سەرچاوەیەکی خێڵەکی بە دیارونای وت هێزەکانی عێراق، بە پشتیوانیی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان، پێنجشەممە (6 حوزەیران) هێرشێکیان ئەنجامدا لە قوڵایی بیابانی ئەنباردا کە تیایدا لانیکەم سێ ئەندامی باڵای رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) کوژران.
فەرماندەی فەوجی فوراتی سەروو، عەقید موسا کەربولی وتی: "هێزە هاوبەشەکانی فیرقەی 8 و پیاوانی خێڵەکان هێرشێكی گەورەیان لە بیابانەکە ئەنجامدا، لە رۆژئاوای بیرەنەوتی عەکاز لە شارۆچکەی قائیم."
هێرشە ئاسمانییەکانی فڕۆکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەشکەوتێکیان وێرانكرد کە لەلایەن چەکدارەکانەوە وەك حەشارگە بەکاردەهات.
وتی: "هێزەکانی عێراق تەرمی سێ تیرۆریستیان نزیك لە ئەشکەوتەکە دۆزیەوە." وتیشی پێدهچێت "لانیکەم 10 ی تریان لەناو ئەشکەوتەکەدا مردبن".
ههروهها وتی ژمارەیەکی زۆر لاپتۆپ و مۆبایل و هارددیسكی کۆمپیوتەریان دۆزیوەتەوە کە "زانیاری بەنرخی زۆریان تێدایه لەسەر پاشماوەکانی داعش و پلانهكانیان و شوێنی خۆشاردنەوەیان".
وتی ئەو زانیاریانە هاوکار دەبن "بۆ خێراکردنی ئۆپەراسیۆنەکان لەدژی تیرۆریستان لە ئەنبار و پارێزگاکانی دیکە".
کەربولی وتی هێزەکان ژمارەیەکی زۆر چەكیشیان لەناوبرد لەگەڵ ئامێری دیکە و بارهەڵگرێکی بچوک و 12 پشتێنی تەقەمەنی.
وتیشی: "بهگوێرهی ئەزموونمان لە شەڕدا دژ بە چەتە تیرۆریستەکان، پشتێنی تەقەمەنی پشتڕاستیدەکاتەوە کە ئەو پیاوانەی کوژراون چەکداری ئاسایی نەبوون و سەرکردەی باڵای داعش بوون، کە زۆرتر خۆتەقاندنەوە هەڵدەبژێرن کاتێك دەورە دەدرێن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە."
'شەڕی کراوە لە بیابانی ئەنبار'
وتی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان لە بیابانی ئەنبار "بەردەوامن بەگوێرهی ئەو پلانە درووستەی داڕێژراوە لەگەڵ راپۆرتە هەواڵگرییەکان".
وتیشی پاشماوەکانی داعش چەند هێرشێكی تیرۆریستییان ئەنجامداوە بەمدواییانە لە شارۆچکەکانی کەرەبیلە و بەروانە لە رۆژئاوای ئەنبار وەك هەوڵێك بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانیان و پتەوکردنی ریزەکانیان.
کەربولی وتی: "بەڵام ئێمە لە شەڕێکی کراوەداین لەگەڵیاندا و هێرشەکانمان بەردەوامن لەسەر ئهو چاڵانهی خۆیان تێدا حەشارداون." جەختیشیکردەوە كه پاشماوەکانی داعش لە بەرەی بەرگریکردنەوە شەڕدەکەن و هێرشەکانیان بە شکست کۆتاییان دێت.
وتیشی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکانی پێنجشەممە "بەردەوامیدان بوون به چەند ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی کە ئەم هەفتەیە ئەنجامدران لە ناوچەکانی دیکەی ئەنبار، وەك دورگەی سەرسار، بیابانی هیت و بەغدادی". ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه داعش زیانی زۆری بەرکەوتووە لەو هێرشانەدا.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق هەینی رایگەیاند كه هێزە ئەمنییەکان 9 گوندیان لە پاشماوەکانی شهڕی دژی داعش و تەقەمەنی پاکكردۆتەوە.
سەرۆکی پۆلیسی ئەنبار، لیوا هادی کەسار رزهیج بە دیارونای وت: "هێزە ئەمنییە هاوبەشەکان نۆ گوندیان پاکكردۆتەوە لەنێوان قائیم و عەکاشاتدا تا ئامادەکاری بکرێت بۆ گەڕانەوەی دانیشتوانەکانیان."
وتی: "تیرۆریستانی داعش تەقەمەنی دەستکرد و مینیان دانابوو لەو گوندانەدا."
وتیشی هێزەکان چەندین ئهمباری ژێرزهویی چەکیان پاككردۆتهوه لە دوو مانگی رابردوودا بە پشتیوانیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
ههروهها وتی: "لانیکەم سێ تەن تەقەمەنی و تفاق و هاوەن و موشەکی دهستكردی خۆماڵی گوێزراونهتهوه بۆ شوێنێكی ئهمین بۆئەوەی لهناوببرێن."
وتی: "ئهركی داهاتوو هێنانی تیمەکانی چاکردنەوەیە بۆ ئەو ناوچانە بۆئەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان دابنێنەوە، وەك ئاو و کارەبا، بەر لە گەڕانەوەی دانیشتوانەکانیان."
دهخوازم پهیوهندی بكهم به سوپای عێراقهوه.
وهڵام بدهرهوه2 كۆمێنت
دهستخۆش بۆ ئهم زانیاریانه! خودا دهستهكانی هێزه ئهمنییه قارهمانهكان بپارێزێت! ئێمه هیوای ئاسایش و ئهمنییهت دهخوازین بۆ خهڵكی عێراقمان له ههموو تایهفه و ئایینهكان.
وهڵام بدهرهوه2 كۆمێنت