دۆخی ئەمنی لە قەزای روتبەی خۆرئاوای پارێزگاری ئەنبار سەقامگیرە و هێزە ئەمنی و خێڵەکییەکان ئامادەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر دۆخێکی کتوپڕ، بەرپرسانی قەزاکە سێشەممە (23 تەمموز) وتیان.
بڵاوکراوە رۆژنامەوانییە ناوخۆییەکان دووشەممە بڵاویانکردەوە کە یەکە تایبەتەکانی فەوجی تاکتیکیی پۆلیسی ئەنبار، کە کاردەکات بە پشتیوانیی چاودێریی ئاسمانیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لە روتبە کشاوەتەوە.
هەندێك بەرپرسی ناوچەکە نیگەرانییان دەربڕی لەوەی کشانەوەکە دەبێته هۆی خراپبوونی دۆخی ئەمنی، چونکە ئەم یەکانە بەدوای پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) دەکەوتن لە ناوچە بیابانییەکانی قەزاکە.
هۆشدارییان دا لەوەی پاشماوەکانی داعش هەوڵی قۆستنەوەی ئەو "بۆشاییە ئەمنییە" دەدەن و چالاکیەکانیان دەستپێدەکەنەوە و هێرش دژی دانیشتوانی ناوچەکە دەستپێدەکەن.
بەڵام قائیمقامی روتبە عیماد دولەیمی سێشەممە دیارونای دڵنیاکردەوە لەوەی شارەکە و دەوروبەری "سەقامگیرە بەهۆی پارێزبەندییەکی توندی ئەمنییەوە".
وتی قەزای روتبە "لەژێر هەڕەشەی تیرۆریستیدا نیە".
وتیشی: "ناوەندی قەزاکە بەشێوەیەکی بەهێز کۆنترۆڵکراوە لەلایەن یەکەکانی فیرقەی پیادەی 1ی سوپاوە، لەگەڵ فەوجی فریاكهوتنی خێرای 20ی پۆلیسی پارێزگا و بەڕێوبهرێتی پۆلیسی روتبە، لەگەڵ هێزە خێڵەکییەکان."
ههروهها وتی: "هەموو ئەم هێزانە ئەرکە ئەمنیەکانیان بەشێوەیەکی ئاسایی ئەنجامدەدەن و لە دۆخی بەردەوامی ئامادەییدان بۆ بەرگرتن بە هەڕەشە تیرۆریستییەکان. ئۆپەراسیۆن و دەورییەکانیان بەردەوامن بۆ پاراستنی شارەکە و کۆنترۆڵکردنی بیابانەکە."
پێویستی به وریایی بەردەوام
دولەیمی وتی لە نیگەرانییەکانی هەندێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار تێدەگات کە دەریانبڕیوە دەربارەی کشانەوەی فەوجی تاکتیکی.
وتی: "ئەمە بە هۆشداری تێدەگەم، کە ئامانجی هۆشداریدانە بە حکومەت لەوەی وریابێت بەرامبەر هەوڵەکانی پاشماوەکانی داعش بۆ دامەزراندنی پێگەیەك لە ناوچە بیابانییە دوورەدەستەکان."
وتیشی: "تیرۆریستان هەوڵی قۆستنەوەی دەرفەتەکان دەدەن و بۆ بۆشاییەکان دەگەڕێن تا خۆیان رێکبخەنەوە و کردەی تیرۆریستی ئەنجامبدەن بۆ بەرزکردنەوەی ورەی روخاویان."
وتی بەڵام "ههمیشه هێزەکانمان ئامادەن و بەدووی ئەندامانی داعش دەکەون و جوڵەکانیان دەکەنە ئامانج بۆ هەر کوێیەك بڕۆن".
"ماوەی سێ ساڵە ناوچەکانمان سەلامەت و سەقامگیرن."
وتی بەڵام قەزای روتبە شوێنی یەکێك لە گەورەترین ناوچە بیابانییەکانی عێراقە و ناوچەیەکی بەرفراوانی تێدایە کە لە سنووری خۆرئاوای عێراقەوە درێژدەبێتەوە بەنێو سێ وڵاتدا: سوریا و ئەردەن و سعودیە.
وتیشی ئەمە وادەکات کۆنترۆڵکردنی ئەم ناوچەیە و سەپاندنی ئاسایشی تەواو بەسەریدا بە رێگە نەریتییەکان سەخت بێت و داوای زیادکردنی هەوڵەکانی کرد بۆ چاودێریکردنی بیابانهكه لەڕێگەی درۆن و کامێرا و ئامرازی چاودێریی دوورەدەستەوە.
لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، هێزەکانی عێراق هەڵمەتێکی ئەمنیی سەرەکییان لە بیابانی خۆرئاوای ئەنبار ئەنجامداوە ، قوربانیی زۆریان خستۆتهوه لە ریزەکانی پاشماوەکانی داعشدا و چەك و توانا لۆجستییەکانیان تێكشکاندوون.