هه‌واڵه‌كانی عێراق
میدیا

پسپۆڕانی عێراقی چاودێری و شیکاریی زانیارییە ساختەکانی داعش دەکەن

خالید تائی

فەرماندەیی چالاکیە هاوبەشەکانی عێراق یەکشەممە (9 حوزەیران) رایگەیاند خانەی میدیای ئه‌منییه‌كه‌ی درکی بەوە کردووە کە له‌سه‌دا 64 هەواڵە بڵاوکراوەکانی داعش لە ئایاردا ساختە بوون. [وێنەکە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە]

فەرماندەیی چالاکیە هاوبەشەکانی عێراق یەکشەممە (9 حوزەیران) رایگەیاند خانەی میدیای ئه‌منییه‌كه‌ی درکی بەوە کردووە کە له‌سه‌دا 64 هەواڵە بڵاوکراوەکانی داعش لە ئایاردا ساختە بوون. [وێنەکە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە]

به‌گوێره‌ی وەزارەتی بەرگریی عێراق، له‌ شیکارییه‌کی وردی ئەو "هەواڵانه‌"ی لەلایەن ئاژانسی رۆژنامەوانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ه‌وه‌، ئەعماق، بڵاوکراونەته‌وە، دەرکەوتووە کە هیچ راستییەك لە زۆرینەی هەواڵەکانی گروپەکەدا نیە.

فەرماندەیی چالاکیە هاوبەشەکانی عێراق یەکشەممە (9 حوزەیران) رایگەیاند خانەی میدیای ئه‌منی درکی بەوە کردووە کە له‌سه‌دا 64 ئه‌و هەواڵانه‌ی لەلایەن داعشەوە لە ئایاردا بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ ساختە بوون.

خانەی میدیاكه‌ رایگەیاند كه‌ لەنێوان 30 نیسان و 27 ئایاردا، داعش 114 هەواڵی بڵاوکردۆتەوە لەڕێی ئەعماقەوە، کە 73یان ناڕاست بوون و ئاماژەیکرد بەوەی ئەوانیدی "هیچ بەهایەکیان نەبووە و زیاتر ئامانجیان ئەوە بووە گروپەکە ئامادەییەکی رۆژنامەوانی هەبێت".

وتەبێژی وەزارەت، عەمید تەحسین خەفاجی وتی: "شیکارییەکە بەشێکە لە ئۆپەراسیۆنێکی چاودێری کە پسپۆڕانی خانەکە ئەنجامیدەدەن لەسەر هەواڵی رۆژانە و پەیام و بەیاننامەکانی ئەعماق و بڵاوکراوە ئەلەکترۆنییەکانی دیکەی داعش."

سەربازێکی عێراقی لە تەنیشت ئۆتۆمبیلێکەوە وەستاوە کە چەند دیشێكی سەتەلایتی هەڵگرتووە کە لە بنکەیەکی داعش لە وادی حوسەینیاتی بیابانی ئەنبار دۆزرانەوە لە 26 ئایار. [خاوەنی وێنە: به‌ڕێوبه‌رێتی پۆلیسی ئەنبار]

سەربازێکی عێراقی لە تەنیشت ئۆتۆمبیلێکەوە وەستاوە کە چەند دیشێكی سەتەلایتی هەڵگرتووە کە لە بنکەیەکی داعش لە وادی حوسەینیاتی بیابانی ئەنبار دۆزرانەوە لە 26 ئایار. [خاوەنی وێنە: به‌ڕێوبه‌رێتی پۆلیسی ئەنبار]

بە دیارونای وت: "ئەنجامەکانی دوایین شیکاری نمونەیەکن لەو درۆ و ساختەکارییانەی له‌لایه‌ن تیرۆریستانەوە بڵاودەکرێنەوە لە هەوڵیاندا بۆ فێڵکردن لە بیروڕای گشتی و وانیشاندان کە گروپەکە شکستی نەهێناوە و هێشتا چالاك و بەهێزە."

وتی داعش هەوڵی کەمکردنەوەی تاڵیی شکستەکەی دەدات بۆ شوێنکەوتوان و هاوسۆزانی، بەتایبەتی دوای ئەوەی شەڕی باغوز دوایین بنکەی لە سوریا تێکشکاند و بە هەزاران لە چەکدارانی ناچارکرد خۆیان رادەستبکەن.

وتی دیمەنی خۆڕادەستکردنیان لە بڵاوکراوە رۆژنامەوانییەکانەوە نیشاندرا، "لە پێگەیەکی لاوازدا نیشانیدان، بەپێچەوانەی بانگەشەی ئەوانەوە کە تا دوا هەناسە شەڕدەکەن".

'ئاستی فێڵکردن بەرزبۆتەوە'

خەفاجی وتی لەدوایین وتاری خۆیداکە لە 29 نیسان لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە، سەرکردەی داعش ئەبوبەکر بەغدادی تیشکی خستە سەر "رۆڵ و گرنگیی میدیا لە بەرزکردنەوەی ورەی پشتیوانانیدا" و برەودان بە ئایدۆلۆژیای گروپەکە.

وتی: "لەکاتی ئەو وتارەوە، ئاستی فێڵکردن بەرزبۆتەوە لە تەواوی بڵاوکراوە ئه‌لیكترۆنییه‌كانی گروپەکەدا و بەشێوەی ساختە بەرپرسیارێتی چەندین تاوان و رووداو دەگرنە ئەستۆ و بێڕووانە زیاد دەنێن بە وردەکاری و ده‌رەنجامەکانەوە."

