به‌رپرسێكی پارێزگای دیاله هه‌ینی (2 ئاب) به دیارونای وت هێزه‌كانی عێراق هه‌وڵه هه‌واڵگرییه‌كانیان زیاتر كردووه له‌پێناو ئاشكراكردنی تۆڕه‌كانی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" (داعش)دا كه به‌شدارن له راكێشانی گه‌نجان له‌ڕێی ئینته‌رنێته‌وه.
ئه‌مه دوای ئه‌وه هات كه ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی باڵای عێراق سێشه‌ممه رایگه‌یاند "ده‌ستگیركردنی شانه‌یه‌كی تیرۆریستی كه پێكدێت له دوو پیاو و ژنێك كه له رێی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه كاریان بۆ راكێشانی گه‌نجان كردووه تا بچنه نێو ریزه‌كانی داعشه‌وه."
ئه‌نجومه‌نه‌كه له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند كه شانه‌كه له شارۆچكه‌ی موقدادییه له پارێزگای دیاله هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه و راشیگه‌یاند كه دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی به‌عقوبه هه‌موو رێوشوێنه پێویسته‌كانی له دژی تۆمه‌تباران گرتۆته‌به‌ر و "به شێوه‌یه‌كی یاسایی دانپێدانانه‌كانیانی به‌گوێره‌ی ماده‌كانی یاسای دژه تیرۆریزم پشتڕاستكردۆته‌وه".
ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دیاله، ساجد ئه‌نبه‌كی به دیارونای وت ئاژانسه ئه‌منی و هه‌واڵگرییه‌كان له پارێزگاكه چالاكییه‌كانیان له په‌یوه‌ندی به چاودێریكردنی ئینته‌رنێته‌وه زیادكردووه.
ناوبراو وتی چاودێریی هه‌ژمار و لاپه‌ڕه ساخته‌كان ده‌كه‌ن بۆئه‌وه‌ی ئه‌و شانانه‌ی داعش بدۆزنه‌وه كه هانی تووندڕه‌یی ئایینی ده‌ده‌ن و ئایدیۆلۆژی تووندڕه‌وی ده‌خه‌نه نێو زه‌ینی گه‌نجانه‌وه.
ئه‌نبه‌كی وتی: "تیرۆریسته‌كان به‌رده‌وامن له به‌كارهێنانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بۆ راكێشانی گه‌نجان بۆ نێو رێزه‌كانی خۆیان." وتیشی ئه‌مه پێویستی به ئاگاداریی زیاتره له دژی هه‌وڵه‌كانی گروپه‌كه بۆ راكێشانی خه‌ڵكی نوێ بۆ نێو ریزه‌كانیان.
له‌ناوبردنی شانه‌كانی داعش
ئه‌نبه‌كی متمانه‌ی خۆی به‌رامبه‌ر به توانای هێزه ئه‌منییه‌كان خسته‌ڕوو له له‌ناوبردنی تۆڕه نهێنییه‌كانی داعش بۆ هاندان و راكێشانی ئه‌ندامان و جه‌ختیشی له‌سه‌ر ئه‌وه كرد كه ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دیاله و حكومه‌تی ناوه‌ندی "پشتگیری هه‌ر رێوشوێنێكی ئه‌منی و هه‌واڵگری ده‌كه‌ن كه له‌م بواره‌دا بگیرێته‌به‌ر."
وتی زۆر گرنگه هه‌موو لایه‌نه فه‌رمی و نافه‌رمییه‌كان پێكه‌وه كاربكه‌ن بۆ "به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاریی گه‌نجان و گرنگیپێدانیان و سوودبینین له تواناكانیان بۆئه‌وه‌ی به‌ئاسانی له‌لایه‌ن گروپه تیرۆریستی و تاوانكارییه‌كانه‌وه فریونه‌درێن."
وتیشی له هه‌مان كاتدا، پاشماوه‌كانی داعش له دیاله به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌چن به‌هۆی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته چڕه ئه‌منییه‌ی له دژیان له‌ئارادایه.
ئه‌نبه‌كی وتی: "سه‌رباری هه‌ندێك چالاكی تیرۆریستیی سنووردار، به‌تایبه‌تی له ناوچه دوورده‌سته‌كان، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی باری ئه‌منیی پارێزگاكه باشه."
ناوبراو وتی له‌م رۆژانه‌ی رابردوودا، هێزه‌كانی عێراق گه‌ڕان و پشكنیان ئه‌نجامدا له ناوچه‌كانی حه‌مرین و خانه‌قین و سه‌عدییه و وتیشی "هه‌شت تیرۆریستی به‌ناو ویلایه‌تی دیاله"یان كوشت یان ده‌ستگیركرد و چوار شوێنی حه‌وانه‌وه‌شیان له‌ناوبرد.
هه‌روه‌ها وتی ئاژانسه ئه‌منییه‌كان ده‌یانه‌وێت پێش جه‌ژنی قوربان ئۆپه‌راسیۆنی زیاتری پێشوه‌خته له‌دژی داعش ئه‌نجامبده‌ن.