دەزگاکانی هەواڵگریی عێراق "شهڕی زانیاری" دژی پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) بەڕێوەدەبەن بە یارمەتی خەڵکی ناوچەکە.
بەرپرسان بە دیارونا دەڵێن ئەم شەڕە پشت دەبەستێت بە هێرشی دەستپێشخەرانە بۆ شکستهێنان بە هێرشە تیرۆریستیەکان و سەلماندوێتی کە زۆر کاریگەره لە شەڕی دژی داعشدا.
لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا له 5 حوزەیران لە پارێزگای ئەنبار، هێزەکانی عێراق پشتیان بەست بە زانیاری هەواڵگری بۆ شکستهێنان بە هێرشێکی بەرفراوانی خۆکوژی کە بەنیازبوو ئەو مەدەنیانە بکاتە ئامانج کە ئاهەنگی جەژنی رەمەزانیان دەگێڕا.
یەکەیەکی هەواڵگری هەڵیکوتایە سەر شوێنێك لە قەزای بەغدادی کە حەوت خۆکوژ پلانی هێرشەکەیان دادەنا.
پسپۆڕی ئەمنی، سەعید جەیاشی بە دیارونای وت لە هەڵمەتەکەیدا دژی پاشماوەکانی داعش، کۆمەڵگەی هەواڵگری "بڕێکی بەهادار لە زانیارییان لەبەردەستدایە دەربارەی ئەندامان و شانەکانی داعش".
وتی: "ئەم زانیارییە بەردەوام نوێدەکرێتەوە بەگوێرەی زانیاریی نوێ و راپۆرتی پۆلیس و راپۆرتی سەرچاوە جیاوازەکان."
وتی بەرپرسانی هەواڵگری لەئێستادا تەرکیزیان لەسەر کۆکردنەوە و شیکردنەوەی زانیارییە کە بەکاردێت بۆ ئەنجامدانی هێرشی کتوپڕ بۆ سەر ئەندامانی داعش.
جەیاشی وتی ئەم هەوڵانە "بەردەوامدەبن و زیاتر هەماهەنگی دەکرێن تا ئەنجامی بەرچاو بدەن بەدەستەوە لەگەڵ سەرکەوتنی ئەمنی"، ئاماژەیکرد بەوەش كه کردەکان بۆ شوێنپێهەڵگرتنی چەکدارەکان لە ناوچە دوورەدەست و ئاڵۆزەکان بەهێزدەکرێن.
وتی ئەمەش بیابانی ئەنبار و زنجیرە چیاکانی حەمرین دەگرێتەوە کە بەنێو پارێزگاکانی کەرکوك و سەلاحەدین و دیالەدا دەڕۆن لەگەڵ ناوچەی فوراتی باڵا.
وتیشی لەئێستادا ئەندامانی داعش پەنادەبەنە بەر ئەنجامدانی هێرشی بچوك لە ئەنجامی فشاری ئەمنی و ژمارەی کەمی چەکدارانیاندا.
'داعش لە پشتیوانیی هاوڵاتیان دەترسێت'
وتی بۆئهوهی بەتەواوی داعش دەربکرێت، بەرپرسانی هەواڵگری متمانە لەگەڵ کۆمەڵگەکانی ناوچەکە دروستدەکەن و جەختیکردەوە کە "هەرچەند هەوڵە ئەمنییەکان بەهێزبن، ناتوانن کاریگەرییان هەبێت بەبێ پشتگیریی خەڵکە مەدەنییەکە".
وتیشی دانیشتوان هاندراون بۆ چاودێریکردن و راپۆرتدان دەربارەی جوڵەی چەکداران و شوێنی خۆحەشاردانیان، "لەبەرئەوەی هەر سەرکەوتنێکی ئەمنی دهبێته فاکتەرێکی سەقامگیرکردنی گەڕەکەکانی خۆیان".
پەرلەمانتارێكی عێراقی له دیالە، عەبدولخالق عەزاوی کە ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگرییە له پەرلەمان، وتی: "ئەوەی پاشماوەکانی داعش زۆر لێی دەترسن پشتیوانیی خەڵكی مەدەنیی ناوچەکەیە."