وتی خانەی میدیای ئەمنی و خانەی نیشتمانی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی شه‌ڕی دەروونی ماوەیەکە چاودێریی ئەو پەیامانە دەکەن کە داعش لەسەر ئینتەرنێت بڵاویاندەکاتەوە و ئەندامانی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دایدەنێن، بەتایبەتی تەلەگرام.

خەفاجی وتی: "هەموو ئەو شتانەی بڵاودەکرێنەوە یان تاووتوێدەکرێن تەنیا چاودێریی ناکرێن بەڵکو شیتەڵ و شیکار دەکرێن."

وتیشی: "بە دەیان چالاکی تیرۆریستی شکستیان پێهێنراوە، بەهۆی چاودێریی رۆژنامەوانی و هەواڵگرییه‌وه‌ لە کۆکردنەوەی گفتوگۆکانی تیرۆرستان و پەیوەندیی ئه‌لیكترۆنی و نامەکانیان."

وتیشی بەشێکی زۆری بەهۆی هەوڵەکانی "هێزە ئەمنییەکانەوە، بەمدواییانە سەرکەوتووبوون لە بەئامانجکردنی ناوەندە رۆژنامەوانییە گرنگەکانی داعش".

لە 11 نیسان، ئاژانسی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزم دەستگایەکی تێکشکاند کە بەکاردەهێنرا بۆ بەرهەمهێنانی گۆڤاری پروپاگەندەی هەفتانەی داعش، النبأ، لەکاتی هەڵکوتانەسەرێكدا لە چیاکانی حەمرین.

لە 26 ئایاریش، هێزە ئەمنییەکان بنکەیەکی داعشیان تێکشکاندلە وادی حوسەینیاتی بیابانی ئەنبار، لەگەڵ تۆڕێکی پەیوەندیگرتن و چەند مۆدمێکی ئینتەرنێت.

میدیا 'دوایین چەك'ی گروپەکەیە

عەمیدی کۆلێژی توێژینەوە رۆژنامەوانییەکانی زانکۆی بەغدا، هاشم حەسەن وتی: "داعش خاك و سەرچاوەی مرۆیی و سەربازیی لەدەستداوە و لەئێستادا تەنیا میدیای ماوە وەك چەکێك شەڕی پێبکات."

بە دیارونای وت: "هەواڵی ساختە کە زیادپێوەنان و فێڵکردنی تێدایە دوایین پەناگەی گروپەکەیە تا بەرباس بمێنێتەوە و شکستە سەختەکەیان نه‌بێته‌ کۆتاییان."

وتی گروپەکە هەوڵی بەهێزکردنی ورەی ئەندامان و راکێشانی ئەندامی نوێ دەدات تا ناوماڵی خۆی رێکبخاتەوە.

حەسەن وتی: "گروپەکە شارەزایە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە و پروپاگەندەدا و تەواو کارامەیە لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ئه‌لیكترۆنیدا. سووددەبینێت لە سەختی چاودێریی بڵاوکراوەی سەر ئینتەرنێت هەربۆیە پێگەیەك لە دنیای ئینتەرنێت بەدەستدەهێنێت."

وتیشی توندکردنی ئاسایشی ئینتەرنێت یەکێکە لەو رێگایانەی پەیوەندیگرتن و پروپاگەندەی تیرۆریستانی پێ بوەستێنرێت.

حەسەن وتی: "بەڵام لەوەش گرنگتر، دەبێت ژینگەیەکی دوژمنکارانە دروستبکەین بۆ تیرۆریستان و بیر و هەڵسوکەوتی توندڕەوانە بە گرتنه‌به‌ری چەردەیەك له‌ چاکسازیی ئابوری و خزمەتگوزاری و کۆمەڵایەتی."

ستراتیژی نوێی پروپاگەندەی داعش

عیسام فەیلی کە وانەی زانستی سیاسەت دەڵیتەوە لە زانکۆی موستەنسریە، وتی: "ئەنجامەکانی چاودێریكردنی ئەو هەواڵانەی داعش بڵاویاندەکاتەوە پشتڕاستی دەکەنەوە کە گروپەکە هەوڵدەدات ستراتیژێکی نوێ لەخۆبگرێت لە ئۆپەراسیۆنە میدیایی و پروپاگەندەکانیدا."

بە دیارونای وت ئەمەش بێشەرمانە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە یان "بانگەشەی بەرپرسیارێتی بۆ رووداوەکان لەخۆدەگرێت، تا ئەوکاتەی خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی بکەن".

فەیلی وتیشی ئامانجی گروپەکە "بەهێزکردنی چەکداران و شانە نوستووەکانێتی لەگەڵ فشاری دەروونی بۆ سەر خەڵکی مەدەنی، هه‌روه‌ها لاوازکردنی متمانەیان بە ئاژانسە ئەمنییەکان".

وتی: "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوای لێدەکرێت هاریکاریی کاریگەرانەتری عێراق بکات" لە چاودێریكردنی چالاکییە میدیاییەکانی گروپە توندڕەوەکانی وەك داعشدا.

وتی بەڵام دەشبێت "ستراتیژێکی میدیایی نیشتمانیی هەبێت کە رووبەڕووی ئایدۆلۆژیا و هەڵسوکەوتی تیرۆریستان دەبێتەوە" و ئاماژەیکرد بەوەی عێراق پسپۆڕیی بەپێی پێویست هەیە بۆ "دەرخستنی ماشێنی پروپاگەندەی داعش".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500