هێرشە ئاسمانیەکانی رژێمی سوریا سێشەممە 12 مەدەنییان کوشت لە بازاڕێکی پارێزگای ئیدلیب، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ چوارشەممە (22 ئایار) رایگەیاند، لەکاتێکدا شەڕی تووند لە باکوری خۆرئاوای ناوچەکە بەردەوامە.
روانگەکە رایگەیاند كه 18 کەسی دیکە برینداربوون لەو هێرشە ئاسمانیانهی لە شارۆچکەی کەفر نوعمانیان دا، کە زیاتر لەلایەن تەحریر شامەوە کۆنترۆڵکراوە، لە نیوەشەوی سێشەممەدا.
دوای بهربانگ، بازاڕەکە جەنجاڵ بوو لە خەڵك کە پیاسەیان دەکرد.
وێنەگرێکی ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند كه بۆمبارانەکە لە دەوروبەری بیناکانی ئەو ناوچەیەی دا و بەنێو پەیکەر و چادرهكانی کوشکەکانی بازاڕهكهدا شریخهی كرد.
جەستەی بازاڕكهران پارچەپارچە بوون.
خاوەن کوشکێك، خالید ئەحمەد بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "دانیشتوان هێشتا دهترسن."
روانگەکە رایگەیاند كه دوو مەدەنیی دیکە رۆژی چوارشەممە کوژران بەهۆی ئەو هێرشە ئاسمانیانەوە له نزیك مەعهرەت حیرمە و سێیەمیان لە هێرشە ئاسمانیەکانی جسر شوغوردا کوژرا.
هێرشە ئاسمانیەکان دوای پێکدادانده تووندهكان هات له پارێزگای هاوسێ، حەما، لە باکور دوای ئەوەی گروپە توندڕەوەکان دژەهێرشێکیان ئەنجامدا رۆژی سێشەممە دژی هێزەکانی سەر بە رژێم لە شارۆچکەی کەفر نەبودە.
روانگەکە رایگەیاند كه نوێترینی شەڕهكان رۆژی چوارشەممە بوونە هۆی بەرزبوونەوەی كوژراوان بۆ 52 کەس، بەجۆرێك قوربانی لەهەردوو لا هەبوون. راشیگەیاند كه توندڕەوان زۆربەی شارۆچکەکەیان گرتەوە لەدەست هێزەکانی رژێم کە لە 8 ئایار گرتبوویانەوە.
نەتەوە یەکگرتوەکان چوارشەممە رایگەیاند کە مەدەنییهكان له ئیدلیب جارێکی تر تووشی هەڕەشەی شەڕی سەرانسەری دەبنەوە.
وتەبێژی نوسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتوەکان، دەیڤد سوانسۆن وتی: "سەرەڕای هؤشدارییە دووبارەکانمان، گهورهترینی ترسهكانمان بەدیدێت."
وتی: "شاڵاوێكی سەرانسەریی سەربازی هەڕەشەیەكه بۆ خستنهوهی کارەساتێکی مرۆیی بۆ سێ ملیۆن مەدەنی کە لەنێو شەڕدان و توانای بەهاناوە هاتنیشمان ناهێڵێت."
سوانسۆن وتی زیاد لە 200,000 کەس ئاوارەبوون بەهۆی زیادبوونی تووندوتیژییهوه لە 28 نیسانەوە و 20 دەزگای تەندروستی بەهۆی زیادبوونی تووندوتیژییەوە لێیاندراوە.
تووندوتیژیی دوای راگەیاندنی ئاگربەست
چالاکوانێکی ناوچەکە وتی فڕۆکە جەنگیەکانی روسیا و یەکەکانی تۆپخانەی رژێمی سوریا چەند بەشێکی دەوروبەری باشوری ئیدلیب و حەمای باکوریان کردە ئامانج دوای ئەوەی یەکشەممە مۆسکۆ رایگەیاند کە هێزەکانی رژێم "تاکلایەنە ئاگربەستیان راگەیاندووە لە ناوچەی هێورکردنەوەی ئیدلیب".
چالاکوان لە ئیدلیب موسعەب عەساف بە دیارونای وت هێرشە ئاسمانیەکانی روسیا دەستبەجێ کەفر نەبلیان کردە ئامانج دوای راگەیاندنی ئاگربەستەکە ولانیکەم 10 مەدەنییان کوشت.
وتی جگه له کەفر نەبل، ئەو ناوچانەی بەر تۆپبارانی سەخت کەوتن گوندی ئەربەعین، سەهریە، دێر سونبول و حەوەرتەیان تێدابوو.
عەساف وتی فڕۆکە جەنگیەکانی روسیا شارۆچکەکانی حەبیت و گوندی موغر حەماشیان کردە ئامانج بە ژمارەیەك هێرشی ئاسمانی.
وتی هاوکات، زۆر پێگەی رژێمی سوریا بەر تۆپباران کەوتن لە ئیدلیبەوە، بەتایبەتی کەفر نەبودە.
وتیشی فڕۆکەخانەیەکی ژێردەستی رژێمیش لە دەوروبەری لازقیە بەر تۆپباران کەوت و شەڕی تووند دروستبوو لە شارۆچکەی حوهییز لە باکوری حەما.
ههروهها وتی گروپە چەکدارەکان، كه زۆربەیان توندڕەون، هێزەکانیان کۆدەکەنەوە لە هێڵەکانی پێشەوە دژی هێزەکانی رژێم و بە ریزی فراوانی ئۆتۆمبیلهوه دەبینرێن کە ئامرازی سەربازی و چەکدار دەگوازنەوە بۆ ناوچەی شەڕ.
وتی ئەم گروپانە ئەحرار شەرقیە، جەیش عەززە، تەحریر شام، جەبهەت شامیە، لیوای حەمزە و لیوای قەڵغانی حەسەکەیان تێدایە.
وتیشی ئەو ناوچانەی لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانی رژێمەوە گیراون لە شەڕەکانی ئەمدواییەدا، بەتایبەتی قەلعەت مەزیق لە دەوربەری حەما، جێگیرکردنێکی بەرفراوانی هێزەکانی روسیا و رژێمی سوریایان بهخۆوه بینیوه، لەنێویاندا هێزی تایبەتی نیمر.