بە دیارونای وت هێرشەکانی داعش بۆ سەر گوند و شارۆچکە دوورەدەستەکان بەمەبەستی تۆقاندنی خەڵکی ناوچەکە و بڕینی هەر پەیوەندییەکە لەنێوان ئەوان و هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی عێراقدا.
وتی لیژنەی ئاسایش و بەرگری تاووتوێی ئەم کێشەیەی کرد لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی، کە تێیاندا تکای کرد هەوڵەکان زیادبکرێن لەگەڵ بەئامانجگرتنی پێشوەختی پاشماوەکانی داعش.
عەزاوی تێبینی ئەوەی کرد کە چەند گوندێك هەن لە پارێزگاکانی سەلاحەدین و دیالە کە "لەڕووی ئەمنییەوە لاوازن" لەبەرئەوەی دانیشتوانیان "یارمەتیدەرنین و ناتوانن زانیاری پێویست بدەن لەترسی تۆڵەی داعش".
وتی: "داواکانمان جەختدهكهنه سهر بەهێزکردنی ئاسایشی ئەو گوندانە و رێدان بە پێکهێنانی چەند گروپێکی هێزی مەدەنی كه بهباشی چەکدار كرابن لە هەوڵێكدا بۆ بەرگرتن بە هەڕەشەی تیرۆریزم و هێشتنەوەی ئاستێك لە پشتیوانیی هەواڵگری."
کاری هەواڵگری گەشەدەکات
عەزاوی وتی هەوڵی هەواڵگریی عێراقی باشتربوونێكی سەرەکیی بەخۆوە بینیوە لە چەند ساڵی رابردوودا و ئاماژەیکرد بەوەی ئەندامانی داعش پێشتر هێرشیان ئەنجامدەدا بە سوودبینین له کەمی زانیاری هەواڵگری و دواکەوتنی هەنگاوە ئەمنییە بەرپێگرەکان.
وتی بەڵام لەئێستادا شتەکان جیاوازن، "لەبەرئەوەی هێزەكانی عێراق هێرشی کوشندە دژی پاشماوەکانی داعش ئەنجامدەدەن".
وەك بەشێك لە هەڵمەت دژی پاشماوەکانی داعش، دەزگای هەواڵگریی عێراق سەدان ئەندامی داعشی دەستگیرکردووە لە ناوچە دووردەستەکان.
لە یەکەم هەفتەی حوزەیراندا، نۆ ئەندامی باڵای داعش دەستگیرکران لەسەر بنەمای چەند سەرچاوەیەك کە پشتڕاستیانکردەوە یەکێکیان "دامەزرێنەری لقێكی داعشە لە شارۆچکەی راشیدیە (لە باکوری بەغدا)".
لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەدا لە پارێزگای دیالە، شانەیەکی چوار ئەندامیی داعش کە سەر بە "ویلایەتی دیالە" بوو، هەڵوەشێندرایەوە. شانەکە تێوەگلابوو لە کردەی کوشتن و ئاوارەكردن و رفاندن و تاڵانییهوه.
جیا لەوەش، دوو پیاو لە موسڵ و شارۆچکەی کەرمە، خۆرهەڵاتی ئەنبار، دەستگیرکران کە سیخوڕییان دەکرد بۆ گروپهكه دەربارەی جوڵەی هێزە ئەمنییەکان.
وتەبێژی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار عهید عەماش بە دیارونای وت: "تۆڕی هەواڵگری لە عێراق نایابە لە تواناییدا بۆ بنەبڕکردنی پاشماوەکانی داعش."
وتی: "دوایین ئۆپەراسیۆنەکان، بهتایبهتی لە بیابانی ئەنبار، ئاماژەی روونن بە چالاکی لەوشێوەیە و دابینکردنی ئاستێك لە دڵنیایی بۆ خەڵکی مەدەنی بەوەی هێزە ئەمنییەکان وریان و دەبێت پشتیوانییان لێبکەن."