هه‌واڵه‌كانی عێراق
کۆمەڵگا

مۆسیقارانی بەسرە گوێنادەن بە هەڕەشەی توندڕەوان

عەلا حسێن لە بەغدا

تیمی فۆلکلۆریی نیشتمانیی بەسرە، بە پێشڕەویی مۆسیقاری بەناوبانگی بەسرە سەعد یابس. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەیسبوکی سەعد یابس]

تیمی فۆلکلۆریی نیشتمانیی بەسرە، بە پێشڕەویی مۆسیقاری بەناوبانگی بەسرە سەعد یابس. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەیسبوکی سەعد یابس]

چالاکوانانی ناوچەکە هۆشدارییان دا دەربارەی هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی نوسراو بۆ مۆسیقاران لە پارێزگای بەسرە کە سوێنده‌ده‌خوات رێکخەرانی کۆنسێرتە خۆجێیەکان بكوژن.

بەڵام هەڕەشەکە، کە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، لەلایەن کۆمەڵگەی هونەریی بەسرەوە گاڵتەی پێدەکرێت، لەکاتێکدا بەرپرسانی ئەمنی دەڵێن رووداوەکە ناوازەیە، به‌ڵام له‌ژێر كۆنترۆڵدایه‌.

چەند پۆستەرێك هەڕەشەیان تێدابوو لە مۆڵێکی بەسرە کە کۆنسێرتێکی تێدا رێکخرابوو.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی بەسرە تودەی، هونەرمەندی فۆلکلۆری عەبدوڵا بەسری وتی ئەو و ئەندامانی تیمەکەی هەڕەشەی مەرگیان بەدەست گەیشتووە لە گروپێکەوە کە ناوی خۆی ناوە "گروپی برەودان بە چاکە و رێگرتن لە خاکە".

بەسری وتی فیشەکێکی دۆزیوەتەوە کە پێچراوە لە كاغه‌زه‌وه‌ لەبەردەم دەرگای ماڵەکەیدا لە گەڕەکی خەمسە میل له‌ ناوەندی بەسرە، کە هەڕەشەیەك و دێڕێکی قورئانی تێدابوو لەسەر برەودان بە چاکە و رێگرتن لە خراپە.

پێویست به‌ نیگه‌رانی ناكات

ئەندامی لیژنەی ئاسایشی ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە، جەبار سەعدی لە بایەخی جددیەتی ئەم هەڕەشانەی کەمکردەوە و وتی پێویست ناکات گرنگییان پێبدرێت.

بە دیارونای وت: "تەنیا کردەی تاكه‌ تاکه‌ن بەمەبەستی سەرلێشێواندنی دۆخی ئەمنی لە پارێزگاکە و بەگوێرەی پێویست جددی نین تا ببنە جێی نیگەرانی."

وتی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان بەجددی گرنگی بەم کەیسانە دەدەن و بەمدواییانە توانیویانە 12 کەس دەستگیربکەن کە تۆمەتبار بوون بە بەکارهێنانی بۆمبی دەنگی بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەی تاکەکەسی و ترساندنی خەڵك.

ئاماژەیکرد بەوەی هەندێك لە دەستبەسەران ئەندامی پارتە سیاسییەکان بوون لە رابردوودا، بەڵام ئەم پارتانە وتوویانە ماوەیەکی درێژ لەوەوبەر ئەندامێتییان هەڵوەشێنراوتەوە و تۆمەتباریانکردوون بە بەکارهێنانی پارتەکان وەك رووماڵ.

وتی: "بەسرە سەلامەتە و بە کەسانی قێزه‌ون لەلایەن هەموانەوە، سەقامگیریی تێکنادرێت،" وتیشی هەموو دانیشتوان دەتوانن ئازادانە خەریکی چالاکییە هونەری و کلتوری و کاتبەسەربردنەکانیان بن.

هونەرمەندان گاڵتە بە هەڕەشەکان دەکەن

سەرۆکی پێشووی یەکێتی هونەرمەندانی بەسرە فەتحی شەداد گاڵتەی بە هەڕەشەکان کرد و وتی تەنیا "لەسەر ئینتەرنێت هەن" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە ئەرزی واقیعدا کاریگەرییان نیە.

بە دیارونای وت هیچ هەڕەشەیەکی جددی دژی هونەرمەندان لە بەسرە نیە لە هیچ لایەنێکەوە و ستایشی رۆڵی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەسرە و هێزە ئەمنیەکانی کرد لە پاراستنی ئاسایش و کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە.

شەداد دانی بە هەندێك لایەنی "خراپەکار"دا نا کە هەوڵی تێکدانی دۆخی بەسرە دەدەن بە بڵاوکردنەوەی تۆمەتی هەڕەشەی تیرۆریستی بۆ کەمبایەخکردنی پەیوەندی باشی نێوان هونەرمەندان و دەزگا ئەمنییەکان لە پارێزگاکە.

وتی: "هونەر لە بەسرە بە کاردانەوە بۆ هەڕەشەی هەڕەمەکی کپناکرێتەوە." ئاماژەشیکرد بەوەی یەکێتی هونەرمەندان ئامادەکاری دەکات بۆ بەستنی گەورەترین فیستیڤاڵی فیلم.

وتیشی بەگوێرەی ئەو، ئەمە بەڵگەی پێویستە بەوەی "بەسرە چالاکییە هونەرییەکانی ناوەستێنێت و بەردەوامدەبێت لە گەشانەوە".

ئەندامی یەكێتی هونەرمەندانی بەسرە کازم کەزار بە دیارونای وت هونەرمەندانی ناوچەکە بەردەوامدەبن لە مۆسیقا و بەستنی فیستیڤاڵە کلتورییەکان کە بە ئاگاداریی بەرپرسانی ناوچەکە دەبەسترێن و خەڵکێکی زۆر ئامادەیان دەبن.

وتی هەموو ئەم چالاکییانە شیاوی فەزای نێو خەڵكن و خراپ نین و جەختیکردەوە لەوەی هاوکات یەکێتییەکە رێگە بە کەس نادات ناوێكی خراپ بداتە هونەر لە پارێزگاکە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500