هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

ئایدۆلۆژیای رادیکاڵ کێشە دروستدەکات لە کەمپەکانی زیندانیکردنی داعشدا

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

ژنانی داعش دەبینرێن لەگەڵ كچێکی منداڵ لە کەمپی ئاوارەکانی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی سوریا. [وێنەکە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە]

ژنانی داعش دەبینرێن لەگەڵ كچێکی منداڵ لە کەمپی ئاوارەکانی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی سوریا. [وێنەکە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە]

ئەندامانی مێینەی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) هەڕەشەیەکی جددین بەهۆی ئەو رۆڵەی هەیانە لە رادیکاڵکردنی منداڵەکانیان و کۆمەڵگەکانیان و دەبێت بە وریاییەکی زۆرەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، پسپۆڕان دەڵێن.

ئەفسەری هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) فەرهاد خۆجە بە دیارونای وت زۆرێك لە ژنان لەو کەمپانەی ئەندامانی داعشیان تێدا دەستگیرکراون دڵسۆزیی تەواویان هەیە و "بە ئاشکرا هێشتا ئایدۆلۆژیای گروپەکە لەخۆدەگرن".

وتی لە یه‌كێك له‌ حاڵه‌ته‌كاندا، ژنێك پاسەوانێکی ئەمنیی بەر چەقۆ دا کە دیاریکرابوو بۆ چاودێریکردنی لە کەمپی هۆلدا لە پارێزگای حەسەکەی سوریا و دواتر هەڵات.

لە ڤیدیۆیەکدا کە دووشەممە (15 تەمموز) لەسەر ئینتەرنێت بڵاوبووه‌وە، گروپێك لە ژنانی داعش لە هۆل خۆیان ناساند بە "بۆمبی تەوقیتکراو" و هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەیان کرد بەرامبەر زیندانیکردنیان، وتیان پێیان باشترە بمرن نەك لەنێو "دوژمنان"دا بژین.

ژنانی داعش و منداڵانیان چاوەڕوانی بڕیاردانن لەسەر چارەنوسیان لە کەمپێکدا لە سوریا كه‌ تێیدا زیندانیكراون. [وێنەکە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە]

ژنانی داعش و منداڵانیان چاوەڕوانی بڕیاردانن لەسەر چارەنوسیان لە کەمپێکدا لە سوریا كه‌ تێیدا زیندانیكراون. [وێنەکە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە]

ڤیدیۆی دیکە لەسەر ئینتەرنێت ئاڵای داعش نیشاندەدەن لەنێو کەمپەکەدا هەڵکراون، لە حاڵەتێکیاندا منداڵان و دایکانیان لێی دەڕوانن.

خۆجە وتی نیگەرانیی ئەوە هەیە کە ژنانی سەر بە داعش، کە مێشکیان بەو ئایدۆلۆژیا توندڕەوانە شۆردراوەتەوە، ئەمە بۆ منداڵەکانیان بگوێزنەوە و ئاماژەیکرد بەوەی بەڵگەی ئەوە هەیە كه‌ گروپی تایبه‌تی خۆیان لەنێو کەمپەکەدا دادەمەزرێنن.

وتی: "هەوڵی بێوچان و جددی پێویستە بۆ پاککردنەوەی مێشکی ئەم ژن و منداڵانە لە زووترین کاتدا" لەم ئایدۆلۆژیا شێوێنەرە.

کێشەی ئەوەی چی بکرێت لە ژنانی داعش یەکێکە لە گرنگترین ئەو کێشانەی وڵاتان رووبەڕووی دەبنەوە، پرۆفیسۆری سۆسیۆلۆژیا لە زانکۆی قاهیرە، بەسام حوسنی، بە مەشاریقی وت.

وتی گەر ئەم ژنانە پەشیمان نەبنەوە لە دیدگا توندڕەوەکانیان و سەرکەوتوانە چاکسازییان تێدا نەکرێت، ئەوە دواتر خۆیان و منداڵەکانیان و ئەو پیاوانەی کاریگەرییان لەسەر دادەنێن ئەگەری بوونیان بە "بۆمبی تەوقیتکراوی مرۆیی" هەیە.

منداڵان پێویستیان بە چاودێریی ورد هەیە

حوسنی وتی منداڵانی لەدایکبووی دایکانی توندڕەویش پێویستیان بە چاکسازی هەیە، کە دەکرێت ئەرکێکی سەخت بێت، "لەبەرئەوەی لەوکاتەوەی چاویان هەڵهێناوە لەسەر بنه‌ما تیرۆریستییه‌كان پەروەردەکراون".

