هه‌واڵه‌كانی عێراق
سیاسەت

سزا نوێکان گوشار لەسەر رژێمەکانی سوریا و ئێران زیاددەکەن

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە و ئاژانسی فرانس پرێس

گروپی کۆمپانیاکانی ئەمان لەلایەن وەزارەتی دارایی ئەمریکاوە لە 11 حوزەیران سزادرا. [وێنەکە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە]

گروپی کۆمپانیاکانی ئەمان لەلایەن وەزارەتی دارایی ئەمریکاوە لە 11 حوزەیران سزادرا. [وێنەکە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە]

ئه‌و سزا نوێیانه‌ی وەزارەتی دارایی ئەمریکا سێشەممە (11 حوزەیران) بەسەر تاكه‌کەسانی سوریدا سه‌پاندی کە مامەڵەی دارایی و بازرگانی و موڵك بەڕێوەدەبەن بۆ سوریا و ئێران گوشار زیادده‌كه‌ن لەسەر ئەو دوو رژێمە، پارێزەرێکی سوری وتی.

سێشەممە وەزارەتی دارایی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "ئەم سزایانە خزمەتده‌كه‌ن بە بڕینی پشتیوانیی گرنگ و دارایی بۆ خزمەتی بیناسازیی رژێم و هەوڵەکانی وەبەرهێنانی."

سێ کەسە سزادراوەکە ناویان عامر فۆز، حسێن فۆز و سامر فۆزە -- كه‌ خاوەنکارێکی سورییه‌ ناسراوە به‌ کۆمپانیا گەورەکانی، لەنێویاندا ئوتێلی چوار وەرز لە دیمەشق و یانەی ئۆریه‌نت.

وەزارەتی دارایی سامر فۆز و خزمان و ئیمپراتۆرییەتی بزنسەکەی تۆمەتبارکرد بە قۆستنه‌وه‌ی تاوانكارییه‌كانی شه‌ڕی سوریا بۆ پرۆژەی بەدەستهێنانی قازانج.

بانکی ئه‌لبەرەکەی سوریا، کە سامر فۆز پشکی تێیدا هەیە، گومانی لێدەکرێت ئاڵوگۆڕی پارە بەڕێوەببات بۆ هەردوو رژێمی سوریا و ئێران. [وێنەکە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە]

بانکی ئه‌لبەرەکەی سوریا، کە سامر فۆز پشکی تێیدا هەیە، گومانی لێدەکرێت ئاڵوگۆڕی پارە بەڕێوەببات بۆ هەردوو رژێمی سوریا و ئێران. [وێنەکە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە]

خاوەنکارێكی سوری، سامیر فۆز و ئەو قەوارانەی لەژێردەستیدان لەلایەن وەزارەتی دارایی ئەمریکاوە لە 11 حوزەیران سزادران. [وێنەکە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە]

خاوەنکارێكی سوری، سامیر فۆز و ئەو قەوارانەی لەژێردەستیدان لەلایەن وەزارەتی دارایی ئەمریکاوە لە 11 حوزەیران سزادران. [وێنەکە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە]

وەزارەتەکە رایگەیاند كه‌ 16 کەس و قەوارەی نێو لیستی رەش، لەنێویاندا گروپی کۆمپانیاکانی ئەمان، تۆڕێکی نێودەوڵەتی پێکدەهێنن لەوانەی سوود دەگەیەنن بە سەرۆکی رژێمی سوریا بەشار ئەسەد.

یه‌كێك له‌ کۆمپانیا سەرەکییەکانی فۆز بریتییه‌ له‌ شەکری کریستاڵی مینا، كه‌ یەکێكه‌ لە گەورەترین پاڵاوگەکانی شەکر لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا و ئەویش بەر سزاکان کەوتووە.

گروپی ئەمان هەموو شتێك دەکات لە کۆکردنەوەی پارچەکانی ئۆتۆمبیلەوە بۆ عەقارات و دەرمانسازی.

وەزارەتی دارایی وتی سەرەڕای سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر تەواوی هەناردەی کۆماری ئیسلامی، سامر فۆز نەوتی لە ئێرانەوە هێناوەتە نێو سوریا.

فۆز کە لە لازقیە لەدایکبووە، تا دەستپێکی شەڕی سوریا نەناسراو بوو کاتێك پەیوەندییەکانی بە ئەسەدەوە -- لەگەڵ توانای بۆ جوڵان بەنێو ناوچه‌كانی ژێرده‌ستی هێزه‌كانی تردا -- وایکرد سەرنجڕاکێش بێت.

ئەسەد راپه‌ڕینێكی دژی فۆز تێکشکاند و فۆز خێزانەکەی گواستەوە بۆ تورکیا کە لەوێ مافی هاوڵاتیبوونی پێدرا لەسەر بنەمای وەبەرهێنانەکانی.

بەڵام لەکۆتایی 2013 ناکۆکیی بۆ دروستبوو لەگەڵ بەرپرسانی توریا کاتێك جەستەی خاوەنکارێکی میسری دۆزرایەوە لە شەقامەکانی ئەستەنبوڵ، کە به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كان جەستەی لەلایەن سەگە بەرەڵاکانەوە پارچە پارچە کرابوو.

