هێرشێکی ئەمدواییانە بۆسەر دەوریەیەکی سوپای روسیا لە پارێزگای دەرعای باشوری سوریا ئاماژەی نەبوونی متمانەیە بەرامبەر هێزەکانی روسیا لەو ناوچەیە لەلایەن هەردوو ئۆپۆزسیۆن و هێزەکانی سەر بە ئێرانەوە، چالاکوانێکی ناوچەکە بە دیارونای وت.
هێرشبەرە نەناسراوەکان لە 13 تەمموز هەوڵیاندا دەوریەیەکی سوپای روسیا بکەنە ئامانج بە بۆمبی دەستکردی چێنراو لەسەر رێگەی نێوان شارۆچکەی سەحوە و شاری بوسرە شام لە خۆرهەڵاتی پارێزگای دەرعا.
هێرشەکە تەنیا بووە هۆی زیانی ماددی.
لە بەیاننامەیەکدا کە دوای رووداوەکە بڵاوکرایەوە، بەڕێوبەری ناوەندی حمهیمی وەزارەتی بەرگری روسیا بۆ ئاشتەوایی لە سوریا، لیوا ئەلێکسی پاچین وتی هێزە چەکدارەکانی روسیا چەند هەنگاوێکی زیادهی ئەمنییان جێبەجێدەکرد.
ئەو چەکدارانی تیرۆریست و یاخییانی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی تۆمەتبارکرد بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە بە ئامانجی بارگرژی زیاتر لە دۆخی ناوچەکە و داوای لە سەرکردەی ئەو گروپانە کرد کە "دنەدانە سەربازییەکان بوەستێنن".
بارگرژی لهنێوان روسیا و ئێراندا
پارێزەرێكی سوری، بەشیر بەسام بە دیارونای وت دوای هێرش بۆسەر دەوریە روسییەکە، چەندین تیۆره هەبوون دەربارەی ئەوەی روویدا.
وتی هەندێك دەیانوت میلیشیاکانی سەر بە ئێران هێرشەکەیان ئەنجامدا وەك بەشێك لە شەڕی بەردەوامی ههژمون لەنێوان روسیا و سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران (پاسداران)دا.
بەسام وتی ماوەیەکە لە دەرعا بارگرژی زۆرە لەنێوان میلیشیاکانی سەر بە ئێران و هێزەکانی روسیا و هاوپەیمانەکانیاندا، کە بۆتە هۆی زیادکردنی دەوریەکانیان.
وتی: "پاسداران سوورە لەسەر کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە بەهۆی پێگەی ستراتیژییەوە، بەجۆرێك بیابانی سوریا (بادیە) و سنووری ئەردەن لە خۆرهەڵاتییهوه و دێرەزوور، کە پاسداران ئامادەییەکی بەرچاوی لێ هەیە، لە باکورییهوه."
بەسام ئاماژەیکرد بەوەی بەبێ کۆنترۆڵکردنی دەرعا، پاسداران ناتوانێت رێگەیەکی زەمینی لەنێوان تاران و دەریای ناوەڕاستدا دروستبکات.
وتی ئەو ناوچەیەی هێرشەکە لێی روویدا زیاتر لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە پاسدارانەوە کۆنترۆڵکراوە، لەنێویاندا گروپەکانی سەر بە حیزبوڵای لوبنانی و فیرقەی 4، کە فیرقەیهكی پێشووی سوپایە و لەئێستادا لەلایەن پاسدارانەوە کۆنترۆڵکراوە.
حیزبوڵا هەماهەنگیی ههیه لەگەڵ میلیشیایەکی خێڵەکی کە لەلایەن پاسدارانەوە لە دێرەزوور دامەزرێنرا و هێزێكی 4,000 چەکداریی سورییە کە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ناوچەكهی نێوان دێرەزوور و دەرعا دەدات.
ئەمە وادەکات ئۆتۆمبیل و لۆرییە سەربازییەکانی پاسداران رێگەیەکیان هەبێت بۆ گواستنەوەی چەك و شمەکەکانی دیکە.
وتی میلیشیاکانی سەر بە ئێران توانیویانە کۆنترۆڵی چەندین ناوچە بکەن لەسەر حسابی گروپەکانی سەر بە روسیا، کە جارناجارێك دەستێوەردان دەکات بۆ بەرگرتن بە میلیشیا ئێرانییەکان.
بارگرژییەکانی نێوان رژێم و ئۆپۆزسیۆن
بەسام وتی تیۆرهیەکی دیکە ئاماژە دهكات بەوەی هێرشەکەی 13 تەمموز لەلایەن ئەو گروپانەی ئۆپۆزسیۆنەوە ئەنجامدراوە کە چەکەکانیان رادەستکردووە وەك بەشێك لە رێکەوتنی ئاشتەوایی بە سەرپەرشتیی روسیا لەگەڵ رژێمی سوریا لە تەمموزی 2018.
دانیشتوانهكهی دەرعا روسیا تۆمەتباردەکەن بە شکاندنی بەڵێنەکانی وەك سەرپەرشتیاری رێککەوتنەکە، کە بووە هۆی هاتنەناوەوەی هێزەکانی رژێم بۆ ناوچەکانیان.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن چەکەکانیان رادەستکرد و هەندێکیشیان ناوچەکەیان بهجێهێشت و هێزەکانی رژێمی سوریا هاتنە نێو بنکەکانی پێشوویانەوە.
بەسام وتی ئەمە بەگوێرەی گهرەنتیدانی روسیا بوو بەوەی رژێمی سوریا دوای چەکدارانی پێشووی ئۆپۆزسیۆن ناکەوێت و خزمەتی سەربازیی بەزۆریان بۆ دوادەخرێت.
وتی بەڵام ماوەیەکە رژێمی سوریا کنەوپشکنین ئەنجامدەدات بە پاساوی گەڕان بەدوای تیرۆریستاندا و چەکدارانی پێشووی ئۆپۆزسیۆن دەستگیردەکات.
وتیشی رژێمی سوریا لەسەر خزمەتی سەربازیی بەزۆریش خەڵك دهستگیردهكات و چەند بازگەیەکی داناوە بۆ ئاسانکاریی ئەم هەڵکوتانە سەرهی خەڵکەكه، هەربۆیە ئهو رێکەوتنەکەی شکاندووە كه بەسەرپەرشتی روسیا ئهنجامدرابوو.
ئەمە بۆتە هۆی دەرکەوتنەوەی ئۆپۆزسیۆن، بەجۆرێك ژمارەیەکی ههرچی زیاتر هێرش دژی هێزەکانی رژێم و میلیشیا هەوادارەکانی ئەنجامدەدرێن.