هێزەکانی عێراق دووشەممە (29 تەمموز) دەستیانکرد بە ئۆپەراسیۆنێك بۆ دەرکردنی پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە دوورگەی شەرگات له باکوری پارێزگای سەلاحەدین، کارگێڕیی خۆجێی قەزاکە رایگەیاند.
لە چەند هەفتەی رابردوودا، پاشماوەکانی داعش لە کەنارەکانی خۆرئاوای شەرگات، ناسراو بە جەزیرە، چەندین هێرشی هەڕەمەکییان لە قەزاکە ئەنجامداوە.
قائیمقامی شەرگات، عەلی داودە، سێشەممە بە دیارونای وت فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سەلاحەدین و پۆلیس و هێزەکانی قەزاكه بەشداریدەکەن لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، بەیارمەتی چەکدارانی خێڵەکی لە لیواکانی 51 و 91.
وتی: "هێزەکان چوونەتە نێو قوڵایی جەزیرەوە بۆ دۆزینەوە و تێکشکاندنی حهشارگهكانی پاشماوەی تیرۆریستان." ئاماژەشی کرد بەوەی جەیزرە ناوچەیەکی بیابانیی فراوانە و گرد و دۆڵ و ئەشکەوتی تێدایە کە دەبنە پەناگەی نمونەیی.
داودە وتی: "ناوچەی بەرفراوانی جەزیرە، کە بەرەو دەشتی قەزای حەزرە و تەلەعفەر درێژدەبێتەوە لە پارێزگای نەینەوا، لەگەڵ ناوچەی فوراتی باڵا لە ئەنبار، دەرفەتێکی زیاتر دەداتە تیرۆریستان بۆ جوڵە و مانۆڕ."
وتی دواجار، هێزە ئەمنیەکان "چەندین بۆمبی دەستکرد و شوێنی حەوانەوەیان تێکشکاندووە" و وتیشی ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوامدەبن تا ئەوکاتەی پاشماوەکانی داعش بەتەواوی لەناودەبرێن.
داودە وتی ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوامن، بەجۆرێك هێزە ئەمنیەکان و خێڵەکییەکان "کردەی کنەو پشکنین و چاودێریکردنی بەردەوام ئەنجامدەدەن".
وتی جیا لە جەزیرەش، کنەوپشکنینی ئەمنی لە کەنارەکانی باکوور و باشووری شەرگات ئەنجامدەدرێن، لە دوورگەی رووبارەکان و لە گوندە دوورەدەستەکانی بەشی خۆرهەڵاتی قەزاکەش.
داودە وتی: "دهرهنجامی هەریەك لەم ئهركانه تێکشکاندنی شوێنەکانی پشوودان و چەردەكانی چەك و تەقەمەنی و هەندێكجاریش کوشتنی تیرۆریستانه."
وتیشی: "دە رۆژ لەمەوبەر، هێزەکان ئهركێكی گەڕانیان لە گوندی عەیسە ئەنجامدا" لە باکوری شەرگات، کە ئەو ئەندامانەی داعش کە خۆیان لە شوێنەکانی پشوودان شاردبۆوە لەوێ کوژران.
ئاسایش سەقامگیرە و دهبێت كار له خزمەتگوزارییهكاندا بكرێت
داودە وتی هەرچەندە چەند دزەکردنێکی ئەمنی لە کەنارەکانی قەزاکەوە روویداوە، شەرگات بەگشتی ئاسایشی هەیە و "پتەوکراوە بە پارێزبەندییەکی ئەمنی و بازگە و دەورییەکان کە شەو و رۆژ گەڕەکەکان دەگەڕێن".
وتیشی: "دۆخەکە لە ناوەندی قەزاکە سەقامگیرە و خەڵك بەشێوەیەکی ئاسایی خەریکی ژیانی خۆیانن، بەبێ هیچ هەستکردن بە ترسێك."
وتی لەکاتێکدا ئاسایش باشتربووە، بەڵام خزمەتگوزارییەکان لە قەزاکە خراپتربوون و پلانەکانی بنیاتنانەوە راوەستاون.
داودە وتی بەهۆی کەمیی سەرچاوەکانەوە، کارگێڕیی خۆجێی نەیتوانیوە پرۆژەکانی چاکسازی و خزمەتگوزاری تەواوبکات، بەتایبەت لە بوارەکانی تەندروستی و پەروەردەدا.
وتی چەندین پرۆژەی شارەوانی دواکەوتوون، لەنێویاندا پرۆژەیەك بۆ قیرتاوکردنی رێگە سەرەکییەکانی شارۆچکەکە و ئاماژەیکرد بەوەش کە نەبوونی خزمەتگوزاری یەکێکە لەو هۆکارانەی ئەو کەسانەی ئاوارەبوون لە قەزاکە نەتوانن بگەڕێنەوە.
وتیشی تا ئەمڕۆ، لهسهدا 70 دانیشتوانەکەی شەرگات، كه پێكهاتووه له 90,000 كهس، گەڕاونەتەوە بۆ ماڵەکانیان، بەڵام "هێشتا چەند خێزانێك ماون کە ئاوارەن لە دەرەوەی پارێزگاکە و نزیکەی 100 خێزانیش لە کەمپی بەساتین شیوخن لە شەرگات".
"ئەم خێزانانە حەز بە گەڕانەوە ناکەن، نەك لەبەر ئاسایش، بەڵکو لەبەر كهمیی خزمەتگوزاری لە ناوچەکانیان."