووانی زانکۆ هەن كه‌ ناچارن کاری سەرەتایی کرێکاری بکەن چونکە کاریان دەستناكه‌وێت لە وڵاتی خۆیان و رەشبین بوون به‌رامبه‌ر به‌ داهاتوو.

کرێکارێکی 24 ساڵە وتی: "پێموایە دۆخی ئابووری خراپتر دەبێت لە ئێران."

کۆچكردن بۆ پەیداکردنی بژێویی رۆژانە

کاربەدەستانی هەرێمی کوردستانی عێراق وتیان ئاماری کرێکارانی ئێرانییان لا نیە و عێراقیەکانیش وتیان شەپۆلەکە نیگەرانی نەکردوون -- هێشتا.

رێبین سیامەندی، وەستایه‌كی 27 ساڵەی عێراقی، وتی: "هەمان کرێی کرێکارانی خۆمان وەردەگرن. جیالەوەش، بەپێچەوانەوەی کرێکارە ئێرانیەکانەوە، پەیوەندیی باشمان هەیە. بەرده‌وام لەگەڵ ئەندازیاران و خاوەن پرۆژەکاندا کاردەکەین."

سیامەند وتی بەڵام گەر ئێرانییەکان بە ژمارەیەکی زیاترەوە بێن و کرێی کەمتر وەربگرن، ئەوە دەکرێت ببنە بار بەسەر عێراقیەکانەوە.

سوله‌یمان تەها لەسەر رێگەیەکی تەپوتۆزاوی بوو كه‌ بەرەو ناوچە گوندنیشنەکان ده‌چوو، لە پشتی پیکابێكی نیسانی شیندا دانیشتبوو، کە لە ئێران بەرهەمهێنرابوو بە ژمارەیەکی ئێرانییەوە.

ناوبراو کە 28 ساڵە و دەرچووی بەشی بیرکاری و خەڵکی سنەی خۆرئاوای ئێرانە، لە شوباتەوە هاتووه‌ بۆ عێراق بۆ فرۆشتنی پەیکەری گەچینی بەدەست دروستکراوی ئاژەڵان.

وتی ئێرانیەکان تەرکیزیان لەسەر پەیداکردنی بژێویی رۆژانەیە و ناتوانن پلان بۆ شتی تر دابنێن.

وتیشی: "پێش سزاکانی ئەمدواییانە، هەفتانە سێ جار گۆشتمان دەخوارد. لەئێستادا دەتوانین تەنیا هەفتەی جارێك گۆشت بخۆین."

تەها بۆ پەیداکردنی شوێنێکی کرێ دەگەڕا لە هەولێر چونکە زۆرێك لە هاوڕێیان و خزمانی بیریان لە سنووربڕین دەکردەوە بۆ کارکردن.

وتی: "بەمە دەڵێم کۆچكردن، کۆچكردن بۆ پەیداکردنی بژێویی خێزانەکانمان لە وڵات."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500