راپۆرتە رۆژنامەوانییەکانی تورکیا دەڵێن ئەو خاوەنکارە، رەمزی مەتاع، به‌ڵێنێكی به‌دینه‌هێنابوو به‌ ناردنی کاروانێکی گەورە لە گەنم لە ئۆکرانیاوە بۆ سوریا. فۆز دەستگیرکرا بەڵام بەرپرسیارێتی رەتکردەوە و ئازادکرا.

'ساختەکاریی بازرگانی بۆ خۆلادان لە سزاکان'

پارێزەری سوری، بەشیر بەسام بە دیارونای وت سزا نوێکان بەتەواوی چاوەڕوانکراو بوون، لەبەرئەوەی ئەم کەس و قەوارانە لەژێر چاودێریی ورددا بوون لەبەر فراوانبوونی کارەکانیان لە ناوەوە و دەرەوەی سوریا.

بەسام وتی سامر فۆز لە ساختەکاریی بازرگانییەوە تێوەگلاوە بۆ خۆلادان لە سزا سەپێنراوەکان بەسەر هەردوو رژێمی سوریا و ئێراندا.

وتی له‌وانه‌ کڕینی نەوتی خاوی ئێرانی و شاردنەوەی ناسنامەی بازرگانیی کاروانەکان بۆ گواستنەوەی چەندین شمەك بۆ رژێمی سوریا.

وەزارەتی دارایی سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "لە هەوڵێکدا بۆ بەدەستهێنانی رێچکە و هێز و قازانجی زیاتر لە کەرتی داراییدا، سامر فۆز پێگەی زیاتری بەدەستهێناوە لە کەرتی دارایی سوریادا."

راشیگەیاند كه‌ ئه‌مانه‌ش بریتین له‌ کڕینی خاوەندارێتی چەند پشکێك لە بانکی ئیسلامی نێودەوڵەتی سوری و بانکی ئه‌لبەرەکەی سوریا.

هه‌روه‌ها رایگه‌یاند كه‌ ماوەیەکە فۆز هەوڵدەدات دەزگایەکی دارایی دابمەزرێنێت لە سوریا بە هاوبەشی لەگەڵ بانکێكی روسی تا سەرنجی وەبەرهێنە روسییەکان بۆ سوریا رابكێشێت.

وەزارەتی دارایی رایگەیاند: "سامر فۆز ماوەیەکە قازانجی زۆر دەکات لە هەوڵەکانی بنیاتنانەوەی سوریادا -- لەنێویاندا لەڕێگەی گەشەپێدانی بواره‌كانی خۆشگوزەرانی لەسەر ئه‌وپارچە زەوییانەی رژێمی سوریا دەستی بەسەردا گرتوون لە خاوەنەکانیان-- هه‌روه‌ها هەوڵدەدات وەبەرهێنە بیانییەکان بهێنێتە نێو پرۆژەکانی بنیاتنانەوەی سوریا."

بریکاری وەزارەتی دارایی بۆ کاروباری تیرۆریزم و هەواڵگریی دارایی، سیگال ماندێڵکەر وتی: "توێژی ساماندارانی سوریا راستەوخۆ پشتیوانیده‌كه‌ن له‌ رژێمی بکوژی ئەسەد و پرۆژەی خۆشگوزارانی بونیادده‌نێن له‌سه‌ر ئه‌و زەوییانەی کە دزراون لەو کەسانەی لەدەست دڕندەیی ئەو هەڵاتوون."

زیادکردنی گوشار لەسەر رژێمەکانی سوریا و ئێران

مامۆستایه‌كی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی له‌ زانکۆی قاهیرە، وائیل شەریمی بە دیارونای وت سزا نوێکانی ئەمریکا ئامانجیان تووندکردنەوەی گەمارۆیە دژی هەردوو رژێمی سوریا و ئێران.

وتی ئەو سزایانە ئامانجیان نەهێشتنی هەموو ئه‌و کەلێنانەیە کە هەردوو رژێم رەنگە بەکاریبهێنن بۆ خۆلادان لە سزا سەپێنراوەکان بەسەریاندا.

شەریمی ئاماژەیکرد بەوەی یەکێتی ئەوروپا پێشتر لەمساڵدا سزای سەپاند بەسەر هەمان ئەو کەس و قەوارانەدا، کە وه‌ك وتی سزاکانی ئێستای ئەمریکا بەهێزتر و پته‌وتر ده‌که‌ن.

وتی سزا ئابورییەکان بەشێکی دانەبڕاون لە جەنگی مۆدێرن، چونكه‌ هەڵده‌كوتنه‌ سەر رژێمە بەئامانجکراوەکان و ناچاریانده‌كه‌ن بە وەستاندنی هەندێك چالاکی یان کەمکردنەوەی هەندێك رێگری كه‌ ده‌یسه‌پێنن بەسەر خەڵکی خۆیاندا.

وتی لە دۆخی سزاکانی ئەمدواییانەدا، ئامانج بۆ بەهێزکردنی فشارە بۆ سەر ئەو دوو رژێمە بۆ وەستاندنیان لە پشتیوانیکردنی میلیشیا تائیفییەکان، بە بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو و ئەنجامدانی مامەڵەی خراپیان دژی مەدەنییەکان.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500