کاتێك هێزەکانی عێراق لە کۆتایی 2017 به‌ڕێكه‌وتن بۆ رزگارکردنی گوند و شارۆچکەکانی پارێزگای نەینەوای عێراق، لەنێو بینا رووخاوەکاندائەو کتێبانەیان دۆزییەوە کە گروپەکە بەکاریهێنابوون بۆ بەلاڕێدابردنی منداڵان بۆ بیری توندڕەوی لەڕێگەی بەکارهێنانی تەکنیك و وێنەی توندڕەوانەوە.

لەنێو کتێبەکاندا مەنهەجی بیرکاری، شەریعەی سیاسی، عەرەبی و راهێنانی جەستەیی هەیە کە دەق و مێتۆدی فێرکارییان تێدایە و داڕێژراون بۆ چاندنی تۆوی تیرۆریزم لەنێو دڵی منداڵاندا.

حوسنی وتی رزگاركردنی منداڵان له‌و دیدگایانه‌ دەکرێت سەخت بێت، بەڵام ئەستەم نیە.

حوسنی جەختیکردەوە لەوەی کارکردن لەگەڵ ئەم منداڵانە دەبێت زۆر بەوریاییەوە ئەنجامبدرێت، چونکە هەندێکیان راهێنراون لەسەر هەڵگرتنی چەك یان كوشتوكوشتاریان بینیوە و دەکرێت ئەم كرده‌وانه‌ بە ئاسایی یان کارێکی دروست ببینن.

وتی سەرەتا و پێش هەموو شتێك دەبێت قایلبکرێن کە ئەو كرده‌وانه‌ هەڵەن.

رۆژنامەوانی سوری، رۆشەن قاسم بە دیارونای وت لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ ژنانی ئێزدی كه‌ پێشتر رفێندرابوون لەلایەن داعشەوە، درکی بەوە کردووە کە ژنانی داعش خراپ مامەڵەیان لەگەڵدا کردوون و سزایان ده‌دان گەر پەیڕەویی شەریعەیان نەکردایە.

وتی لە هۆل، ژنانی داعش "رێگە بە منداڵانیان نادەن تێکەڵ بە منداڵانی دیکە ببن و یەکەیەکی حسبە ("پۆلیسی ئایینی")یان لەنێو کەمپەکە دامەزراندووە".

وتیشی هەزاران منداڵ لەنێو ئەم کەمپی ئاوارەییەدا "باوەڕی خۆیان ناشارنەوە لەوەی داعش دەگەڕێتەوە. ئەمەش دەیسەلمێنێت کە ژنانی داعش سوورن لەسەر پێگەیاندنی نەوەیەکی دیکە لە تیرۆریستان".

ئەم ژنانە دەتوانن بەشداریبكه‌ن لە راکێشانی خەڵكدا لەڕێی ئینتەرنێتیشەوە بە بەشداریکردن لە گفتوگۆی نێو فۆرومه‌كانی سەر ئینتەرنێت یان چەندین تۆڕی کۆمەڵایەتیی جیاواز کە لەڕێیانەوە هەوڵی پاساودان یاخود برەودان بە توندڕەوی بدەن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

پێویسته‌ هه‌ڵمه‌تی هۆشیاری به‌رپابكرێت له‌و كه‌مپانه‌دا بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئایدۆلۆژیای تووندڕه‌و، به‌تایبه‌تی وتنه‌وه‌ی وانه‌ كه‌ تێیدا باوه‌ڕ و مێژووی ئیسلام شیبكرێته‌وه‌ له‌لایه‌ن مه‌رجه‌عیه‌تی ئایینییه‌وه‌ له‌ عێراق، سه‌ید سه‌رخی حه‌سه‌نی. ئه‌و باس له‌ بنه‌ما مێژووییه‌كان و سه‌رچاوه‌ی ته‌كفیر ده‌كات و وانه‌كانی بریتین له‌ شتی وه‌ك: "با به‌س بێت یه‌كانه‌په‌رستیی ئیبن ته‌یمییه‌ ئه‌لجاسم ئه‌لئوستوره‌ و ده‌وڵه‌تی شه‌ڕانگێز له‌ سه‌رده‌می سه‌رهه‌ڵداندا له‌ زه‌مانی پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ (د.خ.)". ئه‌م وانانه‌ له‌سه‌ر وێبسایتی فه‌رمیی ئه‌م مه‌رجه‌عیه‌ته‌ و كه‌ناڵه‌ میداییه‌كه‌ی له‌سه‌ر یوتیوب هه‌ن.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